«دوژمنایەتیەکی تری دادگای فیدڕالی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان»
ڕاژان عبدالرحمان پیرۆ
بڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق دژی هەرێمی کوردستان هەم بڕیارێکی سیاسیە و هەمیش نادەستوری، بۆیە بڕیارەکە سیاسیە چونکە ئەم دادگایە خاوەن ئیڕادەی سەربەخۆ بە خۆی نیە، لایەنگیری ئەجندایەکی سیاسی دەکات کە لە ناوەوەی عێراق درێژ دەبێتەوە بۆ وڵاتێکی هەرێمی، فەرمانی یەکەم و کۆتایی لەوێ وەردەگرن و دەکەنە بڕیار لە دژی هەرێمی کوردستان.
ئەگینا دەستوری هەمیشەیی عێراق ئەم مافەی بە هەرێم داوە و حکومەتی بەغداش دەبێ پابەندبێت وەك چۆن کە لە دەستورەکەدا هاتووە،
ئەمە جاری یەکەم نیە دادگای فیدڕالی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار دێنێت دژی هەرێمی کوردستان، پێشتریش چەندین بڕیاری دوژمنکارانەی دەرکردووە و ئامانجی سەرەکی ئەو ئەجندا سیاسیەی کە لە پشت بڕیارەکەدایە ڕوون و ئاشکرایە کە مەرامی سیاسیان ڵاواز کردنی پێگەی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستانە و چاویان بەرگەی ئەم هەموو بەرەو پێشفەچونە و گەشەسندنەی هەرێمی کوردستان ناگرێت.
شایانی باسە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی ڕێزدار «مەسروور بارزانی» و سەردانیان بۆ بەغدا بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کۆتایی هات؛
بەڵام زاڵبونی ئەو ئەجندا سیاسیەی کە ئاماژەمان پێدا وای لە دادگای فیدڕالی کرد دوور لە پرەنسیپی پێکەوەژیانی سیاسی و پرەنسیپی شەراکەتی نیشتیمانی و تەوافوق بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی عێراق بەهەند وەرنەگرێت و بکەوێتە خزمەت فەرمانی دەرەکی.
لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدات ئەویش ئەوەیە کە جیاوازی چیە نێوان دادگای شۆڕشی سەردەمی بەعسی فاشی و دادگای ئێستای فیدڕالی عێراق؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەمان ئەم دادگایە هیچ جیاوازیەکی نیە لە گەڵ دادگای شۆڕشی بەعس و بە هەمان ئەقڵیەتی شوفینیستی سەردەمی بەعس مامەڵە لە گەڵ ئەزمونی فیدڕالی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە ڕووی دەستوریەوە بەشێکە لە عێراق.
دادگای فیدڕالی دەیان پێشێلکاری پشتگوێخستووە کە لە هەمبەر هەرێمی کوردستاندا کراون، بەڵام بە هەموو شێوەیەک سەنگەری لە هەرێمی کوردستان گرتووە و هەرکاتێک دۆخی سیاسی عێراق بەرەو باشی بڕوات ئەم دادگایە دژی دەوەستێتەوە، بۆیە واباشە دەسەڵاتی سیاسی عێراق چاوێک بەم دادگایەدا بخشێننەوە و سنورێک بۆ ئەم جورە پێشێلکاریانە دا بنرێت،چونکە زەرەرمەندی یەکەم پرۆسەی سیاسی عێراقە بە گشتی.
لە کۆتاییدا پێویستە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرامبەر پرسە چارەنوسازەکاندا یەکڕیزو یەکهەڵوێست بن و هەموان پێکەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان دا خاوەن یەک گوتاری سیاسی بن و کوتایی بەم لە یەکترازانە ببێنن کە بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر چارەنوس و داهاتووی گەلەکەمان .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.