دڵی كورد بۆ كەركووك لێدەدات


نووسینی: وەفا ئەحمەد


خۆپێشاندان فرت و فێڵیك و دەنگی گشتی خەڵكە،نەك نمایش و شانۆیەكی گروپیكی تایبەت بە ئامانجی تایبەتەوە. لە بارودۆخەی ئێستای عێراق كە گۆڕینەوەی دەسەڵات لە نێوان شیعە دا نادیارە و نازانرێت بۆ نەتەوەی كورد چ چارەنووسێكی دەخوڵقێنێت،ئەوا خۆپێشاندان خیانەتێكی نەتەوەیی و دژ بە ئامانجەكانی نەتەوەی كوردە.
خۆ ئەگەر كەمیك وردبیانە بڕوانین دەبینین كە بەر لە زیاتر تۆخ بوون و زۆربوونی ناكۆكیەكان، لە سەرەتادا شیعەكان قایمەقامی كەركووكیان دەست نیشانكرد و ئیستاش لە گەڵ ئەم هەموو ناكۆكیەكانیشیانداو بەو جۆرەی كە لە دژ یەك وەستاون، دیسانیش تەنانەت لە خۆپێشاندانە گشتیەكانیشدا ئاگایان لە كەركووكە و لەوێ ئامادە بوونی كێشە و ناكۆكی كەمترە بۆ ئەوەی نەكە لە كەركووكیش كوردەكان بڕژێنە ناو شەقامەكاندا و بیرو ڕای خۆیان بە خۆپێشاندان نیشان بدەن.
لەم هەڵومەرجەدا ئایا ئەمە ڕەوایە و مەنتیقییە كە بە گوێی شیعەكانی عێراق كە وا خەریكە یەكتر دەخۆن بكەین؟؟؟ و بە خاتری خەڵكی كەركووك و هەموو ناوچە دابڕاوەكان و بۆ پاراستن و پارێزگاری لەو ئاسایشەی كە هەیە و بۆ پێشاندانی هێزمان لەوەی كە بە شیعەكان بڵێین ئەم نمایش و خۆپێشاندانەی هێزی ئەوان هیچ كاریگەرییەكی بەسەر ژیانی ئاسایی ئێمەوە نییە، چونكە ئیمە كوردین و سیستەم و بیركردنەوەیەكی جیاوازی ژیانمان هەیە و لایەنگر و پیڕەوی كلتوور و ئایین و مەزەب و جیاوازی و ناكۆكیەكانیان نین، ئێمە سینگ ناكوتین و لەم گەرمایەدا خۆپێشاندان ناكەین، ئێمە ئاقلانەتر كاردەكەین.
ئێمە ئەمجارە هەوڵدەدەین لە پێش سنددوقەكانی دەنگدان هەڵبژاردنێكی ئاقلانەتر و باشترمان هەبێت بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی چالاكتر و جەماروەری ترمان هەبێت. هەر كوردێك كە بەڕاستی هەستی نیشتیمان پەروەریی هەبیت و خاك و وەڵاتی خۆی خۆش بوێت، لەم هەڵومەرجەی ئێستادا هەرێمی كوردستان ناكات بە گۆڕەپان و بەشێك لە ناكۆكیەكان و شانۆگەریەكانی خۆ دەرخستنەكانی شیعەكان. خۆپێشاندان لەگەڵ ئاژاوەگیڕیدا جیاوازە.
شیعەكان ئەم خۆپێشاندانانە تەنیا و تەنیا بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەسەڵات لە تاخم و گروپیك بۆ تاخم و گروپێكی تر بەكاردێنن، واتا مەبەستیان تەنیا دەستاودەست كردنی دەسەڵاتە لەولاوە بۆ ئەملاوە، هەمووی ئەمانەش سەبارەت بە هەرێمی كوردستان هاوڕان و یەك بۆچوونیان هەیە بەم جیاوازییە كە تووندڕە و میانەڕەویان تێدایە، ئەگینا لە ئامانج و كردەوەدا لە هەمبەر هەرێمی كوردستان یەكگرتوو و هاودەنگن.بۆیە ڕەوایە و دەشبێت هەر وا بێت كە ئێمەی كوردیش هاوڕا و هاودەنگ و یەك دەنگ و یەكگرتوو بین و بە پاراستنی ئاسایش و هێمانایی ڕێگە لەو كەسانە بگرین كە بە دوای فیتنەنانەوە و دووبەرەكی و ئاژاوە گێڕین.
با لە بیرمان نەچێت كە ناو ئاسایش و هێمنایەتی گفتووگو و كۆبوونەوەكاندایە كە لێكتێگەیشت دروست دەبیت، لە ئیستاشدا كە پارت و لایەنە سەرەكیەكانی كوردستان بە شیوەیەكی دۆستانە وا خەریكی گفتوگۆ و دانیشتنن و هەول دەدەن هەر چۆنیك بێت و لە هەر بارودۆخ و هەڵۆمەرجیكدا ناكۆكیەكان بەرەوە ڕووبەرووبوننەوە و شەڕ و جەنگ نەڕوات.ئێمە نابێت هەرگیز سەنگەر و بەرەی شەڕ بۆ دوژمن چۆڵبكەین، خۆپێشاندان لەم بارودۆخەدا و لە ژێر هەر ناونیشانێك بیت، خیانەتێكی بە خوێنی شەهیدانی خاك و وەڵاتمان.
دیزاینی ئەم پۆستەش لە لایەن هاوڕێێ و هونەرمەندی ئازیزی كەركووكیم ئەنجام دراوە و زۆر سوپاسی دەكەم و پێی دەڵێن دڵی هەموو كوردیك بۆ كەركووك لێدەدات.
((وەفا ئەحمەد-2022))

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.