دۆتمیر نازێ ; پرس بە كەسانی شارەزای بواری هونەری كوردی دەكەم

دۆتمیر نازێ یەكێكە لەو كچانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە سەرەڕای بچووكیی تەمەنی ئێستا لە سەرەتای كاروانی هونەرییایە، بەڵام بەو كارانەی پێشكەشی كردوون شوێن پەنجەی دیارە و، ئەگەر بەردەوام بێت لە داهاتوودا دەبێتە یەكێك لەو ئافرەتە هونەرمەندانەی كە خزمەت بە هونەری رەسەنی كوردی دەكەن.

دوتمیر كە خەڵكی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ئێستا لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبات، سەبارەت بە هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانییەكانی، ئاماژە بەوە دەكات كە لە هەڵبژاردانی هەر كارێكدا پرس و راوێژ بە كەسانی شارەزای بواری هونەری دەكات، لەم بارەوە دەڵێت: «من لە سەرەتای كاروانی هونەریدام و تا ئێستا خۆم هێشتا بە منداڵ دەزانم لە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردیدا، بۆیە لە هەموو كارێكی هونەریمدا سەبارەت بە هەر گۆرانییەك كە لە چ ئاستێكدایە و تا چەند لەگەڵ دەنگی من دەگونجێت، پرس بە كەسانی شارەزای بواری هونەری كوردی دەكەم، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنێكیان لەو بوارە بەسەربردووە و شارەزای تەواویان لە ئاوازدانان هەیە، سەبارەت بە تێكستی گۆرانییەكانیش، من ئەوانە هەڵدەبژێرم كە خۆمی تێدا ببینمەوە و لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازیی لێ دەكرێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەی راوێژ بە كەسانی شارەزا دەكەم».

سەبارەت بە پاراستنی مافی هونەرمەندانی كورد وەك هونەرمەندانی هەموو وڵاتان و پێشێل نەكردنی، دۆتمیر دەڵێت: «بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە لە هەموو روویەكەوە مافی هونەرمەندی كورد بە هیچ شێوەیەك ناپارێزرێت، هەروەها كەسانێك هەن ئەگەر بیانەوێ كەسێك پێش بخەن، ئەوا بە هەموو شێوەیەك یارمەتیی دەدەن و لە بەرامبەردا كەسانی دیكە دەخەن، من نازانم ئەمە لە بەرامبەر چییە، بەڵام ئەو جۆرە كارانە هەیە، من وەك دۆتمیر تا ئێستا لە قۆناغێكی دیاریكراوی هونەریدام».

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.