دۆستی کورد ئەم جارە لەگەڵ کورد نەبوو
نەوزاد محەمەد
هەموومان پەرۆشی ئەوە بوین و بە گەرمیەوە چاوەڕێی ئەو هەواڵەمان دەکرد کە پەرلەمانی فەرەنسا دەنگ لەسەر پرسی بە کۆمەڵکوژی کورد لەسەر دەستی رژێمی پێشوی عیراق بدات و پەسەندی بکات، دەستکەوتێکی تردەبو بۆ کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
بەڵام بەداخەوە دەنگی لەسەر نەدرا، بۆ کوردستانیان چاوەروان نەکراو بوو و دڵگران و نیگەرانی کردن و بە لە دەست دانی دۆستێکی نزیکی وەکو فەرەنسا لە قەلەم درا.
ڕاستە وەڵاتی فەرەنسا بە دۆستی کورد ناسراوە، سەرۆکی پێشوتری فەرەنسا فرانسوا میتیران و هاوسەرەکەی دانیال میتیران باشترین دۆستی کورد بوون و ڕۆڵی کاریگەر یان هەبوو لە پاراستنی گەلی کورد لە باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١.
دواتریش سەرۆک و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فەرەنسا لەسەر هەمان هەڵوێست بەردەوام بوونە لە دۆستایەتی کورد، چ وەکو تاک یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەکاندا.
سیاسەت بە عاتیفە ناکرێت ..
سیاسەت چەند پێناسەیەکی بۆ کراوە، لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆی وڵاتان و سیاسەتی دەرەوە، بەڵام سیاسەتی دەرەوە جیاوازترە، لە بنەرەت دا وەکو ئامرازێکە بۆ بەستن و رێکخستنی پەیوەندی و پاراستنی بەرژەوەندیەکان، هەموو بوار و فۆرمەکان دەگرێتەوە لە دیبلۆماسی و ئابوری و لەشکری و هتد… ، کار بو بە دەست هێنانی کارتی فشار و باڵا دەستی دەکات.
سیاسەت هەندێک جار دەبێتە ئامرازێکی قیزەوەن و توند و دوور لە عاتیفە و مرۆڤایەتی و لەوانەیە لە زۆر پرس دا بەرژەوەندی هەندێک وڵات لەسەر حسابی گەلانی تر بێت و گەلانێک بکرێنە قوربانی لە پێناو هەندێک بەرژەوەندی کاتی کە قۆناغەکە وا دەخوازێت.
کێن ئەوانەی دەنگیان لەسەر نەدا ؟.
گومانی تێدا نیە لە تەواوی وڵاتانی جیهان بەرەی چەپ و ئەوانەی پەیرەوی ئایدیای فاشیزمی و پۆپۆلیستی دەکەن هەن، کە ئەم ئایدیایەش ناکونجێت لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی گەلان، مافی زۆربەی گەلانی جیهان دەخاتە ژێر پێ، کاتێک ئەم جۆرە بەرە سیاسیانە دەبنە زۆرینەی پەرلەمانی و دەتوانن ئاراستەکان بگۆڕن، ئەوە پرسێکی وەکو کۆمەڵکوژی کورد ئەوەندە گرنگ نابێت بۆیان.
دەبێ ئەوەش بزانین، ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی لەگەڵ کورد کراوە، زیاتر لە چوارچێوەی ستراتیژیەت و بەرژەوەندی وڵاتان بووە، هەر کاتێک ئەو بەرژەوەندیانە ئاراستەیەکی تر وەربگرن و فاکتەری مانەوەیان لاواز ببێت، ئەوە گۆڕانگاری بەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانیان دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە، ئیسلامی سیاسی و ڕۆڵگێرانە نەرینیەکەی لە هەرێمی کوردستان، کە لە لایەن رۆژئاوا وە و بە تایبەت فەرەنسا وەکو هەرەشە دەبیندرێت بۆ سەر بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیەکان، هەروەها ئەوانەی بونەتە ئامرازی دەستی بەرەی تر و لە دژی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا وەستاون، خاڵێکی ترە کە فەرەنسا حسابی بۆ بکات و هەڵوێستی نەرینی وەربگرێت.
لێرەوەش بۆمان دیار دەبێت کە ئەرکی سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند قورسە، لە پاراستنی پەیوەندی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکان، یان بەستنەوەی بەرژەوەندی وڵاتان بە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانەوە و بە دەست هێنانی پشتگیری یان و نیشان دانی هەرێمی کوردستان وەکو سەنتەرێکی ستراتیژی لە ناوچەکە، کە ئەمەش پێویستی بە ستراتیژی و معادلاتی هەمە لایەن هەیە.
- نڤیسەرێ هێژا دکاری ئەو ناڤێ خۆ لخارێ هاتیە نڤیسین هەموو بابەتێن خۆ ببینی …. دگەل رێز
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.