دۆسیەی شەهیدانی دەستی داعش چووە سەر وەزارەتی دارایی

بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە چاكسازییەكان بەردەوامییان هەیە و لە نوێترین بڕیاریشدا دۆسیەی شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش كە تا ئێستە مووچەكانیان وەردەگرت، چووە سەر وەزارەتی دارایی و چیتر شەهیدانە وەردەگرن.

ئەمڕۆ شەموو شەشی تشرینی دووەم، عەبدولحەكیم خەسرەو سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، چاكسازییەكانی كابینەی نۆ بەردەوامی هەیە، نوێترین كارەكانیش ئەوەیە دۆسیەی شەهیدانی شەڕی تیرۆر، تەواو بووە و چووەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەمەودوا شەهیدانە وەردەرگرن.

هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا هەزار و 133 شەهیدی داوە، ئەوانە تا ئێستە لەسەر وەزارەتەكانی خۆیان كە زۆرتر پێشمەرگە بوون، مووچەكانیان وەردەگرت و دۆسیەی شەهیدیان بۆ نەكرابووەوە، وەك هاوكارییەك بۆ ماڵباتەكانیان، بەڵام كابینەی نۆ كارەكانی تەواو كردن و بوون بە شەهید.

سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لەبارەی چاكسازییەكانی حكوومەت لە وەزارەتی پێشمەرگە، ددانی بەوەدا نا كە تا ئاستێك جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە. ئەوەیش وەك خەسرەو گوتی، “پێوەستە بەو چاكسازییانەی كە هاوپەیمانانیش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەیكەن و هاوتەریبن، هاوكات هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، مەرجی چاكسازیی لەگەڵ دانراوە”.

ئەو بەرپرسەی حكوومەت كە هەر خۆی سكرتێری لیژنەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیشە، ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەم هەفتەیەوە دەست دەكەن بە دروستكردنی كۆدی بێ هاوتا بۆ 46 هەزار پێشمەرگە لە لیواكانی سەربە وەزارەت دەگرێتەوە، كە قۆناغێكی گرنگی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.