دەورانی سەختی داکشانی ئابووری، هاوکاری گەرەکە
حوسێن کوردنەژاد
ئێستا کە ئابووریی جیهان لە داکشاندایە و لە زۆربەی وڵاتاندا زۆربەی نیشاندەرەکان ڕوویان بەرەو خوارەوەیە و لە داهاتووی نە زۆر دووریشدا دیار نییە چ ڕووداوێکی ماڵوێرانکەری تر ڕوودەدات، بارودۆخی ناوچەی ئێمە و بەتایبەت عێراق لەوپەڕی قەیراندایە و بەرنامە ئابوورییەکانی دەوڵەتی عێراقیش شکستیان هێناوە و وەزیری بەرپرسیش لەبەر شکستهێنانی، مەیدانی چۆڵکرد. بۆیە ژیان قورستر دەبێت و لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا بە تایبەت بۆ گەنجان ژیان زەحمەتتر دەبێت.
لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا هەتا ئابووری جارێکی تر بەرەو هەڵکشان بڕوات، ئەرکی سەرەکی دوو دانەن: یەکەمیان ئاسانترکردنی گوزارە لەم ماوە زەحمەتە و دووەمیان بریتییە لە خۆئامادەکردن تا لە کاتی هەستانەوەی ئابووریدا ئامادە بین، تاکو بتوانین هەم بەشداربین و هەمیش کەڵک لە دەرفەت وەرگرین.
بۆیە دایک و باب و خوشک و برا، هەموو یان هەر کەسە بە گوێرەی توانا هەوڵ بدەین ژیان بۆ یەکتر ئاسانتر بکەین. لێرەدا دوو خاڵم پێ شک دێت کە گرنگن: یەکەمیان پرسی هاوسەرگیری ئەوەندەی بکرێ ئاسانتر بکرێت، لەبەر ئەوەی لە داکشانی ئابوریدا هاوسەرگیری زۆر زەحمەتتر دەبێ و کۆمەڵگە و گەنجان زۆر ئازار دەبینن. بۆیە هەل و مەرجی هاوسەرگیری ئەوەندەی بشێ ئاسانتر بکرێت و ئەوەش پێویستی بە هیممەتی هەموومانە؛ بەتایبەت دایک و بابان یارمەتیدەر بن بۆ گەنجان.
دووەم، پرسی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان و خانەوادەی تازە پێکهاتوو زۆر گرنگە. لەم بوارەدا دامەزراندنی کۆمپانیای حکوومی بۆ بیناسازی کە بتوانێ ئاپارتمان و خانوو بۆ بەکرێدان سازبکات، هەنگاوێکی ستراتیژییە.
خاڵی دیکەی گرنگ کە زۆر جاران باسمان لێوە کردووە، ڕەخساندنی بواری خوێندنی زبانی ئینگلیزی و خوێندنی پیشەیی بەکوالیتییە، تاکوو گەنجان خۆیان بۆ ئێستا و داهاتوو ئامادە بکەن. ئەم بارودۆخە نالەبارە پێویستە ناچارمان بکات بە ئەولەوییاتی خۆماندا بۆ ئیدارەی وڵات بچینەوە.
2022-08-17
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.