دەولەتێک لە خەیاڵ

نەوزاد محەمەد

لای هەموومان روونە کە بنەماکانی دەولەت بوون پێک هاتوون لە نەتەوەو و خاک و زمان و مێژوو و کەلتور و هەندێک هۆکاری تری ئابوری و جیوپۆلۆتیکی.

گەلی کورد وەکو نەتەوەیەکی خاوەن ماف لە دامەزرانی دەولەت و هەبوونی تەواوی مەرجەکانی دەولەت بوون، بەڵام تا ئێستا بێ دەولەتە، هۆکارەکانیش دابەشکردن و داگیر کردنی خاکەکەیەکی لە لایەن ژماریەک لە دوژمنانەوە، کە جگە لە داگیرکردن هەوڵی لەناوبردن و قرکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن و دوری دەخەنەوە لە چوارچێوەی بوون بە دەولەت.

لە جالدیرانەوە ساڵی ١٥١٤ و تا ئەمرۆمان گەلی کورد لە سەنگەری خەباتی راستەقینەی نەتەوەیی دایە لە پێناو رزگار کردنی خاکەکەی و دامەزراندنی دەولەتی کوردی وەکو مافێک لەسەر عەردی واقع، سەرەڕای قوربانیدانێکی زۆر بەڵام دەستی لە خەبات بەرنەداوە و باوەری تەواوی بە دۆزی خۆی هەیە.

چەسپاندنی روحی بەرگری و دادپەروەری دۆز لە ناخی تاکی کورد دا، ئەرک و زەرورەتێکی قۆناغەکانی خەبات بووە لە پێناو بەردەوام بوون و کوڵنەدان تا گەیشتن بە ئامانجەکان.

ئەوەی بەرچاومان کەوت لەم دواییەدا، هەندێک چالاکی و ڕاگەیاندن لە سوشیال میدیا دا بە ناوی دەولەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە!، کە بە ڕاستی سەرنجی ڕاکێشاین و توشی جۆرە سەرسورمانێکی کردین.

لەگەڵ رێزم بۆ خەبات و تێکۆشانی برایانی ڕۆژهەڵات، بەڵام هەروەکو خۆشیان دەزانن دەوڵەت لە دورە وڵات دانامەزرێت، ئەوەی دەرکرێت وەکو ئەوە وایە دەولەتێک لە خەیاڵ دروست بکەیت و خۆت بخەیتە ناو وەهمێکی گەورەوە دور لە عەقل و مەنتق و لوژیک و عەردی واقع.

پێم وابێ ئەم جۆرە کارو و چالاکیانە ڕای گشتی کوردی بەلاریدا دەبات و دوری دەخاتەوە لە سەنگەری ڕاستەقینەی خەبات لە پێناو رزگاری نەتەوەیی و دەولەت بوون و مێشکی تاکی کورد پر دەکات بە بوونی دەولەتێک لە خەیاڵ.

ئەم جۆرە چالاکی و ڕاگەیاندنانە، بە شێوەیەکی نەرینی کار دەکەنە سەر دەرون و سایکولۆژیای تاکی ڕۆژهەڵاتی بە تایبەت و کورد بە گشتی و لە وورە و هێزی کەم دەکەتاوە، چونکە کە ناوی دەولەت دەبیسترێ واتا گەیشتن بە ئامانجەکان و ساردبونەوە لە خەبات و کەوتنە ناو ئەو بازنەیەوە، دوریش نیە لە ئایندە کارتێکردن بکاتە سەر هزر و بیری سیاسی کوردی و بە لاریدا ببات.

ئەوەی ئێستا لە دەست گەلی کورد دا هەیە لەسەر عەردی واقع کە دەبێ پشتی پێ ببەسترێت و کاری بۆ بکرێت، قەوارەی هەرێمی کوردستانە، ئەو پێگەیەیە کە گەلی کورد بە گشتی دەتوانێت وەکو سەنتەرێک لێی کو ببنەوە و پلانی هەنگاوەکانی خەبات بۆ ئایندە دەست نیشان بکەن، تەواوی ستراتیژی و پلانی خەباتی سیاسی و چەکداری لەو سەنتەرە دابرێژرێن و سەرچاوەی هێز و یەکگرتن بێت لە تەواوی کوردستانی گەورە.

گومانمان لەو ڕاگەیاندن و چالاکیانە هەیە بە ناوی دەولەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە، کە ببێتە هۆی زیاتر پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد و زیاتر خزمەت بە ئەجنداکانی دوژمنانی کورد بکات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.