دەوڵەت بوون و دەستی خیانەت….
نەوزاد محەمەد
بۆ ئەوەی نەتەوەیەک بتوانێت بگاتە ئامانجی سەربەخۆیی و ببێت بە دەوڵەت، دەبێت هەندێک بنەما لە خۆ بگریت، وەکو ( خاک ، مێژوو ، زمان ، کەلتور ).
جگە لەوەی ئەو نەتەوەیە، ئەگەر خاوەن مێژوویەک بێت لە خەبات و قوربانیدان، ئەگەر خاکیان داگیر کراو بێت و لە پێناوی ئازادی جەنگابێت، دووجاری سەرکوت کردن و چەوسانەوە بوبێت، ئەوە زیاتر شایستەی دەوڵەت بوونە.
لە کاتی دەستەبەر بوونی ئەم بنەمایانە، ئەوە مافێکی سروشتی و ڕەوایە بۆ هەر نەتەوەیەک هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بدات.
لە لایەکی ترەوە، لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە پەیمانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مافی ئەوە دراوە بە هەر نەتەوەیەک کە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی بدات.
بێ گومان لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش دەبێ ئەوە بسەلمێندرێت، کە ئەو وڵاتە نوێیە ئامادەیە پابەند بێت بە رێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان، ئاشتی جیهانی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، رێز گرتن لە ئاین و نەتەوەکان، بتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ خۆی فەراهەم بکات.
لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە دەتوانرێت بە دوو ئاراستەوە دان بە دەوڵەتی نوێ بنرێت، یان ئەوەیە کە پەیدا بوونی ئەو دەوڵەتە ئەمری واقعە و دانی پێدا بنرێت، یانیش بە ڕێکاری دیبلوماسی.
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەر نەتەوەیەک کە هەوڵی سەربەخۆیی دەدات، خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە یەکریزی و کۆ دەنگی تێدا هەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر خیانەتی تێدا هەبوو، تەواوی مەرجەکانی دەوڵەت بوون دەسڕێتەوە و دەرفەتی بە دەست هێنانی سەربەخۆیی لاواز دەکات و قۆناغێکی خەبات بە فیڕۆ دەڕوات.
لەبەر ئەوەی، لە لایەک، دەستی خیانەت بە پشتگیری دەستی دەرەکی خیانەت دەکات، بێ گومان ئەو دەستە دەرەکیە دەستی ئەو دوژمنانەیە کە پێشتر هەوڵی سەرکوت کردن و چەوسانەوەی ئەو نەتەوەیان داوە، هەروەها لە دژی سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوونی ئەو نەتەوەیە وەستاون، بۆیە دەستی خیانەت بەو شێوەیە ئاراستە دەکەن کە دژی هەوڵەکانی سەربەخۆیی بن و زیاتریش بە رێگای نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی و کار کردن لەسەر شێواندنی کەلتور و داب و نەریت و بێ بەها کردنی پیرۆزیەکان و هەوڵی بەلاریدا بردنی ڕای گشتی دەکرێت، تا دەکاتە پیلان رشتن لە دژی پرۆسەی سیاسی و بوژانەوەی ئابوری و سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش.
لە لایەکی تریشەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەوێتە گومان، بە بەرژەوەند نازانێت پشتگیری فەرمی و دیبلوماسی لە نەتەوەیەک بکات کە کێشەی ناخۆیی هەیە و لەوانەیە لە داهاتوو نەتوانن وڵاتێکی سەقامگیر بونیات بنێن، ئەوەش کێشەیەکی هەرە گەورەیە و لەوانەیە بۆ چەند دەیەیەک کاریگەری نەرینی بکاتە سەر هەوڵەکانی سەرخۆیی.
ئەو واقعەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەرچاو دەکەوێت و ئەو ڕاستیانەی کە حاشا هەڵنەگرن لەسەر هەبوونی دەستی خیانەت، رێک ئەوەیە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد.
خیانەتێک تەواوی سنورەکانی بەزاندووە لە دژایەتی کردنی پرسی نەتەوەیی گەلی کورد و هەنگاوەکانی بۆ پێشەوە بردنی پرسی نەتەوەی، خۆ بەدەستەوە دان و بونەتە جاشی ئیقلیمی و بە کرێگیراو بە دەست دوژمنانەوە.
بونەتە کۆسب لەبەر دەم گەیشتن بە ئامانجێکی هەرە گەورە کە کەرامەتی و شکۆی گەلی کورد دەپارێزیت، ئەویش دەوڵەت بوونە.
زیاتر سەدەیەک لە خەبات و قوریانیدان، مێژوویەکی پریەروەری، خاکێکی پیرۆز، هەوڵەکان نیشاندانی رووی جوان و سارستانی و حەزی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی و بەدەست هێنانی رەزامەندی نێودەڵەتی، وا خەریکە دەکرێتە قوربانی.
لێرەوە ئەو قەناعەتەمان بۆ دروست دەبێت، تا دەستی خیانەت هەیە، گەیشتن بە هیوا و ئاواتەکان لە ئازادی و سەربەخۆیی و ژیانێکی سەربەرزانە ئەستەم دەبیت، بۆیە تاکە چارە و تاکە ڕێگا گەڕانەوەیە بۆ رێزی گەل، یانیش بڕینی دەستی خیانەتە بە یەکجاری.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.