د. چنار سەعد عەبدوڵڵا : ئاكامی ڕاپرسییەكان پێمان دەڵێت گەنج لێمان ڕازی نین و دەبێت بەرنامە و پلانمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان هەبێت
▪ د.چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی دیراساتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمجۆرە ڕاوبۆچوون و ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی گەنج و فەراهەمكردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی خستە ڕوو.
سوپاس بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەو ساتەی خەریكە دیالۆگ و گفتوگۆ تووشی قەیران دەبێت، هەستاوە بە دروستكردنی «بازنەی گفتوگۆ» بۆ ئەوەی پانتاییەك بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ فەراهەم بكات. ڕاستە لە كوردستان كێشە زۆرە، بەڵام ئەگەر بتوانین بوێرانە گفتوگۆ بكەین، دەتوانین خاڵی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزینەوە.
لێرەوە ئەگەر لەسەر ئاكامی ئەم ڕاپرسییە قسە بكەم، پێشەكی زۆر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، لەبەر ئەوەی زۆر بە بوێرانە ئەنجام دراوە و كۆمەڵێك پرسیاری زۆر گەوهەری و گرنگ ورووژێنراون، هەر بۆیە منیش وەك پاڵپشتییەك بۆ ئاكامەكانی ئەو ڕاپرسییە دەخوازم كۆمەڵێك ئامارتان پێشكەش بكەم.
بەداخەوە ئێمە لە وڵاتێكین زۆر زەحمەتە بتوانین ئاماری دروست بەدەست بهێنێن، بەڵام هەوڵم دا هەندێك ئامار كۆ بكەمەوە و ئامارەكانیش بەمجۆرەن:
– بەپێی داتای دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ڕێژەی گەنج لە كوردستان 39.5% پێكدەهێنن، ئەم داتایە جێگەی دڵخۆشییە كە پێمان دەڵێت كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی گەنجە.
– لە ماوەی ساڵانی 2014-2021 ژمارەی ئەو قوتابیانەی تەنیا لە پەیمانگا و زانكۆ حكوومییەكان خوێندنیان تەواو كردووە، ژمارەیان 916239 بووە، كە ئەم ژمارەیە ئەوەمان پێ دەڵێت، نزیكەی یەك ملیۆن گەنجی دەرچووی زانكۆمان هەیە، ئەگەر لەسەر ئەم ژمارەیە گریمانەی ئەوە بكەین كە 50% یان لە كەرتی تایبەت هەلی كاریان دەستكەوتووە، ئەوا مانای ئەوەیە لانیكەم 500 هەزار گەنجی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانمان بێكارن.
– بەپێی داتاكانی ڕاپرسییەكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان 30%ی گەنجەكانی كوردستان خواستی ئەوەیان هەیە كۆچ بكەن و كوردستان بەجێ بهێڵن و بەشی زۆریشیان دەیانەوێت نەگەڕێنەوە و لە وڵاتێكی دیكە نیشتەجێ بن.
– بەپێی ئامارێك كە لە ساڵی 2021 بڵاو كراوەتەوە، ڕێژەی بێكاری لە عێراقدا 14.2% ــە، ئامارێكی دی دەڵێت ڕێژەكە لە هەڵكشاندایە و نزیك بووەتەوە لە 27%، لە هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئامارێك ڕێژەی بێكاری 16% بووە، ئەم ئامارەش لەبەر كۆمەڵێك تەنگژەی یەك لە دوای یەك و قەیرانی دارایی ڕەنگە ئەم ڕێژەیەش زیاتر هەڵكشابێت.
– بەپێی ئاماری دەستەی ئامار و ڕاپرسییەكانی هەرێمی كوردستان ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای سلێمانی 4.5%، هەولێر 6.7%، دهۆك 8.5% ـە، لەم ئامارەوە تێدەگەین كە ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای دهۆك لە پارێزگاكانی دیكە بەرزترە.
لێرەوە ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی ئەم داتایانە بمانەوێت ناخی ناڕەزایی و ڕەخنەی گەنجەكانمان بخوێنینەوە، ئەوا ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن: گەنجی ئێمە لە دۆخێكی دەروونیی شپرزەدا دەژی، كۆمەڵێك ئومێد و چاوەڕوانیی هەیە، خوێندنی تەواو كردووە و چاوەڕێی ئەوەیە هەلی كاری دەست بكەوێت، كە سادەترین مافە بۆ ئەوەی كار بكات، چاوەڕێی ئەوەیە داهاتی باش بێت و خێزان پێكبهێنێت و شوێنێكی نیشتەجێی هەبێت، تێیدا بژی، بۆیە كاتێك ناتوانێت ئەم ئومێد و چاوەڕوانییانەی بۆ بێتەدی، ئەوا زۆر ئاساییە لە هەموو ڕاپرسییەكاندا ڕەخنەی گەنجان زۆر ڕادیكاڵ و توند بن.
ئەوەی شایەنی ئەوەیە هەڵوەستەی جددی لەسەر بكەین، ئەوەیە حزبە سیاسییەكان خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی ئەم كێشە گەورەیە هێناوەتە دەرەوە و تەنانەت ئەو لایەنانەشی لە حكومەتدا بەشداریی ڕاستەقینە و سەرەكیشیان هەیە، گوتاری سیاسیان بەو جۆرەیە كە ئەوان لەو دۆخە بەرپرسیار نین، بۆیە لێرەدا گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەوە ئامادەبكات كە چارەسەركردنی پرسی گەنج بكاتە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بیكاتە ئەولەوییەتی بەرنامەی ئەو هەڵبژاردنەی كە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
لە دوماهی ئەم گفتوگۆیە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەموو بیربۆچوونانە خرانەڕوو و، بۆ ئەوەی ئاكامێكی باش بەرهەم بهێنێن، ئەوا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە گەنج سەرمایەیەكی مرۆیی زۆر گرنگ و داینەمۆ و داینامیكی جووڵەپێكەری كۆمەڵگەكەمانە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و هێزی كار ..هتد، ئاكامی ڕاپرسییەكەش ئەوەی پێی گوتین كە گەنجی كوردستان لێمان ناڕازین و گرفتی سەرەكییشیان بێكارییە، ئەم تێڕوانینەش لەوە سەرچاوە دەگرێت، كە بەشداربووانی ڕاپرسییەكە بەشی زۆریان ئاماژەیان بەوە كردووە كە بارودۆخی دارایی و ئابوورییان لە نێوان باش و مام ناوەندە، بەشێكی زۆر كەم دەڵێت خراپە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەژاری حاڵەتێكە و بێكاری حاڵەتێكی دیكە، بۆیە كە دێینە سەر بێكاری بەشی زۆریان كێشەیان بێكارییە.
هاوشان لەگەڵ چارەسەری گرفتی كار، زۆر گرنگە زەمینەیەكی لەبارتر بۆ بەشداریی گەنجان لە پرۆسەی سیاسی و لە كاری سیاسی فەراهەم بكرێت، چونكە هەتا ئەگەر بتوانین دەرفەتی هەلی كاریش بۆ گەنجان دابین بكەین، بەڵام ئەگەر نەتوانین ژینگەیەك فەراهەم بكەین، گەنج خۆی لە ناو كایەی سیاسی و ئیداری و حوكمڕانی ببینێتەوە، ئەوا هەست بە بوونی خۆی ناكات.
دوا پەیامم لەم دیالۆگە ئەوەیە ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین، كە بەهای تازە سەرهەڵدەدەن، هەر بۆیە وەك دكتۆر سەردار ئاماژەی پێ كرد، كاتێك دامەزراوەكانی دەوڵەت ڕەنگدانەوەی ئەو بەهایانە نەبێت و بە یاسا ئەو بەهایانە نەپارێزێت، ئەوا بەها كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان كاڵ دەبنەوە، ئەوەش جۆرێك لە سەرگەردانی و نائومێدی لەناو كۆمەڵگە دروست دەكات و، نائومێدی و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی زیاتر دەكات، ئەمەش دەبێتە ژینگەیەكی تەندروست بۆ زیادبوونی تاوان و زیادبوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، هەر بۆیە گرنگە هەوڵەكان بۆ ئەوە بێت، دامەزراوە مەدەنییەكانی كارگێڕیی وڵاتی خۆمان بەهێزتر بكەین بۆ ئەوەی ئەو بەهایانەی لەو دامەزراوانە بەرجەستە دەبن و دەپارێزرێن ببنە جێگرەوەی بەها كلاسیكییەكان و كاڵ نەبنەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.