روما ، بەراز بووەتە هۆی بێزارکرنی خەلک

دەزگەهێ مێدیایێ زێ بادینان:

ئێرە شاری رۆمای ئیتاڵیایە. بەرازە کێوییەکان شاخ و دارستانەکانیان جێهێشتووە و لەسەر شەقامەکانی شاردا دەگەڕێن، بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە، بەرازەکان لە برساندا هاتوون و لە زبڵدانەکاندا بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن. وێنەگرتنی بەرازەکان لە رۆما و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە شتێکی باو لەلای بەشێک لە خەڵکی و هاوکات بڵاوبوونەوەی بەرازەکان بووەتە هۆی بێزارکردنی بەشێکی دیکە لە خەڵکی ناوچەکە. گرازیا، دانیشتووی رۆمایە و دەڵێت، “ئەمە ناکرێت. ئەمە قبووڵکراو نییە. من دەترسێم لە شەقام بپەڕمەوە بۆ ئەوەی زبڵ و خاشاک فڕێبدەم، چونکە زبڵدانەکە لەو لای شەقامە و دەترسم ئەگەر بچم بەرازەکان پەلاماری من بدەن.” زبڵدانە بەسەریەکدا رژاوەکانی رۆما سەرنجی بەرازەکان رادەکێشن بۆ ئەوەی خۆیان و خێزانەکانیشیان بێنن کە بۆ کۆکردنەوەی خواردن هەموو پارک و کۆڵانەکانی شاری رۆما دەگەڕێن. لەکاتێکدا شارەکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی لۆکاڵی ئامادە دەکات کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم ئەنجامدەدرێت، بەرازە کێویەکان وەکو چەکێکی سیاسی بۆ رەخنەگرتن لە پارێزگاری ئێستای شارەکە بەکاردەهێندرێن. کە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە بەهۆی کەڵەکەبوونی زبڵ لەسەر شەقامەکان.  بەگوێرەی دامەزراوەی کشتوکاڵیی نەتەوەیی ئیتاڵیا، زیاتر لە دوو ملیۆن بەرازی کێوی لە ئیتاڵیا هەن، کە رێژەکە لە 15٪زیادیکردووە بە بەراورد بە کاتی پێش کۆرۆنا.  ستێفانۆ ماسینی، بەڕێوەبەری ژینگەیی لە دامەزراوەی کشتوکاڵیی نەتەوەی دەڵێت، “ژمارەی بەرازەکان ئێستا بۆ سەروو دوو ملیۆن بەرزبوونەتەوە. کۆرۆنا ئەم دیاردەیەی زیادکرد، چونکە ئێمە سەنتەری شارەکانمان چۆڵکرد، بەمەش زۆر گیانەوەر، نەک هەر تەنیا بەراز، هاتنە نێو شار و ئەو شوێنانەی خەڵک لێی نیشتەجێن.” هەر بەگوێرەی دامەزراوەی کشتوکاڵیی ئیتاڵیا، بەرازەکان تەنیا نەبوونەتە کێشە بۆ شارەکان، بەڵکو زیانی زیاتریان بەر گوندەکان دەکەوێت، بە شێوەیەک جووتیارانی ئیتاڵیا ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ زەرەرمەند دەبن کە ئەمەش بەهۆی بەرازە برسییەکانەوەیە کە شەوان دێن و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەگەڕێن بۆ خواردن. بەپێی توێژینەوەکانیش لە ساڵی 2020 دا، لە هەر 24 کاژێردا بەرازەکان بوونەتەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ کە بە کۆی گشتی 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 کەسیش برینداربوون.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.