رۆژی ئاڵای کوردستان،شکۆی نەتەوەی کورد.
دهۆک بەرۆژی :
کاتێک وێنەیەکی جوان پێشکەشدەکەی لەحوکمڕانی، دەوڵەتداری، دیمۆکراسی، سیاسەت، پێکەوەژیان، عەدالەتو مافی ئینسان، هیچ پێویستیت بەشەکانەوەی ئاڵا نییە چونکە ئەمانە خۆیان دەبنە ئاڵاو وێردی سەر زمانی خەڵک. ئەمانە لەسەر روخساری هەر نیشتیمانییەک دەشەکێنەوەو ناسنامەی وڵات دەبن. بەڵام کاتێک هیچ لەمانەت نین، ناشتوانی وەڵامدەرەوەی دروستکردنی دۆخێکی وا بی، هەڵبەتە ناتوانی ئاڵا بەبەرزی رابگریو دەبێ هەوڵی گەوجاندن بدەیت.
بۆئەوەی ئاڵامان شەکاوە بێ، پێویستمان بەئیشە ئیش نەک خۆنماییشکردن. پێویستمان بەمەعریفەیە لەزانکۆکان نەک حیزبایەتی. پێویستمان بەعەدالەتی کۆمەڵایەتییە تا نیشتیمانییان هەستنەکەن “چهندین ساڵە لەژێر ئاڵای کوردستان ئازار دەچێژن”.
ئێمە ئازاترین نەتەوەین لەکروزانەوەو خۆنیشاندان بەزەلیلیو چەوساوەیی. کارامەترین نەتەوەین لەشاردنەوەی کەموکوڕییەکانمان بەگوتاری قەبەقەبەو پفدراو. چالاکترین نەتەوەین کە بەمۆب دەجوڵێین بۆ کاری سادە.
ئێمە کاری گەورەمان لەدەستنایێ هەربۆیە بە کاری بچوک تێنویەتیی گەورەیی شکۆمان دەشکێنین. ئەو کۆمەڵگە روکەشە و ئەو گەنجە سادە-بیر و ئەو زانکۆیە پڕ جەهلانە و ئەو سەرکردە بێ ستراتیژ و ئەو رۆشنبیر و میدیایە بێ مەعریفانەمان کە تا ئێستا نەیانتوانیوە شکۆی ئینسانی کورد دروستبکەنەوە، نەیانتوانیوە تا ئێستا ناسنامەی کوردیی دروستبکەنەوە، نەیانتوانیوە تا ئێستا زمانی کوردیی دو هەنگاو پێشبخەن، نەیانتوانیوە هەنگاوێک دەوڵەتداریی کوردیی پێشبخەن و پڕۆژەی نیشمانیی کوردستانیی وێنەبکەن، هەڵبەتە زۆر لەسەر پێ دەبن بۆ “رۆژی ئاڵا” کە تا ئێستاش پێیانوایە تیشکەکانی رۆژەکەی ناو ئاڵا دەبێ بیست و یەک بن چونکە “٢١ی ئادار” سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی کوردییە!
بەر لەهەر شتێک، پێویستە ئەوە یەکلایی بکەینەوە ئەم ئاڵایە ئاڵای کوردستانی باشور/کوردستانی عێڕاق/باشوری کوردستانە نەک ئاڵای چوار پارچەی کوردستان. ئێمە ناکرێ ئاڵای ئەو پارچەیەی کوردستان بسەپێنین بەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان دا، پارچەکانی دیش هەقی خۆیانە ئاڵای خۆیان هەبێ لایکەم ئێستا پڕۆژەی کوردستانی گەورە لای هیچ هێزێکی سیاسیی و رۆشنبیریی کوردیی نییە. هەوڵدان بۆئەوەی ئەو ئاڵایە بکرێتە ئاڵای هەمو کورد جگە لە ئاژێندایەکی پاوانخوازیی هەندێ سەرکردە و هێزی هەرێمی کوردستان، هیچی تر نییە.
بۆ من رۆژی ئاڵا، واتا رۆژی دوبارە تێڕامان لەو ئاڵایە؛ دەبێ چی بکەم بۆ ئەو ئاڵایە بەبەرزی بشەکێتەوە و تا بەبەرزی بمێنێتەوە، بەرزییەک بەقەد باڵای دیمۆکراسییەکی راستەقینە، عەدالەتێکی دروست، حوکمڕانییەکی ژیاندۆست، سیستەمێکی سیاسیی کە تێیدا مافی ئینسان و ئازادیی رادەربڕین رێزلێگیراون.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.