رۆڵ و بەرپرسیاریەتی راگەیاندن لە خزمەتی نەتەوە و نیشتمان ….

رێبوار حەمەلاو شوانی

ماوەی چەند ساڵیكە هەندێك دەزگەی راگەیاندن نەك هەر نەیانتوانیووە هەستی نیشتمانپەوەری و نەتەوەپەوەری لە نێو گەلەكەیان پەرە پێبدان و كۆمەڵگەی كوردستان بە ئاڕاستەكی خۆشەویستی و تەبایی ئاڕاستە بكەن ، بەڵام بە پێچەوانە ئەوەی نەیارانی ئەم گەل و نیشتمانە مەبەستیانە وەك زمانحاڵی ئەوان لە دژی مێژوو و خەبات و شانازیی و كەسایەتییەكانی بە خراپترین شێوە ئەنجامی دەدەن، ئەوەش زیانێكی گەورەی بە هەستی كوردپەوەری و نیشتمانپەوەری گەیاندووە .

رۆڵ و بەرپرسیارێتی دەزگاكانی راگەیاندن، لەكاتی هەبوونی پشێویی وقەیرانە سیاسییەكان دەردەكەوێت، چونكە میدیاكان بە هەموو جۆرەكانی چ حیزبی و چ ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت دەتوانن كاریگەریی ئەرێنی و گرنگ لەسەر باری دەروونی هاونیشتیمانیان بەجێبهێڵن و پێیاندەكرێ ، لە چارەسەریی زۆرێك لە تەنگژە سیاسییەكان و بنیادنانی ئاشتی، تەبایی بگێرن ، ئەویش لەرێگای خستنەڕووی بەرنامەی گرنگ و كاریگەر و پێشنیاری ئەرێنی لە خزمەتی بەژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان، بۆ پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان، كە دەكرێ دەزگا میدیاییەكان بیانكەنە كلیلی چارەسەر بۆ كێشەو قەیرانەكان .
بۆیە، رۆڵی راگەیاندن لە هەموو جۆرەكانییەوەلەناو كۆمەڵگە دەتوانن لە دروستكردنی رای گشتیی رۆڵێكی گرنگ بگێڕن، كار بكەن بۆ دورستكردنی رای گشتی لەسەر بابەتێك یاخود لەپێناو روبەڕووبونەوەی دیاردەیەك، یا دروستكردنی كۆدەنگییەك بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان .
ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی بۆتە پێوەری كاری میدیایی سەركەوتوو، وا باشە ئەركی لەپێشینەی میدیاكان بكرێتە ئامرازی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی، بۆ سەركەوتن و پەرەپێدانی پیشەی بەرپرسیارێتی رۆژنامەوانی، واپێویست دەكات كە كارمەندەكانیان رابهێندرێن لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی، تا زیاتر رۆڵیان هەبێ لەسەر پەروەردەكردنی راگەیاندنكاری ئەرێنی و گەشبین و پێویست .راگەیاندن بە گشتی لە كاتی قەیرانی سیاسی و گرژییەكان ، هەلێكی زۆری لەبەردەمدایە، ، دەكرێ كار لەسەر هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و فەرهەنگی بكات، بە ئەركی پیشەیی خۆی هەڵبستێت، خۆی لە دووڕوویی و گومان دورستكردن و پیلانگێڕی بە دوور بگرێت ،، لای بینەرو گوێگرو خوێنەر بێزراوو قێزەون دەرنەكەوێ .

ئەوەی دەبینرێت، كێشەی چەند دەزگەیەكی راگەیاندە لە هەرێمی كوردستان كە لە قەیرانی قوڵدان و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام نادەن، بۆ بەرژەوەندی شەخسی و ئاڕاستەكردنیان لەلایەن نەیارانی كورد وكوردستان و ئینجا حزب و موزایەدەی سیاسی رۆڵی خراپ دەبینن هەر لە ڕۆحی ناوچەگەرێتی و دابەشكاری خاك و بەشبەشكردنی كۆمەڵگە، هەندێ كەناڵی راگەیاندن و هەندێ راگەیاندنكار، نەزانانە بێت یا بەمەبەست لە خزمەتی بەرژوەندی ونەخشە وپیلانەكانیان دەكەن، كێشەی كوردو پرسە نەتەوەییەكان لە كەناڵەكانیان بێبایەخ نمایشدەكرێ، بەوەش ناوەستن لەڕێگەی میدیای بەناو ئازادو سێبەر ژەهری دوژمنكاری دەڕێژن .

ئەوەی جێگەی پرسیار و هەڵوەستەكردنە ئەو راستییەیە دەزگەكانی راگەیاندن لە جیاتی ئەوەی لە كاتی قەیرانی سیاسی و هەستیارەكاندا رۆڵی نیشتمانی و نەتەوەیی بگێرن و بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبسانایە و پێویست بوو هەوڵی زیاترو هیمەتی بەردەوامیان بكردایە بۆ كاراكردنەوەی حكومەت و پەرلەمان و گێڕانەوەی سەروەری یاسا، نەك پەنا بردنە بەر شكاندنی یەكتری و دەست بردن بۆ پیرۆزییە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان و بەرەو دان بە چەواشەكاری و مێژوویی ناراست پشتڕاستكردنەوەی درۆ و بۆچوونە قێزەوەنەكانیان، چونكە ئەو جۆرە میدیایە دەتوانێت بۆ تێكدان و بونیادنانی ئاشتی و ئاشتەوایی و تەبایی كۆمەڵایەتی بخرێتەگەڕ، ئەوەش هەمان ئەو خەون و مەڕامەی نەیارانی كورد وكوردستانە، روونە وەك دەزانرێت میدیا و راگەیاندن لەزۆر حاڵەتدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕێ لەسەر دروستكردنی بڕیاری سیاسیی و ئاشتی ، ئەوەش بەهۆی ئەو كاریگەرییەیە كە لە دروستكردنی رای گشتی هەیەتی و پێچەوانەكەشی تەنها سوودمەندی بۆ دووژمنان و نەیاران و زیانگەیاندنە بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیی ..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.