(رێبەندان، مانگی لە دایکبوون)
بەهار حسەینی
رێبەندانێ
خاک
شەپۆلی شەوەزەنگ و
سەرابی سارا و
شاڵاوی نەپچڕاوی خۆڵبارین و
سەهۆڵبارین و برینبارینی ناشت..
رێبەندانێ
حیلەی ئەسپی سپی ئازادیی
لە چوارچرادا چراخانی داگیرساند و
ماڵ بە ماڵ چرا چرا تاریکیی کوژاندەوە.
رێبەندانێ شەقامەکانی مهاباد شکۆفەیان کرد،
لازەوەرد و شەوق و یاقووت رژان
ئاویەر گمەی هات
و زرێبار پڕ بوو لە هاژە و
پەنگری ئیرادە دێ بە دێ و
شار بە شار ووی
کێو بە کێو درەوشایەوە.
رێبەندانێ کارێزێ لە بڵێسە و
دەریاچەیێ لە نوور و
گڕکانێ لە نار و
شمشێر و گوڵنار زرنگانەوە.
رێبەندانێ
مێژووی تاریکیی ئەشکەوتەکانمان
دایە دەستی گزنگ و
گەواڵە هەور و
گەردەلوول و
زریانمان کردە نمە نمەی باران و
باڵای بورجی ئاسۆمان بە رەنگی خوناو و
نەسیمی سەحەر و
گەڵاو گوڵی دارلیمۆ و
نەرگسی شەهلا داپۆشی و
درەوشاینەوە..
رێبەندانێ
لە گێژەنی زەریای بۆنی گوللە و
رەنگی تەرم و
هاوار هاواری روخانی زەمیندا
چوارچرا چارۆگەی ئازادیی
کەشتیێکی ئازادی هەڵکرد و
لکانی لکاند و
بەستەڵەکی سنووری بە مەشخەڵی رەنگ و
بومەلەرزەی شەفەق تواندەوە.
رێبەندان بوو
رێبەندان دیرۆکی نوێمانی پڕ کرد
لە گوڵەستێرە و
سروودی گوڵاڵان،
شەپۆلی خەونە خەوتووەکانی کرد
بە دەریای پشکۆ و
گەڵا گەڵای ئومێدیش
بە دارستانی موتوربەکراوی ئازادیی.
رێبەندان بوو
کە سنووری ناسنوورمان دایە سڕانەوە و
ئاسمانمان بوو بە ئاسمانمان،
ماڵمان بە ماڵمان و
گیا و بەفر و خۆرمان
بە خۆر و بە فر و گیامان و
رێبەر و داربەڵاڵوەکە سوورەکان و
خاکیشمان بە هی خۆمان.
لە رێبەندانا من لە دایکبووم
ئێستا کۆمارم و
فواره و قەڵبەزەی تیشکم
من لە رەگمەوە رووبارێ خوێن
روو لە ئامەد رێ دەکا..
ئاڵایێکی جاویدانی بە باڵەکانی بازێ دەنێرمە هەولێر و
دەریایێ خەونی سپیش
بە حیلەی کەحێڵێکی سپی روو لە قامیشلوو.
ئێستا من کۆمارم و
زمانم لە چاپخانە و
کتێبەکاندا زمانی نیشتمانمە،
زمانی شکۆمە و زمانی دایکم.
ئێستا من کۆمارم
لە منا باڵندەکان بە کوردی دەخوێنن و
تەوار و هەڵۆ
بە کوردی نمایشی عەشقیان لە ئاسمانا دەنووسنەوە و
گیای سەر بەردەکان بە کوردی دەشنێنەوە..
من کۆمارم و
لە منا شیعر لە چاڵ و
دەلاقەی ئەشکەوتا دێتەدەر و
قەڵەم چرۆ دەکا..
سینەما ئەم مەخەر و
ئەو گەڕەک و
ئەو دێ و
ئەم شار هەڵفڕ هەڵفڕ دەکا و
لە هەموو لایێ سەدا و کوڕژنی شانۆ دێ و
پەیکەر پەڕوباڵی ئازادیی لێ دەڕوێ و
دەنگی زوڵاڵی رۆژنامە روو لە ئاسمان هەڵدەکا..
من کۆمارم و
لە منا ژنەکان خۆر دەپۆشن
ئیتر کەوی قەفەس بانگی کەوی کێوەکان ناکا و
زەماوەندی ئاوێتەبوونی خوێنی هەر چوار پارچە دەسپێدەکا.
من کۆمارم و
دوای یازدە هەیڤ لە خۆرهەڵکشان و
دوای یازدە تاڤهەیڤ و
دوای یازدە مانگ
لەرەنگدانی بوقعەیێ
کە لە دەنگ و رەنگ و خوێن و رەگی قازییەوە بوو
غوبارى ئەهریمەنی غوبار و
تەمی تاریکیی و
زەمەنی چڕنووکی گورگەکان و
لێشاو لێشاوی دڕکەکانی جیهانی تاریکیی بەرەو من هات
قازیم بە پەیژەی رووناکیی روو لە پەت هەڵزنا و
دوای ئەو ترسم نەما کە ئیتر هەزاران و
هەزاران ئەستێرەم لێ دەبارێ.
ئیتر دوای من کوردستانی گەورەم لێ دەبارێ
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.