زمانی نەتەوە پیرۆزی نیشتمانە

ئازاد نەسرەت


سەربەخۆیی خوازان چەوسانەوە و زمانی غەیر قبوڵ ناکەن سەربەخۆ بوون، كاركردنە لە بوونیادنانی نەتەوە و تاكی وشیار ،كە لەهەمووچەمكەكانی ژیاندا، ناسنامەی نیشتمانی و كولتووریی خۆی ناسبكات .ڕسكانی كۆمەڵگایەكە ،كە هەموو فۆرمەكانی چەوسانەوە، لە هەمووئاستەكاندا ڕەتكاتەوە.خەلق و ئافراندنی مرۆڤێكە ، هێزی پارێزگاری ئازادی و دابینكردنی سەربەخۆی و فرەچەشنی و هەڵكردن و ئاسانگیری هەبێت .
دروستكردنی نەتەوە و نیشتمانێكە ، لە سەرپاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و مل نەدان بۆ باڵادەستی چەو سێنەرانەی هیچ هێزێكی باڵادەست، لایەنی كەم لە ڕووی هزری و لە ڕەهەندە ئەقڵانی و لۆژیكیەكەیدا. جوڵانی ویژدانی گشتی نەتەوە و تاكێكە ، كە هەست بەبوونی خۆی وەك كاراكتەرێكی چالاكی مێژوو بكات .بەرهەمهێنانی بوون و شارستانیەتێكە لە مێژوودا مامەڵەی ڕێبواری لەگەڵ نەكەن و نەسڕێتەوە. سەربەخۆیی خولقان و رسكان وئامادەكردنی نەتەوەیەکی ئاوەها و كولتوورێكە. بڕیار نییە تەنیا بریتی بێت، لە جووڵەیەكی میكانیكی بۆ سازدانی شتێ بەناو دەوڵەت .

“مانەوەی بەستراوە بە وەدیهاتنی سەربەخۆییەوە لە چركەساتی گونجاوی خۆیدا”

ڕاستە ئەگەر ئاوەها كۆمەڵ و تاكێكت هەبوو، سەربەخۆیی هەمیشە گونجاوە و دەستت پێی ڕادەگات . وەگەرنە دەبێتە مەحاڵێكی مێژوویی ، وەك ئەوەی تائێستالە مێژووی كورددا بووە. هێزی سەربەخۆخواز هێزی بوونیات نانی نەتەوەی مۆدیرنە ، خەلقی وشیار و ویستی هاو شاری و هاووڵاتیە . بۆ نەتەوە و كۆمەڵگایەكی وەها، هیچ هێز و دەسەڵاتێ ناتوانی دیموكراتیك و دادوەرو خەڵكی بێت، ئەگەر هێزێكی سەربەخۆ خواز نەبێت .سەربەخۆ خوازی شەڕی نابەرابەر و سەپانی ویستێكی ئێرادەگەرایانە نییە. ئەقڵانیەت و وشیاری و دادگەریی و ویستی جەماوەرە، لە چركەساتی گونجاوی خۆیدا . یادەبێت لە چەوسانەوە و دیكتاتۆریەتی سیاسی و چینایەتی ئازاد بێت ، یا لەهەموو فۆرمەكانی چەوسانەوە . هیچ بزووتنەوە و شۆڕش و هێزێكی كوردی مانا پەیداناكات و نابێتە بوونێكی مێژوویی ئەگەر كۆی فۆرمەكانی چەوسانەوە هەڵنەتەكێنێ .كورد هەرگیز بەتەواوی لە ئەو فۆرمانە ڕزگاری نابێت و بوونی مانا هەڵگرنییە، ئەگەر سەربەخۆنەبێت. بوونی كورد تائێستاش بوونێكی ڕێبوارانەیە. مانەوەی بەستراوە بە وەدیهاتنی سەربەخۆییەوە لە چركەساتی گونجاوی خۆیدا.هەموو هەوڵ و جووڵەیەكیش دەبێ لە ئاراستەێ ئافراندنی ئاوەها بوونێكا بێت. وەگەرنا سەرئەنجامی بێ دەرئەنجامییە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.