زەروورەتی بەرەیەكی كوردستانی تر بۆ ئێستا و ئایندە بۆ ؟ ..


رێبوار حەمەلاو شوانی

گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و دەوروبەرمان ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە ، بە گۆڕینی زۆرێك لە نەخشە دەستكردەكان و زۆرێك لە رژێمە داگیركەرانەی كە دوێنی باوەریان بە بوون و دۆزی كورد نەبوو و ئەمڕۆیش بە چاوی خۆیان كوردستانێكی بەهێز نەك بە مووشەك و فرۆكەی پێشكەوتوو بەڵكو بە هێزی نەرمی سیاسی و دیپلۆماسی دەبینن ، هەر ئەوەشە وایكردووە ، گشت كارتەكانیان لە سەر ئاستی دەرەكی و نێوخۆیی بەكار بێنن بۆ ڕاگرتنی كاروانی كوردستانی بەهێز و دۆزی نەتەوەیی كورد ، ئەوەش راستییەكی حاشاهەڵنەگرە بەوەی كاتی ئەوە هاتووە بەرەیەكی كوردستانی تر و نەتەوەیی تر سەڕەرای بوونی هەموو ڕێگریی و ئاستەنگە گەورەكان نێوخۆیی دەرەكی كە مەبەستی هەرێمایەتییە دروست بكرێت .
كە ئەرك و بەرپرسیاریەتیی ئەو بەرە نەتەوەیی وكوردستانییە ، تەنیا لە سەر بنەما سەڕەكییەكانی وەك بەرژوەندییە باڵاكانی كورد وكوردستان بێ‌ و نەخشە رێگای ئێستا و ئایندە دیار بكات، خۆی لە دروستكردنی هەموو كێشەیەكی لاوەكی حیزبایەت و بەرژوەندی تایبەتی بە دوور بگرێت و هێڵە گشتییە نەتەوەییەكان بەهێزو پتەو بكرێت و بكاتە ستراتیژی كاركردنی لە سەر ئاستی كوردستانی گەورە یان هەر چواربەشی لەتكراویی كوردستان ، بەتایبەت هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستوور و متمانەپێكراوە لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دا ، هەروەها لە سەر ئاستی دەستووری هەمیشەیی عێراقیش ددانی پێنراوە و ئەوەش وایكردووە كە سەنگ وپێگە و ئاستی متمانەی لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە بستنێنێت و بەدرێژایی سێ‌ دەیەی رابردوویش لەلایەن نەیارانییەوە زۆرجاران ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی گەورە و ڕژد بووەتەوە .
بۆیە، دەبێتە بە وردبینانە و ژیرانەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاریی و پێشهاتەكانی دەوروبەرمان بكەین و بەتایبەت مامەڵەكردنمان لەگەڵ وڵاتانی زڵهێزی جیهانی كە بە درێژایی مێژوو بە هۆی بەرژوەندییە تایبەتییەكانیانەوە ڕچاوەی نەتەوەیەكی ڕەسەنی وەك گەلی كوردیان پاشگۆێ‌ خستووە بەتایبەت ئەمەریكا ، بریتانیا و فەرەنسا ، بەهێزی كوردستان و گڕتنەبەری دیپلۆماسی وسیاسەتییەكی حەكیمانە نەك هەر دەستكەوت و شوناسی نەتەوییمان دەپارێزێت بەڵكو ڕێگەیەكی تر بەرەو چەسپاندن و بەدەستهێنانی مافەرەوا هەڵوستراو و بەدینەهاتووەكانمان دەكاتەوە .
چونكە باش چاوی خۆمان دەبینین كە چۆن لە بەشەكانی تری كوردستان ، داگیركەران چۆن مافی خوێندن و زمان و زۆرێكی تر لە ئازادییەكانیان زەوتكردووە و ستەمكاری زۆریان بەرامبەر دەكرێت و تا ئێستاش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانییەكی بەهێزی لە نەتەوەی كورد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نەكردووە، بۆ ئێمەی كوردیش لە هەرێمی كوردستان كە خاوەنی قەوارەی خۆیەتی و گەشەسەندن و پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق تا ئێستاش ئەو زێهینەیە بوونی ماوە تا قەوارەی هەرێم بسڕێتەوە و بەردەوام هەوڵی پێشێڵكردنی مافە دەستوورییەكانی دەدرێت ، بۆیە، دەتوانین بڵێن كە لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان بە شێوەی جیاواز نەتەوەیی كورد لە ژێر هەرەشە و مەترسیداریە ، بۆیە، كاتی ئەوەیە گشت حیزب ولایەنەكان بە رۆحێكی كوردپەوەری و نیشتمانپەوەری بەرەیەكی كوردستانی و نەتەوەیی پتەو وبەهێز پێكبێنن ، تا دژی ئەو مەترسییانە بووەستنەوە، ئەمە بێدەنگییەکی خراپە و داھاتووی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە ، لە پێناو پاراستنی کورد وەک نەتەوە تا لە کاریگەریی کوشندەی ئەو مەترسییانە بەدووربن، دیارە ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێن، کوردستان وەک قەوەارە و کوردیش وەک نەتەوە پارێزراوتر دەبن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.