ستراتیژیەتی روبەروبونەوەی قەیرانەکان
عرفان عزیز
بەشی دووەم
به‌شێكی دیكه هه‌نگاوەکان بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی گۆڕانكاری كه‌ش و هه‌وایە، ئه‌ویش جێبه‌جێكردنی گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی گه‌یاندنی ئاوی خێرا بۆ شاری هه‌ولێر، پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، له ماوه‌ى كه‌متر له 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه، كێشه‌ى كه‌م ئاوى له شارى هه‌ولێر به ڕێژه‌ى 100% بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵی داهاتوو چاره‌سه‌ر ده‌بێت. له‌گه‌ڵ داخستنی هه‌زار بیری ئاو و هەڵگرتنی هه‌زاران مۆلیده‌ی گهرهكەکان، به‌رزكردنه‌وه‌ی ریژه‌ی سه‌وزایی شاره‌كان بۆ نزیكه‌ی %30.
- بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، سوودێكی هێجگار زۆر لە گلدانەوەی ئاوی باران وەرگیراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵدا بە دەیان و سەدان بەنداو و پۆندی گەورە و مامناوەندی دروست كردووە و چەندینی دیكەش كاریان تێدا دەكرێت. ئەم بەنداو و پۆندانە نەك هەر كێشەی بێ ئاوی لە هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكەن، بەڵكو دەبێتە سەرچاوەی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی و بەبیابانبوونی بەشێكی زۆری ناوچەكانی عێراقیش.
- له بواری وه‌به‌رهینان كاری زۆر گەورە كراوه، ئاستی وه‌به‌رهێنانی بیانی له كوردستان گه‌یشته ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار. به پێی ئامارێك ته‌نیا له 50 پرۆژەدا کە له سێكتهرە جیاوازه‌کان مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، سه‌رمایه‌کانیان دەگاتە نزیكی له 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار. ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر باشه له سێكته‌ری وه‌به‌رهێناندا.
- له بواری ژینگه‌یی، بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه‌ی كوردستان و كهمکردنهوهی گازه ژه‌هراوییه‌كان كاری زۆركراوه. دوای گەیشتنی پرۆژەی ڕووناكی (كارەبای 24 كاتژمێری) بە زیاتر لە دوو ملیۆن كەس. له‌و باره‌وه به‌فه‌رمی کۆنسوڵخانەی ئه‌مه‌ریكا لە شاری هەولێر پشتیوانی ئه‌و پرۆژه‌ی كردووه.
- به پێی ئامارێك، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە كابینەی نۆیەمدا 719 پرۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان ئەنجام دراون.
- له‌بواری په‌روه‌رده له كابینه‌ی نۆیەم 5,088 مامۆستای گرێبه‌ست كرانه مامۆستای هه‌میشه‌یی. 38 هه‌زار وانه‌بێژ كرانه مامۆستای گرێبه‌ست. له‌م كابینه‌یه‌دا 215 قوتابخانه‌ی تازه له هه‌رێمی كوردستان دروست كراون. زیاتر له 1,750 قوتابخانه و باخچه‌ی ساوایان سه‌رله‌نوێ نۆژه‌ن كراونه‌ته و پێداویستی و خزمه‌تگوزاریی پێویستیان بۆ دابینكراوه.
- ئه‌م ئامارانه له كاتێكدایه كه له ئیستادا عێراق نزیكه‌ی 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت و بودجه‌ی زیاتر له200 ترلیۆن دیناره، كه‌چی هیشتا یه‌ك هه‌نگاو له‌بواری كاره‌با نه‌نراوه و رۆژانه كاره‌بای نیشتیمانی له عێراق كه‌متره له 4 كاتژمێر. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له بواری ڕێگاوبان، كاتێك جیهان سه‌یری ئام ئامارانه ده‌كات ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌بینیت، له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق بۆیان رونده‌بێته‌وه و تێراده‌مێنن، كه چۆن له‌هه‌رێمێك ئه‌م ههمووگهشه و پێشكه‌وتنه كراوه. له‌كاتێكدا ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵه له‌به‌غداوه ئابڵوقه‌ی كوردستان ده‌درێت.
سەرۆک وەزیران له‌ماوه‌ی 5 ساڵی رابردوو هاوشێوه‌ی كۆریای باشوور توانی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره له پێشكه‌وتنی كوردستان بكات، به‌شایه‌تی هه‌موو جیهان. (كریس ڕایت) وەزیری وزەی ئەمریكا، له‌كاتی سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی بۆ وڵاته‌كه‌ی گوتی ( ئەو گرێبەستانەی بە بڕی 110 ملیار دۆلار واژۆ كراون، دەبێت ببنە مۆدێل و نموونەیەك بۆ سەلماندنی ستراتیژیەتی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ ،كە بریتییە لە بازرگانی و بەدیهێنانی ئاشتی نەك دروستكردنی شەڕ و كێشە). ئه‌مه باشترین په‌یامه كه كوردستان ئێستا نه‌ك له نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان به‌ڵكو له نه‌خشه‌ی وه‌به‌رهێنان و بازرگانی جیهانی گۆرانگاری گه‌وره‌ی كردووه.
به‌شێك له پلان و هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت ستراتیژین، واته بۆ ناوچه‌كه گرنگن، ده‌كرێت بنه‌مای گرنگ بن. بۆ نمونه له پرسی كاره‌بای 24 كاتژمێری كوردستان ئامانجی ئه‌وه‌یه، كه كاره‌با بۆ هه‌موو عێراقیش دابین بكات، چونكه توانای به‌رهه‌م هێنانی گازی زیاتری هه‌یه. له پرسی ئاو، سەرۆک وەزیران راگه‌یاند كه ئامانجیان ئه‌وه‌یه ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش سود ببینن، له پرۆژه‌ی فریاگوزاری ئاوی خێرا. له پرسی هه‌ژماری من، سه‌رۆك وه‌زیران به‌راوردی به (ته‌وتین)ی عێراق كرد، كه چه‌ند جار باشتره له‌و سیسته‌می له عێراق په‌یره‌وی ده‌كرێت. كۆی ئه‌م پرسانه واده‌كات كه پشتیوانی جیهان بۆ قه‌واره‌ی كوردستان زیاتر بێت. بینیمان كه چۆن ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، لەبەردەم كۆنگرێس، گوتویان ده‌بێت پارێزگاری له كوردستان بكرێت. مانای ئەوەیە دەبێت ئەم پرسە بكرێتە یەكێك لە بەرنامەی كاری كۆنگرێس و یاسا و بڕیاری لەسەر دەربچێت، پابەندبوونێك بخاتە سەر ئیدارەی ئەمریكی كە پێوەی پابەندبێت و پەیوەندی بە سیاسەتی هەردوو پارتی فەرمانڕەوا (كۆماری و دیموكراتی) نەمێنێت و، پاراستنی هەرێمی كوردستان وەك پاراستنی تایوان بەشێك لە پاپەندبوونەكانی واشنتۆنە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌كرێت ترسێكی زۆر هه‌یه بۆ پیشكه‌وتنی كوردستان، هه‌ر بۆیه دوای سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا، هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی شپرزه‌بوون ده‌ترسن بریاری هه‌ولێر له ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی شوێنی به‌غدا لێژبكات، بەتایبەتی لەم ئیدارە تازەیەی ئەمریكادا، سەرۆك ترەمپ خۆی داوا دەكات، وڵاتان وەبەرهێنان لە ئەمریكا بكەن، بەڵام بواری بە دوو كۆمپانیای گەورەی ئەمریكی داوە بە بڕی 110 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن. ترسی لەمە زیاتریشیان ئەوەی ژووری بازرگانیی ئەمریكا كە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 4000 كۆمپانیای گەورەی ئەمریكا دەكات لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا، ڕووبكەنە هەرێمی كوردستان و لە چەندین بواری جیاوازدا وەبەرهێنانی گەورە بكەن.
ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی نیگه‌رانكردووه و ده‌ترسن له‌پێشكه‌وتنی كوردستان بۆیه ده‌ستیان داوه‌ته ئاسته‌نگ دروستكردن و برینی قوتی خه‌ڵك و دانانی ئابڵوقه له‌سه‌ر كوردستان، گۆرانكاری ناوچه‌كه به‌شێكیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ی بهغدانین، به‌تایبه‌ت گروپه میلیشیكان كه ئیستا ته‌حه‌دای (به‌یروت و سه‌نعا و دیمه‌شق و به‌غدا) ده‌كه‌ن، پێیان وایه لهژێركۆنترۆلی ئه‌وانه، به‌ڵام خه‌ریكه له‌و بیرۆكه‌یه پاشه‌كشه ده‌كه‌ن چونكه دیمه‌شق سزای ئه‌مه‌ریكای له‌سه‌ر لاچوه و به‌یروت هه‌نگاوی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی حزبولا ده‌نێت و سه‌نعاش بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به‌رده‌وامی له‌ژێر چاودێریدایه، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه به‌غدایه كه یان ده‌بێت خۆی رزگار بكات له‌هه‌ژمونی گروپه‌كان یان ده‌رچه‌یان گه‌رانه‌وه‌یه بۆ دیپلۆماسیه‌تی هه‌ولێر تا ته‌واوی عێراق له‌و قه‌یرانه رزگار بكرێت.
کۆتایی