ستراتیژی هەمیشەیی پارتی بەهێز هێشتنەوەی كوردستانە
رێبوار حهمهلاو شوانی:
مێژوو و خەبات و قوربانیدان و ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكانی پارتی ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە بەوەی كە بەهێزبوونی پارتی واتا خۆنەچەماندن بەرامبەر دوژمنان و ناحەزانی ئەم گەل و نیشتمانە ، چونكە تا پارتی بەهێز بێت، گەلی كورد سەرنەوی ناكات بۆ دوژمنان و هیچ كات نەچەماوەتەوە و ناچەمێتەوە.پارتی وەك رێباز و قوتابخانەی بیرو هزری نەتەوەیی بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعو بارزانی، ڕۆژانی سەخت و پیلانی گەورەی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر و دوژمنان و تێكشكاندنی پیلانی خیانەتكاران، لەمەولاش پارتی بە هێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشار و هەڕەشەیەك ناچەمێنێتەوە.
بۆیە، هەر هێزێكی سیاسی زەروورەتی مێژوویی دروستی كردبێت، ئەوا ڕەگ و ڕیشەی لە ناو گەلدا بەهێزە، بۆ دەتوانین بە شانازییەوە ئەو راستییە بڵێین كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ ئومێدی نەتەوەیە، جیا لەوە دامەزرێنەری پارتی مرۆڤێكە سنوورەكانی نەتەوەكانی تێپەڕاند، بویە سیمبولی بەرگری و خەباتی ڕەوایە، پارتی حزبێكی ڕێكخراو و خاوەن ڕوئیا و ستراتیجە، تۆ ببینە ئەم هێزە ناسنامەكەی وای لێهاتووە كە دەوترێت پارتی بوون و كوردایەتی ئاوێتەی یەكتری دەبن، بە واتای خۆڕاگری و سەربەرزی و بەرگری، جا لێرەوە تێدەگەین پارتی جیاوازە لە هێزگەلێكی تر، پارتی ئیرادەیە، هێزە، بڕوایە، ئەم خەسڵەتانە لە هێزێكی سیاسیدا هەبن سازش لە سەر مافەرەواكانی نەتەوە و نیشتمانەكەی ناكات و هەمیشە قوربانیی و باجی گەورەی داوە تا كورد وكوردستان بەسەربڵندی بژیت .
كردەوە و خەسڵەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و هەروەها هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكان ئەو راستییەی بۆیە گەلی كورد سەلماندووە و باش لەوە تێگەیشتووە كاتێك پارتی بەهێز بێت ئەوە كورد بۆ هیچ نەیار و داگیركەرێك ، ناحەزان لە ناوەوە و دەرەوە كاریان كرد بۆ ئەوەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی سەرنەگرێت، بەڵام بینیمان گەل زیاتر لە %72.9 دەنگیان بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی دا، كە پارتی خاوەنی پڕۆژە نەتەوەییەكانمانە و هەروەها دواتر بینمان كە چۆن بەرگری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان كرد و ئەفسانەی داگیركەرانی تێك و پێك شكاند .
هەروەها هەنگاوە مێژووییەكانیش پێمان دەڵێن، كە پارتی لە هەموو گفتوگۆیەكی ئاشتییانەدا ئامادەیە نەرمی بنوێنێت بۆ ئەوەی دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەی بەدەست بێنێت، تەنیا ئامانجە سەرەكیی بۆ ئەوەیە هەردەم دەیەوێت هەمیشە كوردو كوردستان به بەهێزی بمێنێتەوە، بەڵام هەرگیزیش نەچەماوەتەوە بۆ دوژمن و ناشچەمێتەوە، بۆیە ئێمەی كادیرانی پارتی هەمیشە كار دەكەین بۆ بە بەهێز هێشتنەوەی پارتەكەمان، تاوەكو كوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە. هەر بۆیەشە كە ، هەمیشەش قوربانی بە خودی حیزبەكە داوە لە لایەن ڕێبەرانی پارتی تاوەكو دەستكەوت و سەرفرازی بۆ گەلی كوردستان بەدەست بێنن.چونكە لە بنەڕەتدا ، ستراتیژی هەمیشەیی پارتی بەهێز هێشتنەوەی كورد كوردستانە….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.