لە سیناریوی کۆچبەرانەوە بۆ دەڕماڵەی قوتابیان

نەوزاد محەمەد

دوژمنانی گەلی کورد بەردەوام لە هەوڵی پیلان گێڕی دا بوونە بە دژی پرسی نەتەوەیی گەلی کورد لە دوا قۆناغیش لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان. لە ماوەی تەمەنی ٣٠ ساڵەی هەرێمی کوردستان، دوژمنان هەرچی لە دەستیان هاتووە کردویانە، بگرە لە سەر ئاستی سیاسی و دیبلوماسی و تا دەگاتە فشاری ئابوری و شەری بە وەکالەت و دەست کردنە ناو کاروباری ناوخۆیی هەرێمەوە. ئەوەی بەم دواییەدا هەستی پێ دەکرێت، دوژمنان بە هاوکاری جاشە کۆن و نوێ و شیخوڕ و خۆ فرۆشانەوە، بە شێوازێکی تر هەوڵی دەدەن فشار بخەنە سەر هەڕێمی کوردستان و رووی جوانی هەرێم لە پێش چاوی جیهان ناشیرین بکەن. لەسەرتاوە و بە رێگای هەڵخەلەتاندنی خەڵکانێک و خوڵقاندنی لێشاوێکی کۆچبەری بەرەو ئەوروپا، کە دەستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە پشت بوو، ویستیان وەکو بابەتێکی مرویی و کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بە کاری بێنن، لەو رێگایەوە هەوڵ بدەن ناوخۆی هەرێم ناشیرین بکەن و حکومەتی هەرێم تاوانبار بکەن. بەڵام هەر زوو پیلانەکەیان ئاشکرا کرا و زۆربەی ئەوانەی هەڵخەڵەتێنرابون بە هاوکاری حکومەتی هەرێم گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گەیشتنەوە ناو کەس و کاریان و زۆر شتی تریش ئاشکرا کرا. ئێستا دوژمنان دەیانەوێ بە رێگای بابەتێکی تر، پیلانێکی تر، بەردەوام بن لەسەر هەوڵە نەزۆکەکانی خۆیان، کە ئەویش بابەتی دەرماڵی قوتابیانە. لە بنەڕەت دا بابەتی دەرماڵەی قوتابین لە کاتی خۆیدا پلان و بەرنامەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کارێک لە ئاست هەست کردن بە بەرپرسیارەتی و خەمخۆری و خزمەتی حکومەت بە چینی قوتابیان بوو. لە کاتێکدا بووە کە دۆخی ئابوری لە هەرێمی کوردستان روو لە بوژانەوە بووە بە گشتی، بۆیە حکومەت هەوڵی دا هاوکاری قوتابیان بکات کە ببن بە خاوەن داهاتێکی مانگانە کە ناونرا دەرماڵەی قوتابیان، و تا ماوەیەکی باشیش بەردەوام بوو و قوتابیان سوودیان لێ دەبینی، لە لایەکی تریش کەم کردنەوەی فشاری ئابوری بوو لەسەر خانەوادەی قوتابیان. بەڵام ئەو دۆخە نەخوازراوانەی بەسەر هەرێمی کوردستان دا هاتن بە پیلانی دوژمنان، چ لە ئاستی ناوخۆیی یان دەرەکی، بە تایبەت لە رووی ئابوری یەوە، بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو دەرماڵەیە. لەسەر ئاستی عیراق بڕینی موچە و بودجە، لەسەر ئاستی ناوچەکەش پیلانی دوژمنانی کورد، تا دەگاتە شەری داعش و هەڕەشەی بەردەوام لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەی کە بەشێکی ئەو فشارانەش لە ناوخۆی کوردستانەوە بووە، بە رێگای بەکرێگیراوەکانەوە، کە ئەمانە ببونە داینامۆی جێ بە جێ کردنی پیلانەکانی دوژمنان بگرە لە ئیرهابی فکری هەمەلایەن لە هەزڵی تێکدانی شیرازەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی مێکشی تاک لە هزری نەتەوەیی و پرسی کوردایەتی و تا دەگاتە تێوەگڵان و هەوڵی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان. ئێستاش بە رێگای بابەتی دەڕماڵەی قوتابیان دەیانەوێ دۆخێکی تر بخوڵقێنن و چینێکی تری کۆمەڵگا فریو بدەن و لە دژی حکومەتی هەرێم بەکاریان بێنن. ئەوەی ئێمە لێی پشت ڕاستین ئەم پیلانەشیان شکست دەخوات، چونکە قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زانستی و هوشیاری زۆر بەرز و گونجاو دان کە بتوانن لەوە تێبگەن و رێگەش لە دوژمنان بگرن دەست بخەنە ناویان و بۆ مەڕامی خۆیان بەکاریان بێنن، بەڵکو قوتابیان خۆیان دەبنە قەڵغان لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و پڕۆسەی خوێندن و ئایندەیان لە هەرێمی کوردستان. هەر خودی قوتابیان باوەر و قەناعەتیان وایە کە ئەوەی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چینی قوتابیان کراوە و دەکرێت لە ئاست پرۆسەی خوێندن و روخساندنی گەش و هەوای لەبار بو قوتابیان لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندن، لە زۆر وڵاتی ناوچەکە و جیهانیش نەکراوە. بۆیە دەرفەتی ئەوە نادەن کە بە ناوی قوتابیانەوە بابەتی دەڕماڵەی قوتابیان بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەر خودی قوتابیان دەبنە ئەو هێزەی کە ئەم پیلانەش پوچەل دەکاتەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.