سیناریۆی ژیانەوەی داعش
نەوزاد محەمەد
سیناریۆ یان پیلانی ژیانەوە و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت.
لەگەڵ زیاد بوونی خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری لە ناوەڕاست و باشوری عیراق لە دژی حوکمرانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ترسێک لە لای ئەم میلیشیانە و خودی ئێران پەیدا بوو و ئەم خۆپیشاندانانەیان وەکو مەترسیێک بو سەر هەژمونیان لە عیراق بینی و لە وانەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی لاوازبوونی دەستهەڵاتیان.
بێ گومان نەک هەر ئێران، بەڵکو تورکیاش ئەم پیلانەی پێ خۆش بووە و بێ گومان حکومەتی سوریاش کە لەم ساتەدا دارودەستەی ئێرانە لاری نەبووە لە هاوکاری کردن.
سەرەتای ئەم پیلانە و هەوڵی کۆکردنەوەی چەکدارانی داعش دەگەرێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئوکتۆبەر دیلی داعشیان ڕادەستی راکان جبوری کرد.
دواتر سیناریۆی بەندینخانەی ئەبوغرێب ئەنجام درا و لەوێش ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش هەڵاتن.
لەگەڵ کۆ کردنەوەی ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش، دەستیان کرد بە کاری چەکداری لە دژی هێزی پێشمەرگە و سوپاس عیراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێم، بێ گومان کاری ئاسانکاری و دابین کردنی چەک و پشتیوانی لۆجستی لە لایەن میلشیاکانی حەشدی شیعی بۆیان کراوە.
لەگەڵ نزیک بوونی وادەی ئەمجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کاری تیرۆریستی بەرەو زیاد بوونەوە چوون، وەکو مەسجێک لە لایەن ئێرانەوە بۆ لایەنە سیاسیەکانی عیراقی کە دەبێ دەستهەڵات لە عیراقدا لە دەستی حەشد و میلیشیاکانی دابێت، ئەگەر نا داعش ئامادەیە بۆ تێکدانی دۆخی عیراق بە تەواوی.
بەڵام سەرەڕای هەرەشە و فشارەکانی ئێران، هەڵبژاردنەکان بە شکستی میلیشیاکان کۆتایی هات و ئەنجامەکانی پەسەند کران و دەست کرا بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە تەیاری سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنی سەرەکین.
هەر بۆیە ئێران بە رێگای میلیشیاکانیەوە دەستی کرد بە کاری تیرۆریستی لە دژی لایەنە براوەکان، ئەوەش بە هێرش کردن بۆ سەر بارەگاکانیان و هەوڵی تیرۆر کردنی کەسایەتیەکان.
کە ئەم کارە تیرۆریستیانەش بێ ئەمجام بوون، ئێران هیچی لە دەست نەما، تەنها ئەوە نەبێت پیلانەکانی بەرز بکاتەوە بۆ سەر ئاستی ئەقلیمی و بە هاوکاری تورکیا و حکومەتی سوریا هەوڵ بدەن دیلە داعشەکان لە بەندینخانەی حەسەکە ئازاد بکەن کە سەرچاوەیەکی باشی چەکدارانە و بە هەزاران چەکداری داعش لە بەندینخانەیە هەن.
ئەوەی ئێستا لە بەندینخانەی حەسەکە روو دەدات، بەشی سێیەمی سیناریۆکەیە، لە دوای رووداوی بەندینخانەی ئەبو غرێب و رێکەوتنی سەرانی ١٦ی ئوکتۆبەر لەگەڵ راکان جبوری.
پێمان وایە بەشی چوارەم و یەکلاکەرەوەی ئەم سیناریۆیە بە گواستەنەوەی ئەو چەکدارانە دەبێت بۆ ناوخۆی عیراق و سەرهەڵدانی فەرمی داعش ڕادەگەیێندرێت و کارە تیرۆریستی و چەکداری بەرەو هەڵکشان دەبات، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
مەبەستی سەرەکی لەو پیلانەش، لە لایەک پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە میلیشیاکانی سەر بە ئێڕان رووڵیان تێدا نابێت، لە لایەکی تریش پەکخستنی هەوڵەکانی لێک تێگەیشتن و چارەسەری کێشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا.
بە بوچونمان، ئەم قۆناغە قۆناغی یەکلاکەرەوە و کۆتایی دەبێت، یان کۆتایی بە هەژمونی ئێران دێت لە عیراق، یانیش عیراق وەکو سوریای لێدێت و دەستهەڵات دەکەوێتەوە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
موقتەدا سەدر و هێزی هاوپەیمانان بەرپرسیارەتی هەرە گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ لەم یەکلاکردنەوەیە دا.
- دکاری بابەتێین خۆ ببینی …
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.