سەد پیلان و سەد شکست
فرسەت سەید شکور
سەرەتایەک
پارتی، بەرەو 76 ساڵی تەمەنی هەنگاو دەنێت، لە قۆناغە دژوارەکانی ڕابردووی گەلی کوردستاندا ئەم پارتە بەردەوام تووشی گەلەکۆمە و بەرنامەڕێژی نەیارانی کورد بووەتەوە، پارتی بەوە دەناسرێتەوە، کە خۆڕاگر و بەهێزە بەرانبەر پیلان و بەرنامەی نەیارانی، ئەم نەهجە نەتەوەییە لە بناغە پتەوییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، لە ڕێباز و ستراتیژ و ئامانجەوە هاتۆتە بەرهەم.
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، پارتی بە دوو شێواز؛ هەوڵی لاوازکردن یان کۆتایهێنانی دراوە:
١- لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی زەبەلاح.
٢- لە ڕێگەی دەستەمۆ کردنی خەڵک لە ناوخۆی وڵات.
ئەوەی یەکەمیان؛ ڕوونە کە لە شۆڕشی ئەیلولی مەزنەوە تاوەکو گوڵان و ڕاپەڕینی 1991 دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا، قودرەت و توانای سەربازی پارتیان بینیبوو، هەتا ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی 1975 لەنێوان عێراق-ئێران لە دەرئەنجامێکدا دوو دەوڵەتی دژبەیەک یەکیان گرت، ئەویش لاوازکردنی کورد و پێگەی سیاسی و سەربازی پارتی بوو. لەم خاڵەدا ڕاستییەک دەردەکەوێت، کە نە ڕژێمی بەعس نە دەوڵەتانی دیکەش توانای ئەوەیان نەبوو بە تەنها شۆڕشێک لاواز بکەن کە پارتی و مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتی دەکەن ناچار پەنایان بۆ ڕێککەوتنی نێوان خۆیان بردووە.
دووەم: دەستەمۆکردنی خەڵک لەناوخۆی وڵات؛ کاتێک لەو مێژووەی باسمان کرد، عێراق و هەتا ئێرانیش نەگەیشتوونەتە ئەوەی پارتی لە کوردستاندا نەهێڵن یان پێگەی قایمی سست بکەن، پەنایان بردووەتە خەڵکانی دەستەمۆ و زوو تەسلیم بوو، ئەو کەسانەی حەقد و ڕک و بەرژەوەندییەکانیان وای لێدەکردن شەرم لە خوا و میللەتەکەیان نەکەن و بچنە پاڵ ڕژێمە جیاجیاکانی ناوچەکە، هەرچەندە زوو پەشیمان دەبوونەوە و لێبوردن لێیان هیوایان بوو، بەڵام بە شکستەوە لە ڕێگەی تەسلیم بوون و داردەستییەوە دەگەڕانەوە.
قۆناغی پارێزگاری
ئەو قۆناغەی ئێستا کە وێستگەی ئەو دەستکەوتانەیە لە شۆڕشی ئەیلول و 11ی ئازار وگوڵان و ڕاپەڕین و ڕیفراندۆمەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو وێستگە مێژووییەی کە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بنیاتان و ژێرخان و ئاوەدانی و تەناهی و ئارامییەوە هاتۆتە بەرهەم، ئەو قۆناغە هەستیارەی کە سەربەرزی شکاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودییەی لێ هاتە بەرهەم، ئێستا هەر وا بە ئاسانی دوو دەستە تاقمی ئاستەکراوی ئیقیلیمی ناشکێت.
پاش ئەوەی بە هێزی سەربازیی توانای پێشمەرگەیان لەسەرا تاقیکرایەوە، بە دروستکردنی جاش فیداکارانیان لێ ڕاست بۆووە، ئێستاش بەناوی دادگە و یاسایەک کە بە دادگەی فیدرالی ناسراوە و بە نایاسایی دروستکراوە، هێزی خۆیان لەسەر پارتی تاقیدەکەنەوە و شکستیان هێناوە، بە گەڕانەوە بۆ ووتەکەی سەرۆک بارزانی: (پارتی دار بە ڕووە بە سوتان و بڕین لەناو ناچێت) کەواتە ئەمە دەبێتە خەونی دوژمنانی کورد و پارتی کە بیانەوێ پارتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا نەهێڵن.
دەرئەنجام
لە ڕاستیدا سیاسەتی پارتی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوروپا و ئەمریکا ڕوون و ئاشکرایە، پەیوەندی هەماهەنگکارانە لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافق و سازانی نیشتمانی، نەک سیاسەتی تەسلیم بوون بە ئیرادەی دەوڵەتێک، فەرهەنگ و مێژوو و خەباتی نەتەوەیی پارتی هەرگیز نایاتە ئەو ئاستەی کە ئەجێندانی دەرەکی و ئیقلیمی هیچ دەوڵەتێک جێبەجێبکات، ئەوانەشی لەم قۆناغەدا وەکو سەردەمەکانی پێشوو بوونەتە دەستکێش و داردەستی نەیارانی کورد و پارتی وەکو ئەوان سەرشۆڕییان بۆ دەمێنێتەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.