سەردانی مەسروور بارزانی بۆ تورکیا چێمان پێدەڵێت ؟
رێبوار حەمەلاو شوانی
تادێت ناوچەکە زیاتر پێدەنێت قۆناغێکی نوێی و چاوەروانی گۆرانکاری و پێشھاتی نوێی لە نەخشەی سیاسیی دەکرێت ، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی بارزانی ، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی لە نێو ھاوکێشەکاندا و بەتایبەتی بۆ سەقامگیری و ئاشتی دەبێنێت و زۆرێک لە سەرکردەکانی ناوچەکە و جیھانیش بۆ چەندین پرسی گرنگ بۆ سیاسەت و دیپلۆماسی و بۆچوونی ژیرانەی بارزانی و ھەرێمی کوردستان دەگەرێنەوە .
دیدار وکۆبوونەوەی مەسروور بارزانی ،سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ھەروەھا ھاکان فیدان ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ، ئاماژەیەکی روونە بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرسی گرنگ و ستراتیژی لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە سەر ئاستی ناوچەکەدا و ئینجا ئێستا و ئایندەی پرسی کورد لە رۆژئاڤا و باکووری کوردستان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە و ئینجا پیشھاتەکانی ئەم دواییەی عێراق و بەتایبەتی پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە ماوەی ٢٠ مانگە بە سیاسەتێکی ناڕەوا و بۆ مەرامێکی سیاسی دژ بە ھەرێمی کوردستان راگیراا ،کە لە سەر ئاستی ناوچەکە ئەو دیدارە واتا گرنگی سەنگ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی رۆژھەڵاتنی ناوەڕاستدا ، کە ئەمەش لە گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردایەتیی تورکیا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ئەم ناوچەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت .
لە ھەمانکاتیشدا ، بۆ دوژمنان و دۆستانیش دەرکەوتووە کە بە بێ رۆڵ و پێگەی گەلی کورد ئەستەمە ھاوسەنگی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بێت ، بەتایبەتی کە توورکیاش ناتوانێت بە بێ ھەرێمی کوردستان ، پرسی کورد چارەسەر بکات . ھەروەھا سەردانی مەسروور بارزانی لە کاتێکی ھەستیاری وەک ئێستادا گرنگ وستراتیژییە ، چونکە دەتوانێت ڕۆڵی زۆر گرنگ لە سەر پرۆسەی چارەسەری گەلی کورد لە باکوووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ببینێت و بەڕێگەی پێشنییاری چارەسەری بۆ دۆزی کورد .
بەتایبەتی دوای ھەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لە ماوەی رابردوو لەگەڵ ھێز ولایەنەکانی رۆژئاڤا و باکووری کوردستان لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانی لەگەڵ کورد و پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەریش لە ناوچەکە ، ئاماژەیەکی روونن بۆ گرنگی و سەنگ و پێگەی سەرکردایەتیی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا .
لە ھەمانکاتیشدا ، بۆ دوژمنان و دۆستانیش دەرکەوتووە کە بە بێ رۆڵ و پێگەی گەلی کورد ئەستەمە ھاوسەنگی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بێت
ھەروەھا پێشوازیکردنی ھاکان فیدان ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نێو ماڵەکەی خۆیدا ، ئاماژەیە بە پەیامێکی روون و ئاشکرا ، کە بە بێ چارەسەری دۆزی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەستەمە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا فەراھەم بێت و بێتەدی ، بۆیە ، پەیامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان ئەوەیە دەبێت لەگەڵ کورد کێشەکان چارەسەر بکات و ھەرێمی کوردستانیش کارەکتەرێکی گرنگ و رۆڵی سەرەکی لەو بارەیەوە دەبینێت وەک چۆن لە چەند ساڵی رابردووش ھەوڵی گرنگ و باشی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە باکوورو رۆژئاڤای کوردستان داوە و بەردەوامیش بووە .
بەدڵنییاییەوە ، مەسروور بارزانی ، نەک ھەر دەتوانێت رۆڵی گرنگ و ستراتیژی بۆ ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد ببینێت ، لەھەمانکاتیشدا سەرکردایەتیی تورکیا متمانەیەکی تەواویان بە بارزانی ھەیە ، بەتایبەتی کە تورکیا باش دەزانێت ناتوانێت پرسی کورد بە بێ بارزانی و ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات .
لە ھەمانکاتیشدا ، تورکیا پێی وایە کە پەکەکە و پەیەدە و ھەسەدە پلان و فەرمانەکانی ئێران دژ بە تورکیا جێبەجێ دەکەن و دەبێت دەستبەرداری ئەم سیاسەتە بن کە مەترسییە بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا.
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن کە، ئەم دیدارەی نێوان مەسروور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ھاکان فیدان ، گرنگی و بایەخی زۆری لە سەر ئاستی ناوچەکە ھەیە ، بەتاییەتی لە بوارەکانی سیاسی ئابووری و ئەمنیی و ئاشتیی و ئەم پێشھاتە نوێیانە کە پەیوەستن بە چارەسەری دۆزی کورد و ئەم ھەماھەنگییە دەتوانێت زیاتر ببێتە ھۆکاری سەقامگیری لە ناوچەکەدا ، لە ھەمانکاتیشدا ئەم دیدارە بەڵگەیەکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان کە نموونەیەکی جوانی حکوومڕانییە بۆ ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.