سەرۆك بارزانیی جارێكی دیكە بە داگیركەرانی گووت خۆسەپاندن و ژێر دەستبوون شوێنی نەماوە ..
رێبوار حەمەلاو شوانی
بریارەكانی دادگای فیدراڵی نەك هەر زۆر دوورە لە یاسا و ڕێسا و دەستوور و دیموكراسییەت و پێكەوە ژیان ، بەڵكو ئاماژەیەكی روونە بە درێژە پێدانی سیاسەتی دیكتاتۆری و یاریكردن بە ئاگر و هەڵگیرسانی شەڕو ناكۆكیی نانەوە لە نێوان گەل و پێكهاتەكانی عێراقی بە زۆر دروستكراو ، هەروەها درێژە پێدەری سیاسەتی شكستخواردوویی 17 ساڵە حكومرانی زێهنیەتی شكستخواردوویی دەسەڵاتدارانی بەغدایە .
مێژوو گەواهیدەرە كە ، گەلی كورد، وەك نەتەوەیەكی رەسەنی رۆژهەڵاتی ناوین وباقی نەتەوەكانی وەك فارس و عەرەب و تورك، خاوەن نیشتمان و زمان و كەلتووری تایبەت بە خۆیەتی و وەك ئەوان مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەوڵەتی تایبەت بە خۆی هەبێت. گەلی كورد لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا ڕووبارێك خوێنی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ڕشتووە، بۆیە ئێستا كاتی هاتووە ئەوەی كە چاندوویەتی بچنێتەوە. خاك و نیشتیمانمان لەو ڕۆژەوەی كوردستان بە عێراقەوە لكێندراوە، كورد چەوسێندراوەتەوە و زیندەبەچاڵكراوە و ئەنفالكراوە و وڵات بەدەر كراوە و گوندەكانی خاپوور كراون… كورد هەمیشە لە عێراق هاووڵاتی پلە دوو بووە و پەراوێز خراوە و گوێ لە ماف و خواستە ڕەواكانی نەگیراوە.كورد هەرگیز بە حەز و خواستی خۆی عێراقی وەك وڵاتی خۆی هەڵنەبژاردووە، بەڵكو بەسەریدا سەپێندراوە. هەموو حكوومەتەكانی عێراق لە 100 ساڵی ڕابردوودا، بەڵێنیان بە كورد داوە كە پرسی كورد چارەسەر بكەن، بەڵامبەڵێنی خۆیان نەبردۆتە سەر و پاشگەزبوونەتەوە.. لەو ڕۆژەوەی عێراق دروست كراوە، ڕێز لە دەستوور و یاسا و مافی مرۆڤ نەگیراوە و عێراق مەیدانی شەڕ و جەنگەكان بووە و بەهێز لاوازی كوشتووە و گەورە بچووكی چەوساندۆتەوە و تا ئێستاش ئەم شەڕە تائیفی و مەزهەبییە بەردەوامە. دوای نەمانی سەددام، كار بەو دەستوورە نەكراوە كە لەلایەن عێراقییەكانەوە نووسراوەتەوە، بەڵكو لەلایەن حكوومەتی فیدڕالییەوە پشتگوێ خراوە و ئەو پرسانەی كە بڕیار بوو لە ڕێگەی دەستووری فیدڕالییەوە چارەسەر بكرێن، وەك ناوچە جێناكۆكەكان و دابڕاوەكان، وەك خۆیان ماونەتەوە، بگرە كێشەی ئەو ناوچانە قووڵتر بوونەتەوە. هەرگیز كورد لە عێراق، وەك دووەم نەتەوەی گەورە سەیر نەكراوە، بەڵكو وەك پێكهاتەیەكی بچووك سەیر كراوە…مافی چارەنووس، مافێكی خوایییە و لە جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا هاتووە هەر نەتەوەیەك مافی خۆیەتی بە ئازادی لەسەر خاكی خۆی بژیت، سەردەمی ژێر دەست قبووڵكردن و پاشكۆیی بەسەر چووە و گەلی كورد بە دوای بە دەسهێنانی مافەرەواكانییەتی تا دوایین ساتەكان . پێشمەرگە ،سەرۆك بارزانی بە درێژایی قۆناغەكان خۆیان بە خاوەنی گەل و نیشتمان زانیوە و ئەم ئەركە قورسەیان لە ئەستۆ گرتووە و ئەوەیان سەلماندووە كە بارزانی و پارتی، هەرگیز لەسەر مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەكان سازش ناكەن و بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە بەرگریشیان لێكردووە و دەیكەن بۆیە دەتوانم بڵێم پشكی شێری ئەم شانازیەی ئەمڕۆش بەر پارتی و بارزانی دەكەوێت و ئەم بەرپرسیاریەتییە مەزنەیان لە ئەستۆ گرتووە و ناشبێت ڕۆڵی هەموو ئەو كەس و لایەنە سیاسییانە نادیدە بگیرێن.سەرۆك بارزانی، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هەردەم لە پێشەوەی سەنگەرەكانی دژ بە تیرۆریستان و داگیركەرانی كوردستان بوو و راستەوخۆ بەرێزیان و و كوڕەكانی و برازاكانی لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان بوونە و كەس ناتوانێ نكولی لێ بكات بە شاهێدی هەموو دونیا كەس نەچوو لە سەنگەرەكان سەردانی بكا، هەر بەڕێزیشیان بوو هەموو دونیای هێنا سەر خەت و سەرنجی هەموومانی راكێشا بۆ مەسەلەی ریفراندۆم، جگە لە هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێ و شۆڤینیەتی عەرب و بەرپرسانی عێراقی بە شیعە و سوننەوە و جامیعەی عەرەبی و وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەكگرتووەكان و دوایین جاریش ئەنجوومەنی ئاسایش كە واز لە ریفراندۆم بێنێ یان دوای بخا، بەڵام بەڕێزیان تەنیا یەك وەڵامی بۆیان هەبوو كە ئەوە ئیرادەی میللەتی كوردە، ئەوە بوو ریفرانـــدۆم لە 9/25 و سەركەوتنێكی یەكجار گەورە بوو، هەروەها بووە رۆژێكی مێژوویی لە مێژووی كورد و كوردستاندا. پێوستە كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان و لە هەموو دنیا شانازی بە مرۆڤێكی راست و پاك و خاوەن هەڵوێستی وەكو سەرۆك بارزانی بكا، كە بووە سیمبول بۆ داكۆكی لە مافی رەوای میللەتەكەی.
- دکاری هەموو بابەتێن خو ببینی ….
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.