سەرۆکێ هەرێمێ ، نێچیرڤان بارزانی سەرەدانا بەغدا کەت

سەرۆکێ هەرێمێ ، نێچیرڤان بارزانی سەرەدانا بەغدا کەت

زێ بادینان ،
فەلاح مستەفا ڕاوێژکاری سیاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، بە مەبەستی گەشەپێکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق لە زاری فەلاح مستەفاوە بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وادەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا دیاریدەکرێت و دەستپێشخەریەکە لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بۆ سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەکاندا.

ئاشکرایشیکرد، ئامانج لە سەردانەکە دروستکردنی ڕایەکی هاوبەش و تێگەیشتنی بەربەست و ڕێگرییەکانە کە دێنە بەردەم عێراق و ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، بڕیاریشە سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی عێراق کۆبێتەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی لێپرسراوانی حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆلای یەکتر گرنگە، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕایەڵەکانی پەیوەندی بەشێوەیەکی پتەو، هاوکات دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکارییەکی متمانەپێکراو، بە تایبەت کاتێک  ئارامی لە نێوان هەردوو حکومەتدا هەبێت.

ڕاوێژکار سەرۆکی هەرێم ئاشکرایکرد گرنگترین ئەو تەوەرانەی کە لێپرسراوانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، ڕێککەوتنی هەردوولا دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە و هەلی کاری نوێ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم هاوڵاتیان لە بەسرەوە تا زاخۆ.

لە کۆتایی وتەکانیدا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا بە گشتی قسە لەسەر دۆخی گشتی دەکرێت، بە تایبەت دۆخی کۆرۆنا و دابینکردنی ڤاکسینەکانی دژی کۆرۆنا و ڕێوشوێنە پیویستییەکانی دۆخی ئابوری و هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش، لەڕووی بەرپەرچدانەوەی تیرۆر و چەندین تەوەری گرنگی جێی بایەخی هەردوولا، کە دەبێتە زیاتر پتەوکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.