شۆڕشی گوڵان ھەستانەوەی کورد بوو بەرامبەر بە دوژمنانى کوردستان
رێبوار حەمەلاو شوانى
یەكەم ئاگری بڵێسەی شۆڕشى گوڵان لە چیاکانى كوردستان و بەتایبەتی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. هەر لەو كاتەدا توانرا بە هەموو داگیرکەر و دووژمنانی كورد ڕابگەیهندرێت كە كورد شكەستی نەهێناوە و دەتوانێت لە شۆڕشدا بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەیشدا شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكی زۆر سەختدا هاتە پێش كە ئەوكات دووژمنانی كورد هێزێكی زۆری لەشكری دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رێگر بێت لە پەڕەسەندنی شۆڕشدا. سەركردایەتیی شۆڕش لەسەر خەباتی خۆی مكوڕبوو، توانی بە شێوەی پارتیزانی بە قووڵایی وڵاتدا بسووڕێتەوە، هەروەها شۆڕش توانی لەو كاتە رادیۆی دەنگی كوردستانیش دابمەزرێنێت و سەركردایەتیی شۆڕش توانی، سەركردایەتیی كاتییش لەناو كوردستان دابمەزرێنێت
خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە و رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی لە شۆڕشی گوڵاندا، توانییان شکست بە پیلانی رژێمی دیکتاتۆری و عەقڵیەتی شۆڤێنیی ئەو کاتە بهێنن، ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز دەکەینەوە، ئەو شۆڕشەی کە بووە هۆی گەڕانەوەی شکۆی نەتەوەیەک لە نائومێدییەوە بۆ سەرکەوتنێکی مەزن، لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدایە، بەڵام بەخشینی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگریی گەلی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکان و حیکمەتی سەرۆک بارزانی، توانیویانە هەموو ئەو ئاڵنگاریانە تێبپەڕێنن، ئەوانەی مژدەیان دەدا بە هەموو لایەک کە شۆڕشی کورد کۆتایی هاتووە، بە لێهاتوویی و سیاسەتی حەکیمانە لە شۆڕشى گوڵانی ١٩٧٦ بۆ هەموو لایەکیان سەلماند کە شۆڕشی گەلی کورد کۆتایی نەهاتووە و تا گەیشتن بە سەربەخۆیی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت
شۆڕشی گوڵان ھەستانەوەی کورد بوو بەرامبەر بە دوژمن، بارزانیی نەمر خۆی سەرکردایەتیی شۆڕشەکەی دەکرد، چونکە شۆڕشەکە ھەموو کەسێک تێیدا بەشدار بوو و ھەمووان خۆیان بە خاوەنی شۆڕشەکە دەزانی، بەڵام دوای ئەوەی تووشی نسکۆ ھات، خەڵک وایزانی ئیدی کورد تەواو بوو، بەڵام بە بڕیاری بارزانیی نەمر کورد بە ورەیەکی بەرزەوە شۆڕشی گوڵانی دەست پێکرد، کە ھەستانەوەیەکی زۆر گەورە بوو، کە ھەردوو سەرکردە کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک مسعود بارزانی خۆیان سەرپەرشتیی شۆڕشی گوڵانیان دەکرد، بۆیە ئەو شۆڕشە تەواوکەری شۆڕشی ئەیلوول بوو و توانرا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنین و کورد بۆ یەکەم جار چۆکی بە حکوومەتی عێراق دادا و وای کرد ڕژێم سازش بۆ کورد بکات و دان بە مافی گەلی کورددا بنێن، بۆیە داوای کرد شاندێکیان بێن بۆ کوردستان و دەست بە گفتوگۆ بکەن، چونکە ئەوانە ھەمیشە نیەتیان لەگەڵ کورد باش نییە و ھەرچەندە ڕێککەوتن دەکەن، پەشیمان دەبنەوە، کە ئێستاش بە ھەمان شێوە بەردەوامن
گرنگە هەر تاکێکی ئەمڕۆ بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) لە نووسینی جەنابی ڕێزدار سەرۆک مسعود بارزانی بخوێنێتەوە، تا ئاشنا بێت بە گوڕوتینی نەتەوەیی و نیشتمانیی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی کورد لە پیلانە ناحەزەکانیان دژی ئەم گەلە ستەملێکراوە ، کە چۆن پوچەڵ کراونەتەوە
دەستپێکردنەوەی شۆڕشی گوڵان وەکو ئەوە بوو لە نائومێدی و تاریکیی نیوەشەودا، تریفەی مانگەشەو شەوق بداتەوە و ئومێدی خستەوە ناو دڵی تاک بەتاکی کورد و کوردستانیان، پێویستە بە چاوی ڕێزەوە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی گیانفیدای خەڵک و خاکی کوردستان و پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان بڕوانین و هەوڵ و تێکۆشان و گیانفیدایی ئەوان بوو ئەم ڕۆژانەی دروست کرد و جۆش و خرۆش و گیانفیدایی لە پێناوی خاکی پیرۆزی کوردستان لە ڕوح و دەروونی تاکی کورددا بەجۆش دایەوە
شۆڕشی گوڵان هەمان گەوهەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونكە بە شێوە و تەكنیك و بزاوتێكی نوێتر هاتە كایەوە، لە شۆڕشی گوڵان، جگە لە پارتی، حزبە كوردستانییەكانی دیكەی لە خۆ كۆكردبووهوە، بۆیە شۆڕشێكی سەركەوتوو بوو، توانی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر بكات، دوژمنانی كورد هیچ بیریان لەوە نەدەكردەوە كە شۆڕشی كوردی سەرهەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاكانی كوردستان، بۆیە شۆڕشی گوڵان ئومێدێكی گەورەی بۆ ‘گەلى کورد گەڕاندەوە و ترسێكی گەورەیشی لە دڵی دووژمنان دروست كرد
بەرهەمی خەباتی شۆڕشی گوڵان، ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ و دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ دوای سەدان ساڵ بۆ کورد و کوردستانیان بووە، لەگەڵ دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەت و دامودەزگای فەرمیی دەوڵەتدارێتیی بۆ ئەم پارچەیەی کوردستان. دروستبوونی حكوومەتی هەرێم و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین، بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە، كە هیچ وڵاتێكی دونیا ئامادەنەبوو پێشوازی لە ئێمە بكات، ئەمڕۆ ئێمە لە زۆربەی دانیشتنەكاندا بەشدارین، كە لە كاتی شۆڕشی گوڵان گەلی كورد بێجگە لە خوا و ئەو هیوایەی هەیانە هیچی دیكەیان نەبوو، كە ئەو كات هەموو جیهان پشتگیرییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد، بۆیە دەستكەوت و سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن و بریتین لە دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتووەتە دی.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.