شیلادزێ پێنج ڕۆژە چارەنووسی سێ هاووڵاتی نادیارە

پێنج ڕۆژ لەمەوبەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەدێی شیلادزێ، سەردانی گوندەکانی خۆیان لە ناوچەکانی نێروە و ڕێکان و دۆسکێ سەروو_یان کردووە و بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە بەردەوام شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و پەکەکەی لێیە، لەو ڕۆژەوە چارەنووسیان دیار نییە و بنەماڵەکانیان لە نیگەرانیدا دەژین.

ڕزگار عوبێدی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی ئەمڕۆ سێشەممە 14/9/2021 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پێنج ڕۆژە لەمەوبەر بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە سێ هاووڵاتیی خەڵکی شیلادزێ سەردانی گوندەکانی خۆیان لە ناوچەکانی نێروە، ڕێکان و دۆسکێ سەروو-یان کردووە، بەڵام پێنج ڕۆژە لەبارەی چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکانیان نازانن لە ژیاندا ماون، یان لە چ دۆخێکێدا دەژین”.

بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ، ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو سێ هاووڵاتییە خەڵکی سنووری شیلادزێن، بەڵام ئەو شوێنەی ئەوان بۆی ڕۆیشتوون، جێگەیەکی مەترسیدارە و ئێمە ئێستا دەستمان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەست پێکردووە هەتا چارەنووسیان ڕوون ببێتەوە، کە ئایا لە ژیاندا ماون و ئێستا لە چ دۆخێکدان”.

ڕزگار عوبێدی ڕاشیگەیاند: “ئێمە وەک ئیدارەی سنوورەکە بە جدی دەستمان بە بەدواداچوون کردووە و بە زووترین کات ڕوونی دەکەینەوە کە ئەو سێ هاووڵاتییە چییان بەسەر هاتووە”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.