عیراق و گرێ کۆێرەی حکومەت
نەوزاد محەمەد
لە ساڵی ٢٠٠٣ و بەدواوە و بە تایبەت لە دوای حکومەتە کاتیەکەی ئەیاد علاوی لە ٢٠٠٤، لە عیراقی فیدڕال دا جگە لە شکستی سیاسی و دیبلوماسی و لاوازی حوکمرانی، هیچی تر رووینەداوە.
تا ئەم ساتەش هیچ ئاسۆیەکی روون و دڵخۆشکەر بۆ ئایندەی عیراق لە سایەی حکومەتێکی بەهێز نابیندرێت.
هۆکارەکان زۆرن لە ناوخۆیی و دەرەکی و نامانەوێ بچینە ناو ووردەکاریە دورودرێژەکانەوە، بەڵام دەتوانین چەند خاڵێک دەست نیشان بکەین، کە پێمان وایە خاڵی سەرەکین لەو دۆخەی رووی لە عیراق کردووە و بونەتە مایەی لاوازی دەستهەڵاتی حکومەت و نەهامەتی بۆ گەلانی عیراق.
هەر کابینەیەکی نوێی حکومەت لە عیراق دەستبەکار بێت، چەند فۆرمی سەرەکی لە پێشە کە دەبێ زۆر بە جدی کاریان یان لەسەر بکات، وەکو ..
یەکەم : گەندەڵی
دووەم : گروپە میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی یاسا
سێیەم : جودا کردنەوەی ئاین لە سیاسەت
چوارەم : چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
پێنجەم : هەوڵی گەڕاندنەوەی عیراق بۆ ناو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی
هەر حکومەتێک ئەگەر لە سەرتا کار لەسەر ئەم فۆرمانە نەکات و چارەسەریان نەکات، سەرکەوتوو نابێت، حکومەتێکی لاواز و ئیفلیج و ملکەچ دەبێت، ناتوانێت هیچ لە دۆخی نالەباری عیراق بگۆڕێت و بەڵکو بەرەو خرابتری دەڕوات.
دۆزینەوەی رێگە چارە بۆ ئەم خاڵانە وەکو زەمینە خۆشکردنێکە بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکانی عیراق، لە هەبوونی حکومەتێکی بەهێز و سیستماتیک، داهات و ژێر خانی ئابوری، رێکسختنەوی سوپا، سەروری یاسا و دادپەرەوری، چەسپاندنی بنەما دیموکراسی و ئازادی و مافەکان، رێگە گرتن لە دەستێوەردانی دەرەکی.
پێمان وایە بابەتی چارەسەر کردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، خاڵێکی هەرە گرنگە لەو چوارچێوەیەدا، لەبەر ئەوەی هەولێر بە ئەزمونی خۆی لە توانای دا هەیە لە تەواوی سیکتەرەکان هاوکار و پاڵپشت بێت بۆ بەغدا، لە پێناو دووبارە گەڕاندنەوەی عیراق بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیر.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.