عیلمانیەت لە نێوان “بەدوونیایبوون” و “زانستگەرایی” دا


نووسینی: ئاراس سەعید

لەڕووی فەرهەنگیەوە کورد ئەم تێرمەی لە (علمیە)ی عەرەبیەوە وەرگرتووە، واتای: زانستی بوون دەبەخشێت. مانا فەڕەنسیەکەشی “scientisme”ە، بەهۆی پاشگری (isme) ەوە، دەبێتە زانستگەرایی. لە فەرهەنگی کوردیدا ئەم تێرمە بەهەڵە لێکدانەوەی بۆکراوەو، “عیلمانییەت” بەرانبەر وشەی “سیکولاریزم” بەکاردەهێنرێت. لە بنەڕەتدا ئەو تێرمە بەواتای (زانستگەرایی) دێت. (زانستگەرایی: ئەو ڕێچکەو مەز ڕێبازەیە، لە توێژینەوەکانیدا پەیوەستە بەبواری زانیاری مرۆیی و گرنگی بەڕوکارە زانسیتەکەی دەدات.)
(ئەندریێ لالاند) لەفەرهەنگی ” وشە تەکنیکی و ڕەخنەیەکانی فەلسەفە”دا، ئەو وشەیە لەبەرانبەر “ٓscientisme” ئەڵمانی دادەنێت. بەڵام وەکو ئاوەڵناوێک بە زمانی ئەڵمانی “scientifique” لە بەرانبەر “wissenscaftlichkeit” بەکار دێت. ئەم زاراوەیە “wissenscaftlichkeit” جیاوازییەکەیان پاشگری “keit”دەبەخشیت. کە مانایەکی نوێ بەوشەی زانست دەبەخشێ بۆ بەزانستیکردن. “بەزانستیکردن” بەرانبەر “عیلمانیکردن” دێت. بەڵام بەواتایی؛ زەمەنی، دوونیاگەری، یان نا ئایینی نایات، بەڵکو بەواتایی شوێنکەوتوانی ڕێچکەی زانستگەرایی دێت.
دکتۆر عەلا طاهر دەڵێت؛” وشەی “بەزانستیکردن” لە بنەڕەتدا لەزمانی فەڕەنسیدا بوونی نیە، ئەمەش لەلایەن (ژان ڕۆنیە لادمیرال) پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵکو لە زاراوەی wissenscaftlichkeit ئەڵمانیەوە وەرگیراوە.” پێناسەی وردی زانستگەرایش بەتایبەتی لای “هابرماس” بەکارهێنراوە. ئەمەش بەدیاری کردنی “زانستی بوون scientifique” بەپێی ئۆرگانیەتی دەلالی چەمکەکە خۆی، گوزارشتە لەهەردوو چەمکەکە و هەردووکیان لەخۆ دەگرێت.
سەرەڕایی ئەوە کاتێک چەمکی “بەزانستیکردن wissenscaftlichkeit” گواستراوەتەوە بۆنیوەڕۆکی ڕێچکەکە، ئەوە زیاتر بەهۆی خراپی ڕاڤەکردنی ئەم چەمکەوە بووە، بۆیە گۆڕاوە بۆ دینامیکییەتی کرداری پۆزەتیڤیانەی پڕ لەجوڵە لە بونیادی بەکارهێنانیدا، لە هەمان کاتیشدا نێگەتیڤانەبووە لەلایەنی دەرهاویشتەی گشتیەوە وەکو کردارێک کە دژی پێکهێنانی هۆشیاری ڕادیکاڵانە بەکارهاتووە.
(ئەندرییە لالاند) پێناسەیەکی بابەتی زانستگەرایی کردووەو دەڵێت: ” زانست دەتوانێ شتەکان وەکو خۆی بناسێتەوەو بزانێت، هەروەک دەتوانێت چارەسەر بۆ هەموو گرفتەکان دابنێت و توانایی بەدەستهێنانی پێویستیە ڕەواکانی ئاوەزی مرۆڤی هەیە.”
“عیلمانیەت” یان “زانستگەرایی ” پەیوەندی بەو ڕاڤە سونەتی و کلاسیزمەوە نیە، وەکو ئادیۆلۆژیایەکی سیاسی، یان ڕیفۆرمخواز بەرانبەر ئایین ڕووبەڕوو بێتەوە، یان لە هەوڵی جیاکردنەوەی ئایین بێت، لە دەوڵەت.
“زانستگەرایی” ڕێچکەیەکی تایبەتی سەردەمی ڕۆشنگەرییەو لەدوایی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری یان بیری ڕەخنەیی هاتۆتە ئاراوە وەکو ڕێچکە یان ڕێبازێک، ئەم ڕێچکەیەش لەدوای سەردەمی ڕۆشنگەریی و پەرەسەندنی پیشەسازی مۆدێرنەوە لای “هابرماس” دەگاتە لووتکەو لە کتێبی (تەکنەلۆژیا وەکو زانست) بەتەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە بەکارهێنانی “عیلمانیەت” بەرانبەر بەدوونیایی بوون نادروستە و هەڵە لێکدانەوەو ڕاڤەی بۆکراوە، بەڵکو دوو تێرم و زاراوەیی تر وەکو “بە دوونیای بوون”، “نا ئایینی” دابڕانی دەسەڵاتی ئایین لە دەوڵەت، مانایی خۆیان دەپێکن ئەویش (سیکولاریزم) و (لایستێ)یە.

سەرچاوە:
د.علاء طاهر:مدرسة فرانكفورت من هوركهايمر إلى هابرماز .الناشر : منشورات مركز الإنماء القومي. تاريخ الإصدار : 01 يناير 1987

  • ئەو ناڤێ تە هاتیە بڤیسین لخاری دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.