عێراق بە هەموو پێوەرەکان شکستخواردووە و لێکترازاوە..


رێبوار حەمەلاو شوانی


بەدرێژایی مێژووی عێراق، هەمیشە وەک فریادڕەس، یان ڕزگارکەری دەوڵەت، کار لەسەر کەسایەتییەکان کراوە. ئەم دیدگایە دەوڵەتی عێراقی بەرەو ڕووی نەهامەتی و قەیرانی گەورە کردووەتەوە، بەجۆرێک وای کردووە، کەسایەتی لەجیاتی چارەسەری بۆ قەیرانەکان، قەیرانی دیكەی دروست کردووە و وڵاتی بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە. عێراق ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ ئەم تێگەیشتنە ناتەندروستە هەیە، بۆیە نە پڕۆسەی سیاسی کەوتووەتە سەر ڕێڕەوە سروشتییەکەی خۆی، نە سەرکردە سیاسییەکانیش سوودیان لەو ئەزموونە شکستخواردووە وەرگرتووە.
عێراقی لە دایکبوو بە کەمئەندامی و ‌هەڵە بە جۆرێکە کە هیچ پێکەوە گونجانێکی تێدا نییە، گەر دەیان هەڵبژاردنی تریش لەژێر فشاری ئەمەریکا و زڵهێزان و نەتەوە یەگرتووەکانیشدا حکومەتێک پێکبهێنن لەوەی پێشتر باشتر نابێت و بەردەوام ئاڵوودە دەبێت بە گەندەڵی و کێشەی ناوخۆ.چونکە عێراق حکومەتێکی شکست خواردووە، ناتوانێت لە هیچ ڕوویەکەوە سەروەری خۆی بپارێزێت و خزمەتی گەل و پێکهاتەکانی نێویدا بکات بۆیە ئەگەر دەیان هەڵبژاردنی پێشوەختە وهەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت ئەوا هیچ خزمەت بە ئایندەی ناكات و تەنها چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق گەڕاندنەوەیت بۆ سەر ڕێرەوە راستەکەی کە ئەویش دابەشبوونە بۆ سێ ولایەت جیاواز تاکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئێستا عێراق دابەشبوونی عێراقە..
دوای ئەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق گەیشتە بنبەست و لایەنەکان نەیانتوانی حکوومەت پێکبهێنن، دووبارە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەو ئاراستەیەی نێوماڵی عەرەبی شیعە، کە خۆیان وەک چوارچێوەی هەماهەنگی ناساندووە، کەوتنە دووبارە تاقیکردنەوەی چیڕۆکە ڕابردووە شکستخواردووەکان، ئەمە لەکاتێکدایە، کە کێشەی جەوهەری لە چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، نووری مالیکی بابەتی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان بەرەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی بووە، کەچی ئێستا ئەمان دەیانەوێت مالیکی ببێتە فریادڕەس و ڕزگارکەری قەیرانی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق.
بۆیە،دەستوەردانی وەڵاتان لە کاروباری عێراق و بە تایبەتی هەژموونی ئێران هاوشێوەی سووریا ، یەمەن و لوبنان هەروەها ،ئاماژەکانی دەوڵەتی شکستخواردوو خۆی لە زیادبوونی توندو تیژی و تاوان دەبینێتەوە، لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی مەرکەزی و، فەشەلی دەوڵەت وای لێ دێت یاسا تیایدا نیمچە وون بێت، ئەوەش وا دەکات گروپەکانی تاوان لە شارەکان بڵاوببنەوە و، بازرگانی چەک و، ماددە هۆشبەرەکان بڵاوببێتەوە، هێزەکانی پۆلیسیش توشی پەککەوتن و شەلەل بن، بێ سەروبەری دەبێتە مۆرکی هەموو وڵات.شکستخواردوو لە سەپاندنی دەسەڵات، واتە دەوڵەت نەتوانێت پارێزگاری لە هاوڵاتیانی بکات لە توند و تیژی.دەستەبەرنەکردنی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان، بۆ هاوڵاتیان.نەتوانێت لەبەرامبەر هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پارێزگاری لە ڕەوایەتی خۆی بکات.
مێژوو سەڵماندی کە عێراق قۆناغی چاکسازی تێپەڕاندووە، واتەلەم ڕێگایەوە کێشەکان قابیلی چارەسەرکردن نین،سەرجەم ھەوڵەکانی ڕابردوو لەم ڕوەوە شکستیان خواردووە، لەئێستاشدا شتێك بەناوی ژێرخان و ھەل ومەرجی چاکسازییەوە لەئارادا نیە. گۆڕانیش لەڕێی شۆڕش وڕاپەڕینیەوە دەرفەتی وای لەبەردەمدا نییە ، بەحوکمی ئەوەی بەئەگەری زۆر سەری لە فەوزاو جەنگی ناوخۆوە دەردەچێت.ئەوانەی لەئێستادا بڕیاریان بەدەستەو سەرکردەو ھێزی سیاسین وچارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان دەکەوێتە ئەستۆیان، خۆیان ھۆکارو سەرچاوەی بنەرەتی ئەو کێشە وقەیرانانەی ئەمڕۆن، لەڕابردوشدا تاقیکراونەتەوەو لەدۆزینەوەی چارەسەریدا شکستیان خواردووە و بە سەدان هەڵبژاردنی دیکەش چارەسەر نابێت یەکەم و کۆتا چارەسەر لێکترازانێتی..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.