عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆکی پێشووی جەزائیر لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، سەرۆکی پێشووی جەزائیر لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بوتەفلیقە لە 27ی نیسانی 1999 تاوەکو 2ی نیسانی 2019 سەرۆکی جەزائیر بوو. لە 2019دا خەڵکێکی زۆر دژی گەندەڵی و خراپیی بارودۆخی ئابووری خۆپێشاندانیان کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بوتەفلیقە و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسییان کرد. زیادبوونی گوشارەکان وایکرد کە بوتەفلیقە لە 2ی نیسانی 2019دا واز لە دەسەڵات بهێنێت.  بوتەفلیقە لە 2013دا تووشی جەڵتەی مێشک بوو و ئەوەش لە میدیا دووری خستەوە و لە شوێنێكی تایبەت لە ناوچەی زیرادلە لە رۆژئاوای جەزائیری پایتەخت دەمایەوە. ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ شەممە 18-9-2021 بڵاویکردەوە، بوتەفلیقە وەک سەرۆکی پێشووی جەزائیر رێوڕەسمی فەرمی بەخاکسپاردنی بۆ دەکرێت و لە گۆڕستانی شەهیدان کە بە چوارگۆشەی شەهیدانی جەزائیر ناسراوە، بەخاک دەسپێردرێت. بوتەفلیقە لە 2ی ئاداری 1937 لە شاری وەجدەی مەغریب کە داروسێی جەزائیرە لەدایکبوو، لە سەردەمی شۆڕشی ” ئازادکردنی جەزائیر” دژی دەسەڵاتی فەرەنسا لە ساڵی 1954 تاوەکو 1962 تێکەڵی کار و چالاکییە سەربازییەکان بوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی جەزائیر، بوتەفلیقە چەندین پۆستی وەرگرت، لەوانەش بوون بە وەزیری لاوان، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری تاوەکو بوون بە سەرۆککۆمار. بوتەفلیقە چوار خول بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرایەوە و لە ساڵی 1999 تاوەکو 2019 لەو پۆستەدا مایەوە. بوتەفلیقە لە نێوان ساڵانی 1963 تاوەکو 1979 وەزیری دەرەوەی جەزائیر بووە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی هواری بومیدیەن. ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانی سەرەکیی شاندی دانوستاندنکاری تایبەت بە رێککەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 لەنێوان محەممەد رەزا شا، شای ئەو کاتی ئێران و سەدام حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەو کاتی عێراق کە رێککەوتنی دابەشکردنی ئاوی “شەتولعەرەب”ی لێکەوتەوە و شای ئێران هاوکارییەکانی بۆ شۆڕشی ئەیلوولی کورد بڕی و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی لێکەوتەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.