قەیرانی گوتاری سەردەست

حوسێن کوردنەژاد


لە سەردەمی جیاواز لە هەموو کۆمەلگاکاندا گوتارێک خۆی وەک گوتاری سەردەست نیشاندەدات. بەو واتایە کە ئەو گوتارە زۆرینە لە خۆ کۆدەکاتەوە و دەبێتە رێنوینی کردەی کۆمەڵایەتیی تاک و گروپ و ئەحزاب و دەزگاکانی دەوڵەتیش.

قەیرانی گوتار لە هەرێمدا بەر لە هەموو شت خۆی لە نەبوونی گوتاری سەردەستدا دەردەخات، یانی خۆی لە فرەگمێنتاسیۆن و پچڕپچڕبوونی گوتاردا دەردەخات. بۆیە هیچ یەک لە گوتارەکان کە هەن سەردەست نین.

کۆمەڵگای ئێمە لە دەورانی رێفراندۆمدا توانی ببێتە خاوەن گوتاری سەردەست بۆ ماویەکی کورت. ئەوەی ئێستا هەیە و دەکرێ قامکیان لە سەر دابنێین، بریتین لە سێ گوتاری تێکدەر و زیانبەخش و لاواز.
یەکەمیان: پۆپۆلیزمێکی نەخوێندەواری بێ کیفایەت کە بوونی خۆی لە سەر دژایەتیی ئەوەی کە هەیە دەبینێت، بۆیە چارەنووسی گشتی و کۆمەڵگای لا گرنگ نیە، بڵکو تەنیا و تەنیا خوازیاری زیادکردنی لایەنگرانی خۆیەتی بە هەر نرخێک؛ بەر پرسیار نییە و قەتیش ئامادەبنییە بەرپرسیارییەتی بگرێتە ئەستۆ. تاکتیکی کاریشیان تێکدانە. هەرچەندە زیاتر تێکبدەن ئەوەندە زیاتر خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن. بۆچوونێکی خۆ مێحوەر و خۆبین و خۆناوەندە و لە کورتخایەن و درێژخایەنیشدا سوودی بۆ کەس نابێ. هەر بۆیەشە کە پێویستە رەتبکرێتەوە. لەم بوارەدا لە دوو دەیەی رابردوودا تەجرووبەمان هەیە.

بۆ دەسنیشانکردنی گوتاری ی دووەم، گرنگە لە خاڵێک بە وردی تێبگەین کە هەر نەوەیەک ئەرکی سەرشانییەتی بۆ دابینکردن و پێشخستنی ژیانی باشتر بۆ خۆی لە کۆمەڵگای خۆی و سەردەمی خۆی و چارەسەری گرفتەکانی بە وردی تێبگات.

ئەگەر ئەوەمان قبووڵ بێ، ئەوجا دەتوانین بپرسین گوتارێک کە خوازیارە باوەڕی دینی و کتێبە پیرۆزەکان بخاتە نێو پرۆسەی ژیانی ئابوری، پەروەردەیی و سیاسیی وڵات، داخوا لەتوانایدایە چارەسەر بۆ گرفتەکان ببینێتەوە؟ ئایا دنیای زانین و زانست لە سیستەمی ئینترنێتدا کۆنەکراوەتەوە؟ ئایا زبانی سەردەستی ئینترنێت زبانی ئینگلیزی نییە؟

ئەگەر منداڵەکانمان بەو زمانە تەیار نەبن لە دنیای زانست و زانین دانابڕێن؟ ئایا دین و رێبازی دینی لە دنیادا هەیە کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی خواست و ویستەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن و پۆست
مۆدێرنی ژیانی ئێستامان بێت؟ ئەم هەوڵ و گوتارەش بە نەبوونی توانایی وەڵامدەربوونییەوە تەنیا و تەنیا دەتوانێ خوڵقێنەری گرفتی زیاتر بێت و پێش لەو هەوڵ و ئەرکە پیرۆزەی جیلی ئەمڕۆ بگرێت کە بریتییە لە تێگەیشتن لە کۆمەڵگای ئەمڕۆمان.

گوتاری سێهەمی زیانبەخش بریتییە لە گوتارێک کە خۆی ئەنجامی گەشەی پێکهاتەیی و ساختاریی کۆمەڵگای هەرێمە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە لەوێدا کۆمکردنەوەی دەستەڵات و سەرمایە خۆی وەک بە هێزترین پڕۆسە لە نێو پڕۆسەکانی گەشەی کۆمەڵگا دەرخستووە و بۆتە بەردەبازی جێگیربوونی سیستەمی کلاینتالیستی، کە ریشەکەشی لە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵگای ئێمەدایە.

خاڵی بەرجەستەی ئەم گوتارە یان باشترە بڵێین لێکەوتەی هەرە ئاشکرای ئەم دیاردەیە بریتییە لە لاوازیی گوتاری زانستیی رەخنەگر و بیرکەرەوە و لە جیاتی ئەوە پێداهەڵگوتن بە مەبەستی رێگا خۆشکردن بۆ سۆسیال موبیلیتی تاکەکان وەک گوتار جێگیر بووە، کە دیارە گوتارێک نییە کە کۆمەڵگا بەرەو پێش ببات، بەڵکو زیانبەخشە.

ئەگەر قەرارە هەوڵ بدەین لە لە سەردەمی خۆمان و کۆمەڵگای خۆمان تێبگەین و بە گوێرەی بارودۆخی ئێستای خۆمان پێشنیاری گوتارێکی هەمەگیر و کۆکەرەوە و بەننا بکەین، دەبێ جێگرەوە چ بێت؟

لە چەند ساڵی رابردوودا هەم کۆمەڵگەی دەرەوە و هەمیش بۆ خۆمان درووشمی کوردستانی بەهێزمان بیستووە و تا راددەیەکیش لە بەرنامەی کاریشدا بووە، مەبەست لە کوردستانی بەهێز پێویستە ورد بکرێتەوە، کامە بەش لە کوردستان؟ کامە دەزگا و دامەزراوە بە هەر هەموومانەوە خوازیارین کە بەهێز بێ؟ وەڵامەکەی بە متمانەیەکی زۆرەوە بریتییە لە حکوومەتی هەرێم لە نەبوونی دەوڵەتدا، کە ئێستا بۆ ئێمە هەم حکوومەتە و هەمیش دەوڵەتە. لە ژیانی رۆژانەدا لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم حکوومەتدا ئەگەر بەر لە هەموو شت خۆمان شموولی بیر نەکەینەوە و لە هەر شوێنێکی ئەم حکوومەتدا گرفت و ناکارامەییەک هەبوو راستە و راست ئەو شوێنە بکەینە خاڵی تەرکیز و چارەسەر و رەخنە، هەنگاوێکی چاکمان لەم ستراتیژییەدا هەڵێناوە.
باو ئەوەیە کە بەرژەوەندییە تایبەتەکان وەک کۆسپی سەر رێگای گەشەی وڵات دەبینین و خەتای ئەوانیش دەخەینە سەر دەوڵەت و هەموویان بەیەکەوە دەکەینە ئامانجی رەخنە و تەنانەت دوژمنکارییش؛ نازانین کە بەم کارە فیشەک بە پێی خۆمان دەنێێن.
حکوومەت و بەرژەوەندییە تایبەتەکان باشترە لە بەرژەوەندیی میللەت و گشت جیاکەینەوە و رووی تێکۆشان و هەوڵەکانمان لە بەهێزکردنی حکوومەتدا بێت؛ هەرچەندە بەهێزتر بێ کەموکوڕییەکانیش کەمتر دەبن.

ئەم کۆمەڵگایە بێ داهاتوو نییە، گرفتیشی هەیە، بەڵام لایەنی مێژوویی وەلامدەریش بۆ چارەسەری گرفتەکان و رۆیشتن بەرەو داهاتووی گەش، لەڕووی مێژووییەوە هەر حکوومەتە. ئەوەش حکوومەتێک کە لە بێ دەوڵەتیی کورددا، دەوڵەتیشە.


2022-09-03

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.