قەیران و تراژیدیا وەک ئامرازی سیاسەت

حوسێن کوردنەژاد

تراژیدیا و ڕووداوی ناخۆشی زاخۆ لە زەمینەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا ڕوودەدات کە بە قەیرانی فرەڕەهەندەوە پێناسە دەکرێت؛ داکشان و سستیی گشتیی ئابووریی وڵات، بارودۆخی پڕ لە کێشەی ژیۆپۆلیتیکی ناوچەکە، بێکاریی بەرچاوی گەنجان و بێتوانایی سیستەم لە ئیدارەدانی ئابووری و سیاسەتی وڵات، ناهاوسەنگیی نفوزی وڵاتانی هاوسێ لە عێراقدا و لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکرانیا و نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون لە سیستەمی ئابووریی جیهانیدا و ناردنە دەرەوەی گرفتە ناوخۆییەکانی تورکیا و ئێران بۆ دەرەوەی خۆیان، چەندین ڕەهەندی ئەم بارودۆخە پڕ لە قەیرانەیە.
لە ئاستی عێراقدا ئاکتۆرەکانی سەر بەو وڵاتانە لە ئاستی هەرێمدا سیاسەت دەکەن. حکوومەت هەوڵی ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان ئەو هەموو هاوکێشەیەدا دەدات؛ هەر کە دەرگایەکی تازە دەکرێتەوە کە هەرێم هەنگاوێک بەرەو پێش هەڵبێنێت، هەڕەشە و مووشەک و داگیرکاریی خاکەکەی دەکەوێتە دەستووری کاری وڵاتانی نەیار. گشت ئەمانەش لە حاڵێکدایە کە ستراتیژی سەرەکیی تورکیا و ئێران بریتییە لە: یان نەمان یان بێدەستەڵاتیی هەرێم تاکوو ئەگەریش ما، لەژێر ڕکێفی خۆیاندا بێت.

“لە ئاستی عێراقدا ئاکتۆرەکانی سەر بەو وڵاتانە لە ئاستی هەرێمدا سیاسەت دەکەن”


لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا ڕووداوی زاخۆ وەک ئامرازی سیاسەت بە شێوەی جیاواز لەلایەن ئاکتۆرەکانەوە بەکاردێت. هەڵسوکەوتی بەرپرسانی هەرێم لە لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا پڕۆئەکتیڤ و چالاکانە و دروست بوو.
ئاکتۆرەکانی عێراقی بۆ لاوازکردنی هەرێم خوازیارن سوود لەم ڕووداوە وەربگرن. ئێران بەشێوەی خۆی و تورکیا بە شێوەی خۆی. بەردەوام بۆ ئێمەی کورد پێوەر دەبێتە ئەوە کە بەرژەوەندیی ئێـمە یانی مان و بەهێزتربوونی هەرێم لە کوێی ئەم هاوکێشانەدایە.
ڕووداوی زاخۆ پێویستە وەک خۆی ببینرێت، نابێ بە بچووک بزانرێت، بەڵام بە هیچ جۆرێکیش نابێ ئەوەندە گەورە بکرێت کە ببێتە کارتێک لە دەستی نەیاران بۆ لاوازکردن و ئاڵۆزکردنی بارودۆخ و پێگەی هەرێم.
تەرکیز جگە لە خوێندنەوەی نەخشەی گشتیی ناوچە و عێراق، پێویستە لەسەر درووشمی سەرەکیمان بێت کە ئەوەش بریتییە لە “کوردستانی بەهێز”، ئەوەش مومکینە بەڕێگای بەهێزترکردنی کوردستانەوە.
ڕووداوی زاخۆ و لە داهاتوودا زۆر ڕووداوی تری هاوشێوە یان خراپتر چاوەڕوانمانن، لە هەموویاندا یەک پرسیار ڕێنیشاندەر دەبێت: چۆن هەرێم بەهێزتر بکەین؟


2022-07-25

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی لێرە بەلاڤبووی …

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.