كورته مێژوويهكى ههرێمى كوردستان
- زێ بادینان ، دیرۆک:
بە كورتە باسێك دەست پێ دەكەین و بۆ ماوەیەكی كورت، خوێنەری بەرێز لە گەڵ خۆمان بۆ قوڵایی مێژووی ئەو هەرێمە رادەكێشین و هەڵبەت ئەمەش تەنها بە مەبەستی ئاشنایی گەشتیارانی ئازیز بە ئەنجام دەگەیێنین. لای هەمووان روونە كە كوردستان بێشكەی شارستانیەت و ناوەندی دەركەوتنی یەكەم شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە، بەڵام نەك (هەرێمی كوردستانی عێراق) و بەڵكو هەموو خاكی كوردستان كە بە داخەوە لە ئێستادا دابەش بووە بەسەر وڵاتانی (عێراق، سوریا، توركیا و ئێران). هەروەها هەندێ لە كوردان لە پارێزگای خوراسانی ئێران و وڵاتانی یەكێتی سوڤیەتی پێشوو وەك (ئازەربایجان، ئەرمەنستان و گورجستان و … هتد) دەژین.
كوردستان خاوەنی شارستانیەتێكی زۆر كۆنە و ئەم بابەتەش لە لایەن شوێنەوارناس و رۆژهەڵات ناسەكان بە دۆزینەوەی ئاسەوارە كۆنەكان سەلمێندراوە، كۆنی هەندێك لەو شوێنەوارانە دەگاتە زیاتر لە شەست هەزار ساڵ و دووبارە راستی شارستانیەتی كۆنی كوردی پشتراست دەبێتەوە. بۆ نمونە دۆزینەوەی چەندین نمونە لە ئێسك و پروسكی مرۆڤە سەرەتاییەكان لە ئەشكەوتی شانەدەر كە دەكەوێتە نزیك گوندی (زۆیا چەمێ) و مێژوویان دەگەرێتەوە بۆ دەیان هەزار ساڵ بەرلە زایێن، هەروەها كۆمەڵێك لە ئامێر و ئامرازە پێویستەكانی كشتوكاڵی كۆن كە لە گوندێ (چەرمۆ) لە نزیك شاری (چەمچەماڵ) لە لایەن لێكۆڵەر و شوێنەوارناسان لە دڵی خاك دەرهێندراون، جگە لە ئەمانەش هەندێك لە پێداویستیەكانی ناو ماڵ كە هەر لە هەمان شوێن دۆزراونەتەوە و تەمەنیان بۆ حەوت هەزار ساڵ دەگەرێتەوە. شایەنی باسە ئەم دوو گوندە لە كۆنترین گوندە كشتوكاڵیەكانی جیهان هەژمار دەكرێن.
کورد له مێژووی نوێ
بۆ زیاتر ناسینی كوردستان پێویستە زیاتر قوول ببینەوە و وەك ووتمان بچینە ناو مێژووی كوردستان، ئەم سەرزەویە لە (3000 پ. ز) بەردەوام خاوەنی حكومەتە خێڵەكیەكان بووە و دانیشتوانی رەسەنەكەی بریتی بوون لە: (كاسنی، كاردۆخی یا كاردۆكی، گووتی، لولوبی و حالدیەكان). ئەو نەتەوانە كە هەموویان لە باپیرانی ماد (كورد) بوون، دوای ماوەیەك یەكیان گرت. مادەكان یەكەم دەوڵەت یا ئیمپراتۆریەتی بەهێزی ئەو ناوچەیە بوون كە توانیان لەشكری گەورە پێك بهێنن و ناوچەگەلێكی زۆر بخەنە ژێر ركێفی خۆیان، ئەوان بوون توانیان حكومەتە خوێنرێژەكەی ئاشوور لە ناو ببەن. دەوڵەتی ماد (هۆخشتەرە) توانی دەوڵەتە بەهێزەكانی ئەوكاتی وەك (ئاشوور و بابل) لاواز بكات و دەستیان گرت بەسەر تەواوی ئەرمەنستان و ئاسیای بچووك تا دەگەیشتە رووباری هالیس. عیلام، پارس، هێركانی، تەبەرستان و باكتریا لە ژێر ركێف و فەرمانی مادەكان بوون. ئەو دەوڵەتە بوو كە بنەماكانی بەرێوەبردنی وڵات، یەكگرتنی خێڵەكان و رێكارەكانی جەنگی داهێنا، هەروەك (كوروش) دامەزرێنەری زنجیرە پاشایەتی ئەخمینیەكان (هەخامەنشیەكان) سوودی لە داب و نەریت و رێورەسم و تەنانەت شێوازی پۆشاكی مادەكان بینیوە.
بۆ یەكەم جار ناوی ماد لە كەتیبەی بهردینی (شەلەم نەصری دووەم) هاتووە و هەروەها (شەمسی ئاداد) ناوی مادەكانی هێناوە، (تیگلات پالسەری چوارەم) لە (744 پ. ز) لەشكركێشی كردۆتە سەر مادەكان. بە داخەوە پاشماوەی شوێنەوارەكانی ئەوكات بە كەمی ماونەتەوە و هەندێك لە شوێنەوارە بەناو بانگەكانی ئەوكات بریتین لە: (پەیكەری بهردینی شێرێك لە نزیك هەمەدان، روخساری پیاوێك بە پۆشاكی مادەوە كە لە سەر بەرد هەڵكەندراوە لە نزیك دەخمەیەك لە سەرپێڵی زەهاو، وێنەی فروهەر لە سەر بەردێك و لە سەرووی دەخمەیەك لە لورستان كە لە ئێستادا بە “ژووری فرهاد” ناو دەبرێت، وێنەی پیاوێك لە كاتی نزادا لە دەخمەیەكی بچووك كە لە سەر بەرد هەڵكەندراوە و لە گوندی “نواسحەق وەند” لە نزیك كرمانشاهە، وێنەی شا و زانایەكی ئایینی كە لە دوولای ئاگرێك لە ئەشكەوتی قزقاپانن و سەرەڕای ئەمانە شاری هەمەدان بە حەت قەڵای رەنگاورەنگ و ئەو كۆشكەی كە لە ناویدا هەبووە) ئەمانە هەموویان دەرخەری شارستانیەتی گەشاوەی مادەكانن. مێژووی ماد لەگەڵ دەستپێكی ئەخمینیەكان كۆتایی هات و یۆنانیەكان دەوڵەتی ئەخمینی (پارس، ماد) یان لەناو برد و دوای ئەوان یۆنانیەكان بوونە حوكمرانی ئەو سەرزەویە.
پێویست ناكات تا مێژوو دووبارە بنوسینەوە و تەنها دەڵێین دەوڵەتەكان یەك بەدوای یەكدا هاتن و رۆیشتن،
نەیارانی كورد بەردەوام لەبیری دابەش كردنی كورد و خاكە فراوانەكانیان بوون و بۆ ئەمەش خۆیان لە هیچ كردەوەیەك نەپاراست.
بەڵام كورد بەردەوام بەشێكی گرنگی دەوڵەتداری ئەو ناوچەیە بووە و هەروەها وێڕای بوونی ئەو گوشارە زۆرەی بەرانبەریان كراوە، بەردەوام دەسەڵاتی ناوچەكانی خۆیان بەدەستەوە بووە. نەیارانی كورد بەردەوام لەبیری دابەش كردنی كورد و خاكە فراوانەكانیان بوون و بۆ ئەمەش خۆیان لە هیچ كردەوەیەك نەپاراست. یەكەم كۆششی گەورە بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن هەر دوو ئیمپراتۆری بە رەچەڵەك توركی (سەفەوی و عوسمانی) و بە هۆی جەنگی چاڵدێران بە ئەنجام گەیشت. ئەو جەنگە لادێ و ئاواییە كوردیەكان وێران كرد و خاكەكەیانی كردە سووتماك، دانیشتوانەكەشیانی لەناوبرد. هەردوو دەوڵەت بێ باك بوون لەو كارانە، چونكە جەنگ لەناو خاك و ماڵی كوردان بوو. لە جەنگی چاڵدێران بە كردەوە خاكی كوردستان بۆ یەكەم جار دابەش بوو و دوای ئەمەش لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە (دوو دوژمنی سەرسەختی كورد) و لە سەدەكانی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا، دابەشكاریە سنووری و ئیداریەكان بەجێ هێندران.
دواجار لە سەدەی رابردوو و دوای شكستی عوسمانیەكان لە بەرانبەر هاوپەیمانە ئەوروپیەكان، لە ساڵی (1916 ز) بە پێی پەیماننامەی (سایكس بیكۆ)، كوردستانی گەورە لە لایەن (روسیا، فەرەنسا و بەریتانیا) بۆ چوار پارچە و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كرا. لە دەست چوونی سەربەخۆیی كوردان و لەناوچوونی یەكپارچەیی كورد، هاوكات بوو لە گەڵ ستەم و بێدادی زۆر كە بوونە هۆی لاواز بوونی كورد. بە پێی رێكەوتنی (سایكس بیكۆ) باشووری كوردستان لە ساڵی (1925 ز) لە گەڵ هەریەكە لە دوو ولایەتی (بغدا و بصرا) یەكی گرت و ووڵاتێكی تازە بەناوی عێراقی لێ كەوتەوە و ئەمەش خۆی بوو بە دەستپێكی گەورەترین جۆرەكانی جینۆسایدی كوردان لەم پارچەیە لە خاكی كوردستان.
دەوڵەتە تازە دروست بووەكەی عێراق، هەرلە سەرەتاوە بە پشتیوانی بەریتانیا كەوتە پێشێلی مافەكانی كورد و لە بەرانبەریشدا، بزوتنەوەی ئازادیخوازی كورد لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان و بۆ وەرگرتنەوەی ماف و مێژووە زەوت كراوەكەیان، دەستی پێكرد و هەرگیز نەگیرسایەوە. لە ساڵی (1958 ز) دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراق رووخا و خۆراگری كورد لە بەرانبەر ئەو ستەمانەی بەرانبەری دەكرا، بوو بە هۆی چەسپاندنی ناوی نەتەوەی كورد وەك دووەم نەتەوە لە دەستووری ئەو وڵاتە.
زۆری نەخایاند حكومەتی عێراق دەستووری بن پێ كرد و مافەكانی كوردی بەجێ نەهێنا و ئەمەش كاردانەوەی كوردی لێ كەوتەوە. لە بەرانبەردا حكومەتی عێراق لە جیاتی بەخۆدا بچێتەوە، لە ئەیلولی (1961 ز) هێرشی نامرۆڤانەی لە دژی كورد لە رێگەی فرۆكەكانی دەست پێكرد و بوە هۆی سەرهەڵدانی شۆرشی مەزنی ئەیلول. خۆراگری گەلی كورد و خوێنی هەزاران شەهید لەو شۆرشە، بووە هۆی بەدی هاتنی رێكەوتنی (ئازاری 1970 ز) لە نێوان سەركردایەتی كورد و حكومەتی بەعس، لەو رێكەوتنە دان بە بوونی نەتەوەی كورد نرا. بەڵام دیسان حكومەتی عێراق پێشیلی ئەو پەیماننامەی كرد و لە (1974 ز) یەك لایەنە ئەو رێكەوتنەی هەڵوەشاندەوە و جەنگی بەرانبەر بە كورد هەڵگیرساندەوە. ئەو جەنگە زۆر وێرانكار بوو و بۆوە هۆی رشتنی خوێنی هەزاران شەهید بەناحەق و هەزاران لادێی كوردی بە تۆپ و بوردمانی وەحشیانە وێران كرد.
كردەوەكانی حكومەتی بەعس تەنها بە تاوانە دژە مرۆڤایەتیەكانی نەوەستا، بەلكو ئەوان بە ووردی سیاسەتی زەوی سووتاویان لە دژی خەڵكی بێ تاوانی كورد دەست پێ كرد و بیرە ئاوە و جۆگەكانیان ووشك كرد، دارستانەكانیان سووتاند و ئاوەدانیەكانیان وێران كرد. ئامانجی ئەوان تەنها لەناو بردنی كورد بوو لە رێگەی لەناو بردنی سەرچاوەكانی ژیانی ئەوانەوە. ئەوان بۆ ئەم مەبەستەیان سوودیان دیت لە كۆمەڵە سیاسەتێكی نەفرەت لێكراوی وەك: (وێران كردنی زیاتر لە چوار هەزار لادێ، گواستنەوەی دانیشتوانی لادێكان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان و سپاردنی زەوی و زاری ئەوان بە عەرەبی هاوردە).
دەوڵەتی بەعس بە عەقلیەتێكی كاڵ فامانە، ئامانجی لەناو بردنی كوردیان هەبوو و لەو پێناوشدا هەموو كردەوەیەكی وەحشیانەیان بە ئەنجام گەیاند، ئەوان بە زەبر و هەرەشە كوردە (ئێزیدی، شەبەك و فەیلیەكان) یان ناچار بە گۆرینی رەگەزنامە كوردیەكانیان بۆ عەرەب كرد. لە رۆژی (5/4/1980ز) دەستیان كرد بە لەناو بردنی كوردی فەیلی لە بهغدا و لە رۆژهەڵاتی بەغداوە ئەو كارەیان دەست پێكرد. ئەوان دوای زەوت كردنی ماڵ و موڵكی فەیلیەكان، پێنج هەزار كەسیان لێ كوشتن و ئەوانی دیكەیان لە ووڵات دەركرد، بەشێكی زۆریان بۆ ئێران دەركردن. ئەو وەحشیگەریە بۆ ئەوان بەس نەبوو و لە (31/7/1983 ز) هەشت هەزار كەس لە بارزانیەكانیان برد و بەرە بەرە لەناویان بردن. حزبی بەعس خۆی بەو كردەوانەوە گرت و دەستە دەستە خەڵكی بێ تاوانی كوردی لەناو دەبرد و هیچ شوێنەواری نەدەهێشتن. سەرەرای هەموو ئەوانە، بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد بەردەوام بوو و سەریان بۆ ئەو ستەم و بێدادانە شۆر نەكرد كە دژی بەها مرۆڤایەتیەكان بوون.
“گولله باران كردنی شۆرشگێران لە شوێنەگشتیەكان”
ئەشكەنجە سەختەكانی زیندانە تاكەكەسیەكان، گولله باران كردنی شۆرشگێران لە شوێنەگشتیەكان، رووخاندنی لادێ و شارەكان و كوشتنی بە كۆمەڵی كوردان، بەعسیەكانی تێر نەكرد و بۆیە فرۆكەكانی ئەو رژێمە بۆگەنە هەستان بە بۆردمانی كیمیایی ناوچەی (بالیسان و شێخ وەسان) و تەنها لە چەند ساتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی بێ تاوانی ئەو شوێنانەی لەناو برد. ئەم جارە تەنها مرۆڤەكان نەبوون كە دەمردن، بەڵكو باڵندە و ئاژەڵە ماڵی و كێویەكانیش بە گشتی دووچاری هەمان چارەنووس بوون.
كوشتار و ستەمی رژێمی بەعس گەیشتە رادەیەك كە نەزوبان دەتوانێت باسی بكات و نە گوێكان بیبیستن، ئەمجارە رژێم بۆ لەناو بردنی كورد و بە بێ شەرمی تەواو، سوودی لە ناوی سورەتی پیرۆزی (انفال) وەك سەرپۆش بۆ وەحشیانەترین پرۆسەی سەربازی یا جینۆسایدی كورد وەرگرت. ئەو پرۆسەیە لە (19/2/1988) دەستی پێكرد و تا (6/9/1988) بەردەوام بوو و بە شەش قۆناغ بەرێوەچوو. مەبەست تاڵان و كوشتن و لەناو بردنی كورد لە باشوور بوو بەكاربردنی ووشەی (انفال) خۆی باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی ماڵ و خوێنی كوردیان بە حەڵال زانیوە. ئەو هێرشانە تەواوی ناوچە و شارەكانی (كەلار، كفری، دەربەندیخان، خانەقین، دووبز، چەمچەماڵ، قەرەداغ، دۆڵی جافایەتی، زاخۆ، دهۆك، دەوروبەری كەركوك، دەشتی كۆیە، شەقڵاوە و ئامێدی) گرتەوە و لە ئاكامدا سەد و هەشتا و دوو هەزار كەس لە ژن و پیاو و منداڵی بێ تاوان، لەو پەڕی دڕندەیی بەرەو دەشتە وشكەكانی باشووری عێراق بردران و بەشێك لە ئەوان لە برسان و لە تینویەتی مردن، ئەوانی دیكەش بە زیندوویی خرانە ناو گۆرە بە كۆمەڵەكان و بەم شێوەیە (182000) مرۆڤ شەهید كران، بەبێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێك و تەنها لە پێناو كورد بوونیان.
هەڵەبجە شارێك كە ناوی تا هەتایە دەمێنێ، تاوانێكی دیكە كە تا هەتایە لە ناوەندە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەكاندا وەك نمونەی چەپەڵترین كاری مرۆڤ دەگوترێت و دەگوترێتەوە. تەنها لە ماوەی چەند خولەكێكدا و لە (16/3/1988) بومبی كیمیایی بەعسەكان، لە جۆری خەردەل و بە بۆنی سێو، پێنج هەزار كەس لە ژن و منداڵ و پیاوانی ئەو شارەی بەرەو بارەگای خودا و بەهەشتی بەرین فڕاند و زیاتر لە دە هەزار برینداری لێكەوتەوە. ئەو بوردمانە نەتەنها بوو بە هۆی ژهراوی بوونی ئاسمان و زەوی ئەو شارە و دەوروبەری، بوو بە هۆی لەناو چوونی هەموو جۆرەكانی رووەك و ئاژەڵەكان. تا بە ئەمرۆش زۆرن ئەو كەسانەی كە بە هۆی كاریگەریە نەرێنیەكانی ئەو گازە، ژیانیان لە رەنج و ناخۆشیدا بەسەر دەبەن.
ستەم و زۆری بەعس بۆوە هۆكاری راپەرینی گەلی كورد لە (5/3/1991)، ئەو راپەرینە بەعسی بە تەواوەتی لە كوردستان دەركرد و بەداخەوە پێنەگەیشتوویی جیهان بۆ بە هاناوە هاتنی گەلی كورد، بوو بە هۆی گەرانەوەی ئەو رژێمە بۆ هەندێك لە بەشەكانی ئەو هەرێمە. بەڵام بەشەكانی دیكەی باشوور كە بە هەرێمی كوردستان ناسراون، توانیان دامودەزگا و دامەزراوەی حكومەت بۆ خۆی دابمەزرێنێت و تا بە ئەمرۆ بەردەوامە. دوای رووخانی رژێمی بەعس و پرۆسەی ئازادی عراق لە ساڵی (2003)، كۆمەڵێك گۆری بە كۆمەڵ لە سەرتاسەری عێراق دۆزرانەوە. بە داخەوە زۆربەی قوربانیانی ناو گۆرەكانیش لە گەلی كورد بوون و بەم شێوەیە تاوانەكانی رژێمی بەعس بەدوای یەكدا بۆ جیهانیان ئاشكرا دەبوون و بەداخەوە تاوانەكان هۆكاری لەناو چوونی ژمارەیەكی زۆری رۆڵەكانی گەلەكەمان بوو.
هاوكات لەگەڵ رووخانی بەعس، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دیكتاتۆر لە عێراق نەیەتەوە سەركار و تاوانەكان دووبارە نەبنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بەیەكەوە ژیانی باشتر بۆ هاونیشتیمانیانی عێراق لە (كورد، عەرەب و توركمان) دابین ببێت، گەلی كورد دەوری زۆر كاریگەری دیت لە دامەزراندنەوەی عێراقی تازە و حكومەتەكەیدا و لە نووسینەوەی دەستووری وڵاتدا كاریگەرانە كاری كرد. بە پێی دەستووری تازە، سیستەمی سیاسی لە عێراق بوو بە دیموكراتی فیدرالی و ناوی عێراق بوو بە (كۆماری فێدراڵی عێراق). دەوڵەتی خۆجێیی كوردیش ناوی (هەرێمی كوردستان ـ عێراق) لێنرا، لە دەستووردا ماف و دەسەڵاتەكانی لە رووی (سیاسی، ئابووری، كولتووری و بەرێوەبردن) بۆ دابین كرا. بەڵام ناوچەیەكی بەرفراوان لە خاكی كوردستانی باشوور مایەوە كە تا بە ئێستاش نەكەوتووتە ژێر دەسەڵاتی هەرێم و بە ناوی (ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم) ناو دەبردرێن، ئەو ناوچانە خاكی كوردستانی باشوورن و زۆرینەی دانیشتوانەكانیشی كوردن، بەشێكی كەمیشیان لە نەتەوەكانی عەرەب و توركمانن.
“گەشتوگوزار یەك لەو بابەتانەیە كە بەرەو پێش چوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و سروشتی جوان و دڵڕفێنی ئەو ناوچەیە بۆتە هۆی راكێشانی گەشتیاران”
ناكۆكی لەسەر بەرێوەبردنی ئەم ناوچانە لە نێوان هەرێم و حكومەتی فدراڵ هەبوو و ماددەی (58) لە دستووری كاتی عێراق بۆ چارەسەری ئەم ناكۆكیە تهرخان كرابوو و دواتر لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا گۆڕا بە ماددەی (140)، ئەو ماددەیە مافی گشتپرسی بۆ گەرانەوە بۆسەر هەرێمی كوردستان دەداتەوە بە دانیشتوانی ئەو سنوورە. لەگەڵ ئەمەشدا تا بە ئێستا ئەم ماددەیە بە تەواوەتی جێبەجێ نەكراوە و هێشتا بەشێكی مەزن لە خاكی كوردستان لە دەرەوەی بەرێوەبردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە. تا ئێستا چەند هەڵبژاردنێك بۆ پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام دراوە، ئێستا كوردستان خاوەنی دەیان دامەزراوەی حكومەتی و شارستانیە، پێشكەوتنی ئابووریش لە هەرێم بەرەو پێش دەروات. ئاسایش و ئارامیش لە هەرێم بەرقەرارە، بەیەكەوە ژیانی برایانە لە نێوان هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە كوردستان، هەرلە (كورد، تورك، موسولمان، مەسیحی و ئیزیدی و ئەوانی دیكە) لە ئاستێكی بەرزدایە.
گەشتوگوزار یەك لەو بابەتانەیە كە بەرەو پێش چوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و سروشتی جوان و دڵڕفێنی ئەو ناوچەیە بۆتە هۆی راكێشانی گەشتیاران، ئێمە تێدەكۆشین تا بە هۆی ئەو رێبەرەوە بنەما و تایبەتمەندیەكانی گەشتوگوزار لە كوردستان بخەینەبەر دیدەتان.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.