كوردستان و زەروورەتی دیپلۆماسیەتی بەرگری ..
رێبوار حەمەلاو شوانی
ناوچەكەمان رۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە چەقی ململانێ و كیشەكانی وڵاتانی زڵهێز و ناوچەكەیە بەتایبەت بۆ ئێمەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و خاوەن سەرچاوەیەكی ئابووری و وزە هەمیشە لە نێو سێرەی وڵاتانی داگیركەر ناحەزان داین بۆ دەستبەسەرداگرتن و تاڵانكاری و چەوساندنەوە ، بەتایبەت كە ئێستا هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان، چەقی هاوئاهەنگیی سەربازی و دیپلۆماسییە بۆ ڕیشەكێشكردنی ڕێكخراوی داعشی تیرۆریست وبەشێكە لە ئەندامی هاوپەیمانییەكە ، كاتی ئەوە هاتووە لە پاڵ ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە دیپلۆماسی بەرگریش بۆ پارێزگاریكردن لە داهاتوویی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی زڵهێز وئەوروپایی كە بەشدارن لە مەشق و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە بەهێزتر بكەین بەتایبەت لە رووی تەكنۆلۆژیایی مۆدێرنی سەربازی لە رووی سیستەمی ڕادار و دژە تانك و مووشەك و فرۆكەی درۆن
بۆیەدەمهەوێت بڵێم كە ، سەركردە باڵاكانی كوردستان لە هەمان كاتدا دیپلۆماسییەت و ئەركی سەربازی ئەنجام دەدەن، بەتایبەت كە وەك لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو وئێستاشدا دەبینرێت كە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بوونەتە مەیدانی جەنگێكی نێودەوڵەتی؛ و شوێنی دەستوەردان وڵاتانی هەرێمی و لە پێناو سەپاندنی هەژموونی خۆیان و بەرژوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانیشیانەوە و ئینجا دروستكردنی جۆرها گروپی میلیشایی و پڕچەككردنیان بە درۆن و چەكی پێشكەوتوو لە پێناو پێكانی ئامانجەكانیان .
زۆرگرنگە لە چ لەكانی سەردانی گەورەبەرپرسانی و وڵاتان و بەتایبەت وەزیرانی بەرگریان دیپلۆماسی سەربازی و بەرگریی كوردستان لە بەرچاو بگیرێت چونكە هەرێمی كوردستان لە رووی جیۆسیاسی و جێو ئێكۆنۆمی ناوچكە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە و هەڕەشە و پەڵاماردانەكانی دوێنی و ئەمڕۆشمان زۆربەیان زۆربەیان سنووربڕن و ڕەهەندێكی نێودەوڵەتیی تێدایە، بۆیە پێویستیی بە وڵامێكی فرەڕەهەند و نێودەوڵەتی هەیە.بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بە پێش ڕاپەڕینە شكۆمەندەی ساڵی 1991، بەرگری لە خاكی كوردستان، زیاتر لایەنی سەربازی و پێشمەرگایەتی بووە و، كەمتر لایەنی دیپلۆماسیی پێوە دیار بووە. بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان، دژی حكوومەتی عێراق هێز بەكار هاتووە. لە ئەنجامی ئەمەوە، لەوانە بووە دەستكەوتێكی دیپلۆماسی هەبووبێت یان نا، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە؛ دیپلۆماسی، بۆ بەهێزبوون بەكار دێت.
دیپلۆماسییەتی بەرگری، چەمكێكی نوێیە كە پەیوەندییەكان پێكهاتووە لە هاوكاری سەربازی و دیپلۆماسییەت. لە ڕووی ئامرازەكانەوە، چەمكی دیپلۆماسییەتی بەرگری تا ڕادەیەك جیاوازە لە دیپلۆماسییەتی ئاسایی، بەڵام ئامانجی هەردووكیان بەجێگەیاندنی سیاسەتی نیشتمانیی دەرەكییە. ئەم دیپلۆماسییەتی بەرگرییە، چەندین كاری پێویستە كە مەرج نییە هەموویان كاری سەربازی بن، بەڵام ئامانجی هەمووی پاراستن و ڕەخساندنی دۆخێكی سەقامگیر و ئاشتییە بۆ نیشتیمان ، بەتایبەت بۆ ئێمەی گەلی كورد كە هەرگیز چاومان لە خاك و نیشتیمانی هیچ وڵاتێكی دراوسێی وداگیركردنی نەبووە و هەمیشە بەرگریمان لە شوناس و مانەوەی خۆمان كردووە و نەیاران وداگیركەرانی كوردستان هەردەم هەوڵیان داوە ڕیشەكێشمان بكەن و بماسڕنەوە و هەموو جۆرە ئامراز و چەك و جبەخانەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە بەكارهێناوە گرنگ وبایەخی زۆر هەیە .
نموونەیەی زۆریش لەو بارەیەوە هەیە بەتایبەت كە بۆ یەكەم جار لە ئەو روانگە لە ستراتیژی بەریگی بریتانیا لە ساڵی 1998 بەكارهات كەئامانج تێیدا ، بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، بۆ دیاریكردنی گشت ئەو چالاكییانەیە كە دامودەزگە سەربازییەكان لە پێناوی ئاشتی و سەقامگیریدا دەیكەن. بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، سەركەوتنێكی بەرچاوی لای دەوڵەتانی تر بەدەست هێناوە.دیپلۆماسییەتی بەرگری، بریتییە لە گشت چالاكییە نێودەوڵەتییەكان، كە لەسەر بنەمای وتووێژ و هاریكاری، لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە، بە شێوەیەكی دوولایەنە یان لەگەڵ هاوپەیمانەكان، دامەزراون. مەبەست لێی، پێكانی ئامانجەكانی سیاسەتی بەرگرییە، كە ئەمەیش لە كۆتاییدا خزمەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵات دەكات.
لەهەمانكاتیشدا ، دیپلۆماسی بەرگریی دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەرگریی لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاریكردن لە قەوارە و دەستكەوتەكانی و بەستنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان جیهان و بەتایبەت وەزارەتە بەگرییەكان یان.لەگەڵ ئەوەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نییە بەڵام دەتوانێت وەك هەرێمی خاوە بەرگری بەهێز بەشداری پێبكرێت ، ئەوەش رێگەیەكی بەرهەمدار وگرنگ دەبێت وەك چۆن رێككەوتنی سەربازی لە نێوان ئەمەریكاو كوردستان و یادداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە 12/7/2016 بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و هەروەها رێككەوتنێكی دووەمیش بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان و هەروها ئامادەبوونی جێگری وەزیری ئەمەریكا لە رۆژی 21/9/2022 بوو. هەروەها گرنگە كە لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە سەربازییانەوە، پیشانی دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان بدرێت كە ئێمەی كوردستانی، لە ناوچەكەدا، بە دوای كەشێكی ئاشتی و ئاسایشێكی بەردەوامدا دەگەڕێین. پێویستە هەوڵ بدرێت پێش ڕوودانی كێشە و ململانێكان، دیدگەیەكمان بۆ ڕێگریكردن لە ڕوودانی ئەم كێشانە هەبێت.هەروەها كاتی ئەوە هاتووە كە لە دیپلۆماسییەتێكی بەرگری و بەردەوامی فرەلایەن بكرێتەوە. بۆ نموونە، نزیكبوونەوەمان لە ڕێكخراوێكی بەرگریی وەكوو پەیمانی ناتۆ، پارێزەری داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبێت.گرنگیشە كار لەسەر ناوەڕۆكی ئەم جۆرە ڕێككەوتننامانە بكرێت، بۆ ئەوەی تەنیا كارێكی سەربازی نەبێت، بەڵكوو پەیامێكی بەرگریی داهاتووی تێدا بێت، كە پێگەی سیاسیی هەرێم بەرزتر بكاتەوە.
راستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە ئەوەش هەرێمی كوردستان بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر ، ئەو كارەی رژێمی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات دەچێتە چوار چێوەی تیرۆر و دووژمنكاری و بەزاندنی سنوور و مافی دراوسێتی ، لە پێناو پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و قەوارەی هەرێم لە بەرامبەر ئەو پەڵاماردانانە و بەرەچاوگرتنی گۆرانكاری لە شێوازی بەرگری و رووبەرٍبوونەوە كان پێوستە هەرێمی كوردستان خۆی پڕچەك بكات لە بواری ئەو تەكنۆلۆژیانەی كە مووشەك شكێن و درۆن شكێنن لەگەڵ بەدەسهێنانی چەكی بەرگری و وەڵامدانەوە لەكاتی پێوست كە ئەوەش مافێكی رەوایی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی كە دانپێنانی نێودەوڵەتیی هەیە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.