كۆنفرانسی یەكڕیزی

ئەسرین عاسی شوانی

سەرۆک بارزانی وەک دید و ستراتیژێكی دوورمەدای، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە گەلی کورد یەکهەڵوێست و یەکگرتوو بێت و نێوماڵی کوردی پەرتەوازەیی پێوە دیار نەبێت.

بۆیە دیدی بۆ دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، بە هەمان شێوە یەكخستنەوەی ریز و رێکخستنەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەکان بووە، تا هەموو دیدە جیاوازەکان وەکوو کورد، بە دیدگایەکی یەکگرتووەوە داوای مافە ڕەواکانیان بکەن و دەسکەوتەکانیان بەدەست بهێنن، رۆڵی مەرجەعانەی سەرۆک بارزانییش بوو كە ڕۆژی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥، وەک وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردانی ڕۆژئاوا، كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەسترا.
هەروەک ئەحمەد تەمر، نوێنەری هەرێمی کوردستانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: “سه‌رۆك بارزانی رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، لەمێژە هەوڵ و خه‌باتی سه‌رۆك بارزانی بۆ یه‌كڕیزیی كوردی‌ رۆژئاوای كوردستانە‌ و به‌رده‌وام له ‌خه‌می رۆژئاوای كوردستاندا بووه‌ و رۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌بووه‌ بۆ یه‌كڕیزیی كورد.“
دەبینین کە سەرۆک بارزانی بێ وچان لە هەوڵی ئەوەدا بووە، کەوا نێوانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لێک نزیک بکاتەوە و پێکیان بهێنێت، بەوەش هەم خاڵی هاوبەشی بەهێزی لەنێوان كورداندا بنیات ناوە و هەم خەونی دوژمنانی کورد و کوردستانی لە گۆڕ ناوە، لایەنە سیاسییەکانی کوردیشی تێگەیاندووە، کەوا یەکهەڵویستی و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەرهەمەکەی چەندە بەپێز و پڕ دەستكەوت دەبێت.
بێ شك هەر ئەو هەواڵانەش بوون كە تا ڕادەیەكی باش لەسەر ئاستی جیهان هەمبەر بە رووداوەكانی سووریا قەناعەتێكی وەها دروست بووە کە بێ چارەسەری و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە سووریا، بارودۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ.
لە هەمووی گرنگتر، کورد بە بەستنی کۆنفراسی یەکهەڵوێستی، کە بناغەداڕێژەری ئەو کۆنفراسە سەرۆک بارزانی بوو، بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەوە، کە سەردەمی تاکڕەوی و دەمارگیریی حزبی بەسەر چووە و کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە لێك نزیك بن و یەكدەنگ بن و پێكەوە بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن و پێكەوە مافی خۆیان وەدەست بێنن.
 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.