لاهۆر شیخ جەنگی، بڕیاریکی یەکێتی رەتدەکاتەوە


لاهوور شێخ جەنگی نووسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و دەڵێت، دەسەڵاتەکانی وەکو هاوسەرۆک کە لە 15ی تەممووز لێی وەگیرانەوە، لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی وەردەگرێتەوە و بڕیاری دوورخستنەوەی و سڕکردنی چوار ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتیش رەتدەکاتەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە چەند سەرکردایەتییەکی یەکێتی دەستی کەوتوون، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-11-2021 لاهوور شێخ جەنگی نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و سەرجەم بڕیارەکانی رۆژی 2ی تشرینی دووەمی 2021ی رەتکردوونەتەوە کە تایبەت بوون بەدوورخستنەوەی خۆی و سێ سەرکردایەتیی یەکێتی لە ریزەکانی حیزبەکە و سڕکردنی یەکێکی دیکە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نووسراوەکەی لاهوور شێخ جەنگی ئەمڕۆ گەیشتووەتە سەرکردایەتیی یەکێتی و لە سێ بڕگە پێکدێت؛ لاهوور شێخ جەنگی لە یەکەمیاندا دەڵێت: “هەموو ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە خۆم و چەند هەڤاڵانی سەرکردایەتییەکی یەکێتی دراون رەتدەکەمەوە، بەهۆی ئەوەی ناپەیڕەوین و لە دەرەوەی کۆبوونەوەی فەرمیی سەرکردایەتی دراون”. هەرچی لە بڕگەی دووەمی نووسراوەکەیە نووسیویەتی، “لەپێناو پاراستنی کەرامەتی یەکێتییەکەمان.. بڕیارمدا هەموو ئەو دەسەڵاتە جێبەجێکردنانەی بەشێوەیەکی کاتی تا ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رادەستی هەڤاڵ بافڵم کردبوو.. بۆ لەمەودوا لەبەر پابەندنەبوون بە خاڵ و بڕگەکانی ناو کۆبوونەوەکە.. بەکاری دەهێنمەوە”. لە خاڵی سێیەمیشدا لاهوور شێخ جەنگی داوای ئەوە دەکات کە گشتاندنی نووسراوەکە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزب بکرێت.  رۆژی 2-11-2021، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاری دوورخستنەوەی لاهوور شێخ جەنگی و سێ ئەندامی سەرکردایەتی لەریزەکانی دا کە ئەوانیش” ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەمەد، شادومان مەلا ساڵح”بوون، لەگەڵ سڕکردنی ئاراس شێخ جەنگی لە ئەندامێتی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە.  رۆژی 8ی تەمموزی 2021 کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بە روونی دەرکەوتن و بافڵ تاڵەبانی بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕین.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.