لەبارەی باردۆخی ئێرانەوە


ئاراس سەعید

“دۆڵۆز” پێی وایە هەموو ڕووداوێک دوو ڕەهەند لەخۆدەگرێت: ڕەهەندی پێش ڕووداو- Virtualو ڕەهەندی دوای ڕووداو-Actual. بۆ شلۆڤەکردنی باردۆخی ئێران لەسەر دوو ڕەهەند دەوەستین :-

یەکەم/ ڕەنگە بۆچونەکانی “ماکس ڤێبەر” لە بارەی دەوڵەتەوە لە هەموو بۆچونەکانی دیکە زیاتر، یارمەتیمان بدات، تا لە باردۆخی سیاسی ئێران تێبگەین.
بە بۆچونی “ڤێبەر” :(دەوڵەت خاوەنی مۆنۆپۆڵکردنی شەرعییانەی هێزە-power.) دەوڵەتێکی ئایینی وەکو ئێران، لە ڕێگەی جومگەکانی دەسەڵات دونیای سیمبولەکان و پڕۆسەی وەک یەکلێکردنەوە پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوە و مافی خۆنمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بەجۆرێکی تر، پڕۆسەی بەئەویدیکە کردنی سەبجێکت لە ڕێگەی سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.
” مێشڵ فۆكۆ” سەبارەت بە دیسپلینی جەستە ڕای وایە كە جەستەی مرۆڤ لەم كاتەدا دەخزێنرێتە نێو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات جەستە هەڵدەلوشێ، تێكیدەشكێنێ‌‌ و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە، دیسپلینی جەستەیی ملكەچی و گوێڕایەڵی و ئامادەی قبوڵكردنی دیسپلینی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات.
بەر لە سەردەمی مۆدێرن سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە. واتە: دەسەڵانی دیسپلین تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە. یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەدات و هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچكردن و لارەملێی تاكەكان و فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستبوو گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەنو جوڵە ڕێساو یاسایان بۆ دروست بكرێ‌‌و کۆی گۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات.
ئێران دەوڵەتێکی پۆلیسی ئایینیە. لە ڕێگەی شەرعیەت و بنەما ئایینییەکانەوە، بنەمای پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوە، ئەویش بە داتاشینی سیمبول و مومارەسەکردنی دەسەڵاتی ئایینی لە ڕێگەی دیسپلینەوە.
لە دەوڵەتێکی وەکو ئێران دا، تەواوی کایەکانی دەوڵەت وەکو: یاسا، سوپا، ڕۆشنبیری، پەروەدە، ئایین …هتد خاڵین لە سەربەخۆی و بەتەواوی کایەی سیاسین.
دەوڵەت خاوەنی مۆنۆپڵ کردنی هێزە. تەواوی دامەزراوەکانی بەشێکی دانەبڕاون لە جومگەکانی دەسەڵات وەکو “فۆکۆ” دەڵێت: لەم كاتەدا مرۆڤ دەخزێنرێتە نێو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات جەستە هەڵدەلوشێ، تێكیدەشكێنێت و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە. دەوڵەتی ئێران؛ لە نێو دوونیای سیمبولەکانەدا کۆمەڵگە بوونیاد دەنێتەوە، وەکو (سەرپۆش، ڕیش، حیجاب و یەکپۆشی). لەم ڕێگەیەشەوە، مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی، مافی ئازادی کەسێتی و ئایینی و ئەتنی و تەواوی سیمبولە جیاوازەکان دەسڕێتەوە و لەڕێگەی یاساوە شەرعیەت بەو پڕۆسیسە دەدات.
یاسا لەبنەڕەتدا ماسكی دەسەڵاتە، ئامرازی داڕشتنی فۆرمەكانیەتی، داپۆشینی شكڵی ڕاستەقینە و ماکی دەسەڵاتە “كە دیوی سەركوتیەتی” لەبەر چاوی كۆمەڵگە، یاسا كۆی دیوە ناشرینەكانی دەسەڵات دادەپۆشێت و ڕوویەكی جوانی درۆیینەی بۆ دروست دەكات و سزاكانی بە ئامرازی بەرقەرار كردنی عەدالەت دەناسێنێت و ڕەوایەتیان پێدەدات، یاسا دواجار جگە لە فرمانی سەروەر و دەسەڵاتدار شتێكی تر نییە، وە هەموو لایەكیش ناچار بە گوێڕایەڵی دەكات، واتە وەك ئەوەی فۆكۆ لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا دەڵێ: دەسەڵات یاساكانی بە پێی ویستەكانی خۆی دادەڕێژێت، پاشان گوتاری حەقیقەتی بابەتەكان بەرتەسك و سنوردار دەكات، دواتر سزا بۆ سەرپێچیەكان دادەنێت، دەسەڵات لە هەمووكات و جێگەكان یەكسانە، بەپێی هەندێ میكانیزمی لە ڕادەبەدەر دووبارەبۆوەی یاسا، حەرام كردن و سانسۆر كار دەكات، هەروەها فۆكۆ ڕای وایە”ڕواڵەتی هەمەكی دەسەڵات لە شێوەی یاسادا پیشان دەدرێت و ئاسەوارەكانی بە ملكەچی دەناسرێت”، واتە كاتێ دەسەڵات قسە دەكات ئەوا ئەو قسەیە ڕێسایە و فۆرمی دەسەڵات لە ڕۆڵی یاسادانەردا دەردەكەوێت، كە ئەندازیاری فۆڕمسازی دەسەڵاتە و یاساكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی حكومەت و فەرمانڕەوادا دادەڕێژرێت و دەبێت تاكەكان حورمەتی بگرن، نەك لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە تاكەكان دەپارێزن، بەڵكو لە جەوهەردا لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە قسەی دەسەڵاتن، پابەند بوون بەو یاسایانەوە بەدادپەروەری و لادانیش لێیان بەتاوان ئەژمار دەكرێت.

دووەم: مەرگی “ژینا ئەمینی ” بەتاوانی لادان لە یاسا و مومارەسەکردنی مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی و لابردنی سەرپۆش، هاوکاتە لەگەڵ ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی هاوشێوەیی و وەک یەکلێکردن و کوشتنی مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی هەستی یەکگرتوویی Sense of coherence. بە جۆرێک ڕووداوەکە دیواری ئەتنی و ئایینی و ئایدۆلۆژی تێکشکاندووە و زۆرینەی گروپ و توێژەکانی کۆمەڵگە بەیەک گوتار و یەک زمانی سیاسی درووشم دەڵێنەوە.
بەڵام پێناچێت، درووستبوونی یەکگرتووی گوتاری هاوبەش، ببێتە درێژە پێدەری ناڕەزایەتییەکان. ئەوەی بووە بە درووستبوونی هەستی یەکگرتووی پڕۆسێسی درێژخایەنی مومارەسەرکردنی دەسەڵاتی ئایینیە لەسەر کۆمەڵگە.
ئەوەی هەستی یەکگرتووی لە ڕێگەی گوتار و سیمبول جیا دەکاتەوە مومارەسەرکردن و خودموختاری گروپەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمەش یاخیبووان لە ڕووی ئەتنی و جیۆپەلیتیکەوە دابەش دەکات بۆ سێ گروپی جیاواز؛(فارس و ئازەری و کورد).
فارسەکان بە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئێران و پارچەبوونی ئێران ڕازی نابن. بەڵکو ناڕازەیەتییەکانیان تەنها لە دژی ڕیساکانی دەوڵەت و شەڕی بەهاکان کورت دەبێتەوە. وەلێ کوردەکان وەکو نەتەوەیەکی نێو جوگرفیایی ئێران، زمانی سیاسی ناڕەزایەتیەکانیان دەبێتە گوتاری نەتەوەیی و ئەم ڕووداوە دەکەن بەسەرەتای سەردەمێکی تازە لە خەبات و بەگژداچوونەوەی ڕژێمی ئێرانی و دەیانەوێت خۆیان دابڕن لە ڕابردوو و دەربچن لەدۆخی ناکارایی و چەقبەستوویی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.