((لەو جیهانەش تۆ مامۆستای نازدارەكەم))


نووسینی: وەفا ئەحمەد


اولادكم و اموالكم عدوا لكم. بەیانی زوو بە دەنگی مەكینە دروومانەكەی دایكم لە خەو هەڵسام.دایكم مامۆستا بوو و لەوەی كە ئێمە ئاوارە بووین و بە سێ كوڕو و دوو كچ، مووچەی مامۆستایەتی دایك و باوكم پژێوی ژیانمانی پڕ نەدەكردەوە.
دایك جگە لە مامۆستایەتی دروومانیشی دەزانی، شەرواڵی كوردی دەدووری و كوردە ڕۆژهەڵاتیانەی كە لە نزیك ماڵمان كۆمپانیای ئیزوگامیا هەبوو و سەربانی ماڵەكانیان ئیزوگام دەكرد، موشتەریە هەمیشەییەكانی ئەو شەرواڵە كوردیانە بوون كە دایك دەیان دووری. دایك شەرواڵەكانی دەدووری و باوكیشم بە كرێكارەكانی دەیفرۆشت، هەر شەرواڵەوە سێ هەزار تمەن، هەزار و پێنج سەد تمەن حەقی قوماشەكە و هەزار و پێنج سەد تمەنیش وەك سوود و قازانجی مامەلەیەكی باشبوو.
دایك ڕۆژانە سێ تا چوار شەرواڵی كوردی دەدووری، ئەو بەیانیان جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی سەرەتایی بوو و دوای نیوەڕۆكانیش بەرگدروو و چیشت لێنەر.ئەگەر چی ساڵانێكی زۆر باوكم لامان بوو،بەڵام تەنیا ئەو بیرەوەریەی كە لە مێشكمدا ماوەتەوە و هێشتاش كاڵ نەبووەتەوە، ئەوا قورئان خویندنەوەی دەمەو ئێوارەی باوكم و نوێژ خونینی لە كاتی خۆیدا بوو.
باوكم كه به مامۆستا ئەحمەد بانگ دەكرا لە دایكبووی ناوچەی كەلەك و خوێندنەكەشی لە قەرقوش تەواو كردبوو و هەر لە هەمان تەمەنی شازدە ساڵیدا ببوە پێشمەرگە و هێشتا زۆر گەنج بوو كە لە دەشتی هەولێربوو بە مامۆستا و سالانی دواتریش ئاوارەی وەڵاتی ئێران بوو.
باوكم لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كە لە نیوان كوردە ئاوارەكاندا ئەنجام دەدرا یەكم دەنگی دەهێنا، ئەو ڕۆژەش بەیانیەكەی دایكم وا خەریك بوو جلە كوردیەكەی باوكم(ڕەنگ و چوقل)ەكەی دەدووری. باوكم لە هەڵبژاردنەكان بۆ بەشداری كردنی كونگرەی یازدەی پارتی دیموكرات دەنگی هێنابوو و دەبوایە بۆ بەشداری كردن لە كونگرەدا دەستە جلە كوردییەكی هەبوایە و بەو جلانەوە ئامادەی كونگرە بیت، بۆیە لەگەڵ دایكم سوراخی دەستە جلێكیان كرد كە جوان و رێك بیت و دروومانەكەشی باش بیت،بەڵام نرخی سەد هەزار تمەنیان پێدابوون كە چی سەرجەم مووچەی دایك و باوكم بەهەردووكیانەوە نەدەگەیشتە سەد هەزار تمەن، نگە لەوەش وەك هەمیشە باوكم بیست ڕۆژێك لە ماڵ دوور دەكەوتەوە و دبێ حیسابی گوزەران و دەخلی ماڵیشمان بكردبا، هەبوونی جلە كوردیەكە ببووە گەورەترین كێشەی باوكم، ئەمجارەش وەك هەمیشە دایكم فریای كەوت و بە دەستە هونەرمەندانەكەی یارمەتیی دا، لە خراپترین هەڵۆمەرجدا هەردەم دایكم كلیلی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی باوكم بوو و پاڵپشتیی دەكرد.
ئێوارەی ڕۆژی پێشتر، دایك و باوكم پێكەوە چوونە بازاڕ و دایك لەو دوكانەی كە بۆ شەرواڵی كوردی قوماشی بە قیست دەیدا، بۆ جلە كوردیەكانی باوكی قوماشی هێنا بە پازدە هەزارئەویش لە ڕەنگێكی سەوزی سەبازی بە سێ مەتری قوماشی ناسكی گوڵدار بۆ پشتدێنی.
هەر ئەو شەویش ئەندازە و قیاسەكانی باوكمی گرت و بەیانیەكەی زوو دەستی بە دروومانی كرد و بۆ شەو جلە كوردیەكەی باوم ئامادە بوو، باوكم زۆر دڵی خۆش بوو، چەند ڕۆژ دواتر باوكم بەرەو كوردستانی باشوور كە لە ئیران پێیان دەگووت كوردستانی عێراق بۆ بەشداری كردن لە كونگرەی یازدەی پارتی بەرێكەوت و ئێمەی خوشكوبراكانیش نزیكەی بیست ڕۆژ باوكی خۆمانمان نەبینی.
چەند سال بەر ئێستا كاتیك بۆ یەكەم جار ئیمانوئیل ماكرون بوو بە سەرۆكی فەرەنسا، بابەتی ڕۆژ لە هەموو ڕۆژنامە و چاپەمەنیەكانی فەرەنسا، بە قیست وەرگرتنی جلەكانی خۆی و هاوژینەكەی بوو بۆ بەشداری كردنی ریوەڕەسمی سەرۆك كۆماری لە كۆشكی ئەلیزەی فەرەنسا. سەرۆك كۆمارەی فەرەنسا كە بە ناپلیون بوناپارتە گەنجەكەی فەرەنسا دەناسرێت بە جلە ڕێك و جوانە قیستیەكانی یەكێك لە گەورەترین پلە و پۆستەكان جیهانی وەرگرت، لەوەی كە بە دەرامەتی خۆت و لەسەر دەستی خۆت باری خزمەتكردنی گەلەكەت لە مل كەی و لە ئەستۆ بگری ئەوا ئەمە كورد و فەرەنسی نازانێت، ئەمە یاسا ڕاستەقینەكەی خزمەتێكی ڕاستەقینە و لە دڵەوەیە بۆ خەڵك و گەل و نیشتیمان، ئەمەیە دەستپاكی و ڕاستگۆیی و ئیمان بەوەی كە پارت و لایەن و حیزبەكان تەنیا دەتوانن ڕێگەیەك بن بۆ خزمەتكردنی گەل و نیشتیمان،دوای كونگرەش بەرپرسیارەتی لقی ئاكرێی پارتیان پی پێشنیاركرد،بەڵام باوكم پێشنیارەكەی ڕەتكردەوە.
ئەمە لە دڵمدا مابوو كە بۆ باوكم پێشنیارەكەی قبول نەكرد، بۆیە جارێك لێم پرسی” بابە بۆ پێشنیارەكە قبوڵ ناكەی؟!!! گووتی”من هەر چییەكم كردووە بۆ كوردایەتی كردوومە، حەز ناكەم سەبارەت بەو كارانەی كردوومە مووچە وەربگرم، من مامۆستام و تا كۆتایی ژیانیشی سەبارەت بەو كوردایەتە كرد داوای چ مووچەیەكی نەكرد و فلسێكی نەچوو گیرفانی و هەر بەو مووچەیەی مامۆستایەتی خۆی و دایكم بژێوی ژیانی دەكرد.
ئێستاش ساڵانیكە باوكم كۆچی دوایی كردووە و جێی هێشتووین و لە هەولێر ناشتیمان و هەندێ جار كە دەچینە سەر مەزاری دەبینم لە دەورووبەری گۆڕی پڕە لە گۆڕی منداڵە بچووكەكان كە لە دەوروبەریدا نێژراون، تێبینیم كردووە ئەم گۆڕەی منداڵەكان بەر لە ناشتنی باوكم لەوێ نەبوو، بەڵام لە ئێستادا دەورتا دەوری وەك گلوپە ڕووناكیەكان گۆڕی منداڵە كەم تەمەنەكانی نێژراوە، لێرەدا باوە كاتێك دڕك و گژو گیایە خراپەكان زۆر دەبن، لە وەرزێكی تایبەتدا ئاگر لە گۆڕستان بەردەدەن بۆ ئەوەی دڕكەكان و ڕووەكە خراپەكان بسووتین.من قەت ئەم دیمەنەم لا خۆش نییە، بینینی ئەو گۆڕانەی كە لەناو دووكەڵی ئاگری ئەم گژ و گیا وشكانە ڕەش هەڵدەگەڕین و گەرمای لە ڕادەبەدەری نێوەڕووی گۆڕستان ئازارم دەدات و دیمەنێكی زۆر ناشیرین لە پێش چاوما دەخوڵقێنێت بۆیە هەمیشە دەبە ئاوێكی گەورە لە گەڵ خۆم دەبەم و گۆڕو مەزاری باوكم دەشۆم و ئا ئەو كاتەیە كە قاقا پێكەنینەكان و زەردەخەنەكانی باوكم وەك دیمەنێكی سینەمایی دێنەوە بەرچاوم كە هەردەم دەیگووت(( اولادكم و الاموالکم عدوا لكم))واتا خوا دەڵێ(( چونكە ماڵ ومەنال و خیزان و منداڵەكان وابەستە بوونی مرۆڤ بە جیهانەوە زیاد دەكەن و باری ڕۆیشتن قورس دەبێت بۆیە نابێت بەهۆی ماڵ و منداڵە زیاتر گیرۆدەی زیادە خوازی ببین، چونكە ئەو كات مردن و ڕۆیشتن بۆت زۆر زۆر ئەستەم دەبێت و من هەردەم كاتێ گۆڕەكەی دەشۆم و ڕەشاتیەكەی دوكەڵێ ئاگری گۆڕستان لە سەر گۆڕەكەی لادەدەم، سەرم دەچەمێنم، لێوم دەخەمە بن گوێی باوكم و ئارام بە گوێیدا دەچرپێنم كە ” باوكە، چ باش بوو كە بە هۆی ئێمەمەوە زیاتر لە ماف و مووچەی مامۆستایەتیت داوا نەكرد،باوەڕم وایە كە ئێرە ئەو شوێنەیە كە ئیتر ئێمە بە كەڵكی ئەكتر ناهێین و هەدیسان باوەڕم وایە كە باوكم بەو هەموو منداڵە وردكانەی كە لە گۆڕستان بە دەوریەوە نێژران و چاڵ كراون، هەر لەوێش هەر مامۆستایە، ڕۆحی شاد بێت و ڕۆحی هەموو خۆشەویست و ئازیزەكانیشتان شاد بێت و بەهەشت جێگایان بێت.
((وەفا ئەحمەد-2022))

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.