لە تاران وێنەی دەسووتێ و لە سلێمانی یادی دەکرێتەوە

فرسەت سەید شکور
٥ی ١ی ٢٠٢٢

لە ڕۆژانی ڕابردوو و بە ئێستاشەوە کە ساڵیادی کوژرانی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی پێشووی فەیلەقی سپای قودسی پاسدارانی ئێرانە، خەڵکێکی زۆر لە نێوخۆی کوردستان کە خۆیان لە خەڵکانی ڕۆشنبیرو نوخبەو بەرپرسانیش دەبینێتەوە، پشوویان بە خۆیان نەداوە لە «پیاھەڵدان» بە سولەیمانی، کەچی ھەر ئەمانە ئاڵای کوردستان بە پیرۆز نازانن و لە ساڵوەگەڕی ئەو سەرکردە کوردیانەشی کە ساڵانێکی زۆر ژیانی خۆیان لەسەر ئەو خاک و نیشتمانە کردە قوربانی بێدەنگن!
ھەرچەندە دەگوترێ قسەکردن لەسەر مردوو کەمێک نەشازە بە ئاین و کۆمەڵگەکان بەڵام بە گشتی شیکاریی بۆ جووڵەکانی سەرکردەیەکی دیاری وەک”قاسم سولەیمانی” ڕەنگە بۆ زەمەنێکی دیکەش پێویستی بێت، ئەو؛ سولەیمانی فەرماندەیەکی باڵا و بەھێزی ئێران بوو بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران بوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە گشتیی، کاری ڕاستەقینەی ئەو ڕاکێشانی سۆزی ھەموو ئەو حیزب و گرووپ و ڕێکخراوانە بوو کە لەگەڵ عەقڵیەتی ئەودا یەکیان دەگرتەوە، سولەیمانی بەھۆی فکری «توندڕەو» و، دژایەتی کردنی گەلانی سەربەخۆیخوازی ناوچەکە بەرپرس بووە لە کوژرانی ھەزاران کەس ھەر لە شەڕی ئێران-عێراق ـەوە تا ئەو ساتەی کوژرا پیلانی مەترسیداری دیکەی لە ھەگبەدا بوو.
لە کوردستانیش خۆشی لەو کەسانە نەدەھات کە کوردی پاک و ڕاستەقینە و، سەربەخۆخوازن، مل نادەن بۆ داواکارییەکانی ئەو.
ئەو لەگەڵ ئەو تاقمەی کە سەربە خۆی بوون سەرپەرشتیاری داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بوون، ھەتا خۆشی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە دژی بوونی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە!

پیاھەڵدان و ستایشی نالۆژیکی

ئەوەی جێگەی داخە، کۆمەڵێک خەڵک کەوتوونەتە پیاھەڵدانی و بە پیاوی ئاشتی وەسفی دەکەن، ئادەی پێمان ناڵێن کامە ئاشتی؟ کامە ئارامی؟ ئەو ئارامییەی ھەر دەوڵەتێک لەژێر ھەژموونی ئێراندا بووبێت تەفر و تونا بووە، تێناگەین ئەمانە ئەم «ماستاوە» بۆ کێ دەکەن خۆ قاسم خۆی نەماوە تا ئیشتان پێی بێت، یان ئێوەوانان بڕیارتان داوە لە ھەر کوێ نەیارێک ھەبوو خزمەتی بکەن!

لەبری خزمەتی نەیار؛

لەبری ئەوە کورد دەیان سەرکردە و سیمبولی وەک “بارزانی نەمرو قازی محمدو شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودو سمکۆی شکاکی ھەیە، دەی ساڵانە ھۆڵێکیش تەرخان کەن بۆ یادکردنەوەی ئەم سەرکردانە کە کاریگەری شۆڕشەکانیان تا ئێستاش دەرھاوێشتە و لێکەوتەکانی ماون، لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ژیانیانەوە ئەوان بکەن.

لەو ووڵاتەنانەی کەجەنگیان زۆرتێدابووە یاخود شۆڕشیان تێدا کراوە چینی ڕۆشنبیر و تێگەیشتووی کۆمەڵگەکە کار لەسەر ئەوە دەکەن چۆن گەنجەکانیان ئەو چینەی تازە پێدەگات، لەوە بگەیەنن کە لە ڕابردوودا چۆن ووڵاتەکەیان دژی داگیرکەر وەستاوەتەوە، بە نموونە لە (ڕووسیا) باسی جەنگی ستالینگراند و بەرگریی ڕووسەکان دەکرێت، لە کوبا و ئەرجەنتین باسی ئازایەتی گیڤارا دەکرێت تەنھا لە کوردستان نەبێت، لەبری باسی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی سمکۆ و شۆڕشی سمکۆ و ئازایەتی لەیلا قاسم و تێکۆشانی پێشمەرگە، بە باڵای ئەو کەسانەدا دەڵێن کە دژی بوونیەت و خاک و نەتەوەکەش بوون.

ڕەنگە ھەمووان ئەو دیمەنانەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ئێرانمان لەبەرچاو بێ، کە چۆن وێنەی قاسم سولەیمانی و ھەموو سەرکردانە دەسووتێنرا، لەنێو گەورەترین شارەکانی ئێران و تەنانەت لە زێدی لەدایکبوونی وێنەی خۆی بەگژ سیاسەتەکانی ئەودا چوونەتەوە بۆیە، گرنگە و پێویستە ئەم عەقڵیەتیە بگۆڕدرێت، دەبێت ھەمەلایەنە بەگژ ئەوانەدا بچینەوە کە شەو و رۆژیان کردووەتە سەر یەک بۆ دژایەتی ئەم خاک و وەتەنەو ھەر ڕۆژەو لە زەکاوێکدا ئاو لە جۆگەی جاشایەتیدا دەخۆنەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.