مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە


وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەن بکاتەوە و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت: “مانگی تشرینی دووەم، دەست بە نۆژەنکردنەوەکە دەکرێت”.
 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای سەردانی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە رێکەوتی 3-5-2021 و ئاراستەکردنی  نووسراوی ژمارە 158 لە 21-6-2021  بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، بریاردرا بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی (کاک ئەحمەدی شێخ). نەبەز ئیسماعیل گوتی: “ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1204) لە 04-10-2021  ئاگاداری وەزارەتی دارایی کردووەتەوە بۆ خەرجکردنی تێچووی نوژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دەست دەکات بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە”. سەبارەت بە تێچووی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکەش. نەبەز ئیسماعیل گوتی: “تێچووی نۆژەنکردنەوەکە 349 ملیۆن و 680 هەزار دینارە”. مزگەوتی گەورەی سلێمانی ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشاى بابانەوە دروستکراوە و بەناوبانگترین مزگەوتی سلێمانییە، یەکەم مامۆستاى ئەم مزگەوتە شێخ مارفى نۆدێ بووە، دواتر کاک ئەحمەدی شێخ سەید غەوس و شێخ محێدینی سەید غەوس گوتاربێژی بوو. یەکەم مزگەوت بووە لە سنوورەکە کە نوێژى هەینی تێدا کراوە و گۆڕى پاشاکانی بابانیش لەوێیە. یەکەم منارە لە سلێمانی لەم مزگەوتەدا لە ساڵى 1886  لەسەر بڕیارى سوڵتانی عوسمانی سوڵتان عەبدولحەمید دروستکراوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.