مـــــن کێــــــــــــــم
ئازاد نەسرەت
من لەوەتەی مرۆڤ هەیە هەڵەی مێژوویی دەستی زل هێزەکانم ، لەوەتی هەم پڕ لە ژانم . من لانەی زامەکانم ، هەرێمێکم سنوورەکانم مەکۆی ئازارن . من شێوی کارەساتەکانم ،هەموو مێژووەکان تا خوار ئەژنۆی ئازارێکانی نەتەوەکەم باڵاناکەن . من سەفەری کاروانە نەبڕاوەکەی خاچم ، ئێش و ئازارەکانی زەمەن چرۆی نەکرد ، من هەڵەبجەم لەم تولەڕێی نەبڕاوەیە ئەنفالم بەکۆڵەوەیە ، من وشەکانی حەزەرەتی نالیم و دواتیلەی بڵندی دێڕەکانی شیعرم لە وێرانەی گوندەکان لەساباتی دارە بەڕووەکانى کام برینیدا میوانیتان بکەم ، بۆپرسەی کام شەهیدی چیاکانی جەستەی خاکم بۆتان بچرم من لەزەماوەندی هەڵقرچان و دڵی داگیرکراوی کەرکوک و لە وەرزی قاتووقڕی شارەزوور و لەزایەڵەی تەنیایی پشتدەر و لە هێرشی
هۆلاکۆی هەوڵێر . بەتاقی سنگی قەیفەی ئازار پۆشی ئاکرێ وە ، بلوێرژەنی خەمەکانی سلێمانی و چەمەری چڕی بادینان و دیار بەکربووم .
من لە دەرسیم جامی کەسەرم نۆشی ولە پاییزە وەرزی تەمەن و جامانە سوورەکەی شێخ ئەحمەد و لەسێدارەدانی قازی و دیلکراوی شێخ مەحمود و هەواڵی کۆچی بارزانی نەمر و میر محەمەد وبەدرخان وشیێخ عەبەیدوڵاو و باڵا خوێناویەکەی قاسملۆدا وەرزەکانی ڕاپەڕینی خۆم دۆزییەوە وبۆ هەمیشە بووم بە کڵپەی ئازار و ناوم نرا کوردستان . بۆیە لە ڕۆحم هەڵچووە وچی کاروانچی باران و تەرزەیە لەسایەی بەڕازی قەدیاندا وچان دەدات . کۆچ کۆچ ،کۆچی شاخ ،کۆچی دەریا ،کۆچی بیابان ، کۆچی ئاسمان ، کۆچ کۆچ کۆچی سەفەری دابەزینی ئادەم ، تاوانی ڕسکانی گەنم وهاواری تارانی هەتا هەتایی ڕۆڵەکانم . من پریاسکەی گەرمیان و کوێستانم سومبولی مەرگەساتی بەکۆمەڵم لە هەناومدا هیچ شتێ چرۆناکات . ئای چ وەرزێکی شوومە چیا کوڕنووش بۆ کوێرە کانی دەبا و ژین لە باوەشی مەرگ هەڵدەخزێت .
شەو هەناسەی سوارە، ئازار ئاژینی جەستەیە ،ئەوکی مرۆڤ کزەی ژانیکی سەخت دەیسوتێنێ بۆنی ئاگری جەرگ لەپرچ وبسکی ئاڵاوە . هەوالێکە دێت و دەڕوا ،دەڵێ ئەم شەو شەوی مەراقە و گوند نشینانی من هاوەڵی بیابانن .
لە مێژە دەست دەخەمە باخەڵی دڵ ، چەندهاواری زەرد هەڵاتووی عیشقێکی ناکام و چوار گوڵاڵەی شەڵای برینێکی لەمێژینە دێن بە ڕووما . من لە سنوورحەسرەتا سوتاوم خۆم دەدنێم بە خۆمەوە و تادوا پێکی وجودی خۆم دەخۆمەوە . تاو نا تاوێ دەبمە باڕیزی هاوارێکی سەرگەردان و ڕووباری کوێرەوەری هەڵم دەگرێت.لە نێوەڕاستی ئەم ڕۆژەدا شمچۆکەیەک ڕۆشن دەکەم بۆ هەواری خۆر دەگەڕێم گێژ دەخۆم و خۆم بە هەڕۆی شاخا دەدەم هەردەگەڕێم تابلوێری قامکەکانم دەبنە هێلانەی کسپەیەک و ئازارێکی نەبڕاوە هەموو جەستەم دەکات زیخەڵانی بیرەوەری زنارێکی تەریک ماوی ئەودیوو چیا، لە ڕەهێڵەی گەرمای دەشت و کڕێوەی کویستاندا بۆ کوڕانی ئەم سەردەمە دەبمەوە بە شەوچرا .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.