من چی دەبینم و تۆ چی دەبینی


نووسینی: وەفا ئەحمەد

پشکا ، ئێکا :


ڕۆژگارێك پاشایەك دەسەڵاتی بەسەر وەڵاتێكدا هەبوو.پاشا هاوسەرێكی جوانی هەبوو و زۆری خۆش دەویست.ڕۆژێك هاوسەری پاشا خۆی ئامادە كرد و لە گەڵ خودامەكانی بەرەو گەرماو چوون،كاتێك سەرشووشتنی تەواو بوو، بینی كە وا ئەڵقەی زەماوەندییەكەی نەماوە.زۆر عاجز بوو و بەرپرسی خودامەكانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ئەنگوستیلەكەی بۆی بدۆزێتەوە و بە بەرپرسی پاسەوانانیشی گووت هەر لە دەرگای ژوورەوە تا چوونە ژوورەوەی گەرماو بگەڕێن، نەكە ئەنگوستیلەكە لەم بەینەدا لێی كەوتبێت.
ئەنگوستیلەكە نەدۆزرایەوە و ژنی پاشا چووە لای پاشا. پاشا كە گومانی لە خودامەكان و بەڕێوەبەری پاسەوانانی كردبوو كەوتە ناو هزر و بیرەكانی خۆی، هەر لەو كاتەوە بەرێوەبەری پاسەوانان ترسی لێ نیشتەوە و خۆی بە سەر بڕاوی هاتەوە پێش، بۆیە ڕووی لە پاشا كرد و گووتی:من فالچییەك دەناسم كە دەتوانێت بۆ دۆزینەوەی ئەنگوستیلەكە یارمەتیمان بدات، هەڵبەت ئەو لە ترسی سزادانی پاشا ئەم بیرۆكە و پێشنیازەكەی بە مێشكدا هات.
پاشا گووتی كێشەیەك نییە، بڕۆ فالچییەكە بێنە، سەرۆكی پاسەوانان بە دوای فالچیەكە ڕۆیشت و بە ڕێدا بڕە پارەیەكیشی بە فالچی دا و گووتی ئەگەر پاشا سەبارەت بە من لێی پرسی، هیچ مەڵێ و فالچیش قبوڵی كرد.
فالچی هاتە لای پاشا و بە پێش پاشاوە بە تۆپە شووشەییەكەیەوە دانیشت، پاشا گووتی كا بڕۆن سەرۆكی پاسەوانەكان بێنن و ئینجا ڕووی لە فالچییەكە كرد و گووتی هااا بڵێ لە تۆپە شووشەییەكەدا چ دەبینی؟!! فالچی سەیرێكی پاشای كرد و وێردێكی خوێند و تۆپەكەی سووڕاند و گووتی” جەنابی پاشا، ئاوی ڕوون و ڕەوان دەبینم، ئەم پیاوە دز نییە و لە خزمەتكردنی ئێوە ڕاست و دروستە.”

“من چی دەبینم و تۆ چی دەبینی”


دواتر پاشا یەك بە یەك خودامەكانی ناو سەرشوورەكەی هێنا و هەر جاریش بە فالچی دەیگووت:” هاااا چ دەبینی؟!!”
فالچی دەیزانی ئەگەر بڵێت وا خودامەكان و كەنیزەكان دزن و ئەنگوستیلە لایان نەدۆزرێتەوە تووش دەبێت، بۆیە كەتە ناو هزر و بیران كە دەبێت شتێك بڵێت تا مەشغولیان بكات و ئەویش نەكەوێتە داو و تووش نەبێت. هەر لەم هزر و خەیاڵانەدا بوو كە پاشا بە بێ حەوسەڵەیی هاواری كرد” هااااا فالچی؟؟!! گووتم چ دەبینی؟؟”
فالچی زۆر ترسا و ئالۆز بوو، لەناكاو چاوی بە خاولیەكەی لاچووەكەی تەنیشت پێی خودامەكە كەوت و بە لاقە سپی و لەرزانەكانیەوە هەر لە خۆوە گووتی:” پاشا موو دەبینم موو، كۆگایەكی موو دەبینم.كەنیزەك كە ئەمەی بیست بەشەرمدا هات و خاولییەكەی ڕێكخست،جەنابی وەزیر بیرێكی كردەوە و هاواری كرد”جەنابی پاشا دۆزیمەوە، هەر لە كۆنەوە لە سەرشوورە گشتیە گەورەكاندا لە ژێر تۆڕەكانی خوارەوەی سەرشۆر هەندی ڕێڕەوی ئاو هەبوو كە ئاوی پیس و كەف و مووی لەگەڵ خۆیدا بۆ چاڵ و بیرێكی گەورە دەبرد و لە شوینی دەرچوونی ئەم ڕێڕەوانە هەندێ پەنجەرەی تۆڕ هەبوو. ئەوان هەموو مەسیری ئەو رێڕەوانەیان بە وردی پشكنی و گەڕان و هیچیان نەدیتەوە بەڵام لەسەر پەنجەرە تۆڕیەكان كە كەف و موو كۆ ببووە لەناكاو وەزیر هاواری كرد و گووتی هاااااا دۆزیمەوە!!! ئەنگوستیلە بە ریی ئەم ڕێڕەوە بەرەو مەجرای دەرچوونی كەفاو ڕۆییە و لەوێ بەهۆی هەبوونی پەنجەرە تۆڕیەكانی مەجاری لە نێو مووەكان بزر ببووە.
پاشا زۆر خۆشحاڵ بوو و لەویش خۆشحاڵتر فالچییەكە بوو كە كۆمەڵێك دیاری گرانبەها لە كۆشك دەرچوو،بەڵام كەنیزەك كە مەترسییەكەی ئیتر ڕەوی بووە و چ نەمابوو تووش بێت،چووە لای وەزیر و سوپاسی كرد،چونكە كەنیزەك زانیبووی كە وا فالچی چی بینیوە و ئەو نەبوو كە ئەنگوستیلەكەی دۆزییەوە،بەڵكو ئەمە هزر و هۆش و ژیربوونی وەزیر بوو كە ئەوی لە مردن ڕزگار كرد بۆ ئەوەی لە بوختانی هەڵگرتنی ئەنگوستیلە ڕزگاری بێت.
جا هاوڕێیان پرسیارێكم هەیە،بەڕای ئێوە ڕاگەیاندن و سوشیال میدیا و كەناڵە تەلەفزیونیەكان و پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسەكانمان لە بینینی ڕۆڵی خۆیان لە كۆمەڵگای كوردیدا، ئەگەر بیانەوێت دەوری ئەم چیڕۆكە ببینن، دەوری كێ دەبینن؟؟؟؟
ئایا لە ئەدەای ئەركی سەرشانیان دەوری فالچی دەگێڕن یانیش دەوری وەزیر و یانیش كەنیزەیەكی بەستەزمان؟؟؟ دید و بۆچوونیان لە كام یەك لەم كەسایەتیلنە نزیكە؟؟؟؟تكایە یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجامەك و هەڵسەنگاندنێك لەسەر هاوكار و هاوپیشەكانم بكەم بۆ ئەوەی بزانم ئەوان تا چەند لە كار و چاڵاكیەكانیان و ڕۆڵ و دەوربینینیان، ڕۆڵێكی بێ لایەنانە و ڕاستگۆیی دەگێڕن و ئامانجیان كەمكردنەوە و ڕەواندنی دڵەڕاوكێ و دروستكردنی پەیوەندییەكی تەندروست و موكمە لەگەڵ بەرپرسەكان و خەڵك، یانیش ئەوەی كە دەنگی خەڵك بە بەرپرسەكان و دەنگی بەرپرسەكانیش بە خەڵك بگەیێنن. دەمەوێ بزانم تا چەند سەركەوتوو بوونە لە كار و چاڵاكیەكانیان؟؟ ئایا بەڕاستی ئەم چینەی كۆمەڵگا ڕۆڵ و دەوری خۆی بە تەواوی دەبینێت و بینیوە یان ئەوانیش بوونەتە بەشێك لە ئالۆزیەكان و قوڕبەسەریەكانی كۆمەڵگای كوردی كە نە خەڵك و نە بەرپرسەكان، هیچكامەیان لێیان ڕازی نین و ئەوانیش وەك فالچیەكەمان تەنیا بە چاوی سەرچاوەیەكی دەرامەت سەیری بەرپرسەكان و خەلك دەكەن؟؟؟؟ بۆم بنووسن ئێوە چۆن بیردەكەنەوە؟؟؟ ئایا ئێمە پیویستیمان بە وەزیر و ڕاگەیاندنكار هەیە، یانیش فالچی و جادووگەر و سیحربازمان گەرەكە، باشە ئایا لە بە فالچی بوونی ئەم چینەی كۆمەڵگا كێن ئەوانەی زەرەرمەندی سەرەكی ئەم گۆڕەپانەن؟

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.