زێ بادینان
بڕیارە پێنج بەنداو لەسەر رووباری خابوور لە زاخۆ دروست بكرێن، ئەندازیارێكی چاودێریش لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشكرای كرد، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆژەكە دەربڕیوە و لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە دروستكردنیان دەكرێت.
ئەندازیار هێژا محەمەد، كە چاودێری پڕۆژەكەیە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاند: ئامادەكاری بۆ دروستكردنی پێنج بەنداوی ئاو لەسەر رووباری خابوور دەكرێت و، لە ئێستاشدا دیزاینی بۆ دەكرێت كە دەكەونە ناو سەنتەری شاری زاخۆ”.
گوتیشی: دروستكردنی ئەو بەنداوانە لەسەر رووباری خابوور، بۆ گلدانەوەی ئاو و جوانكاری دەبێت، كە پێی دەڵێن (بەنداوی نقوم) تاوەكو سیمایەكی جوانیش بدات بە رووباری خابوور، بۆیە بە دروستكردنی ئەم پێنج بەنداوە، كەمبوونەوەی ئاو لە وەرزی هاویندا بە رووباری خابوورەوە دیار نابێت و روویەكی جوان دەداتە رووبارەكە و واش دەكات پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و هەلی كار زیاتر بێت.
سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی پرۆژەكەش، ناوبراو رایدهگهێنێت، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بڕیارە دەست بە دروستكردنی ئەم پێنج بەنداوە بكرێت، چونكە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە و تەنها رێكارە رۆتینییەكان ماون و لەگەڵ تەواوبوونیان دەستی پێدەكرێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.