مونا قاوەچی ، دەستکەفتێن باش بۆ خەلکێ کوردستانێ هاتیە پێش ئەو ژی زڤراندنا یاسا چاکسازیێ بوویە کۆ هاتیە پەسەند کرن
دوو ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کار و چالاکییەکان و بڕیارەکانی یاساکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق و بژێوی هاوڵاتیان و فەرمانبەران لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا سکرتێری پەرلەمانی کوردستانی عێراق ئاشکرای دەکات کۆی گشتی 2512 پرسیار ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدار و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و دەستەکە کراون و بەشێک لە وەزیرەکان وایانلێهاتووە لە هەفتەی ئەگەر دوو جار نەهاتبن یەک جار هاتوونەتە پەرلەمان.
لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا مونا قاوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەڵێت ” کۆی گشتی پڕۆژە و پێشنیازە یاساکان لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان 16 پڕۆژە یاسا هاتوونەتە پەرلەمانی کوردستان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسەندکراوە و بە کۆی گشتی پێشنیاز و یاسا و بڕیارەکان 44 بوون واتا کۆی گشتی ئێستا 15 یاسامان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و 32 بڕیار لە لایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراون. نزیکەی 450 پرسیار ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کراوە و لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە لایەن فڕاکسیۆنە جیاجیاکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن 100 پرسیار ئاراستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و شاندە یاوەرەکەی کراون، لە کۆی گشتی 2512 پرسیاری پەرلەمانتاران2166 وەڵام لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراونەتەوە، سەرەرای ئەوەش لەبەر ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و سیاسی وەکو پەرلەمان و حکومەت نەمانتوانیوە لەئاست چاوەڕوانی خەڵکدا بین و هەروەها بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرلەمان بۆ چەند مانگێک پەکخرا و سەرەدانی مەیدانی نەدەکرا بەڵام دەستکەوتی باش بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاوەتەوە ئەویش یاسای چاکسازیە کە پەسەند کراوە، لە یاسای چاکسازیشدا نەهێشتنی دوو موچەیی و بنبڕکردنی بندیوار و کەمکردنەوەی داهات و خەرجیەکان و بنەبڕکردنی گەندەڵیە بەڵام پێویستی بە هەنگاو هەنگاوە”.
سەبارەت بەوەی کە پەرلەمانی کوردستانی عێراق هیچ کاربەدەست و بەرپرسێک یان کەسێکی سزاداوە لەسەر گەندەڵی، لەوبارەیەوە سکرتێری پەرلەمان دەڵێت” یەکێک کە تومەتی گەندەڵی دەخاتەپاڵ کەسێک دەبێت بە داتا و بە زانیاری وردەوە بیخاتەڕوو تاکو ئێمەش وەکو پەرلەمانی کوردستان کە هەر کاتێک ئەم سکاڵایە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرابێت ئێمەش سکاڵاکە بۆ داواکاری گشتی دەنێرین لەوێ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و هەرکەیسێکیش بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە لەدەستی دادگابێت پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت لێکۆڵینەوە بکات”.
سەبارەت بەوەی کە زۆر جار خودی پەرلەمانتاران ڕەخنە و گلەیی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەبارەی ئەوەی کە پێویستە لە پەرلەمانەوە بڕیاری ئەوە بدرێت لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت بەڵام ئەوە ناکرێت، لەوبارەیەوە مونا قاوەچی ڕایگەیاند” پەرلەمانتاران ئاگادارن کە لێبڕینی مووچە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە تاکو ئێمە بتوانین بڕیاری کۆتایی لەسەر لێبڕینی مووچە بدەین چونکە بڕیارێکی تەشریعی نییە و ئەوەش بڕیارێکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوەیە واتا تەواوی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر داوە کۆی وەزیرە بەڕێزەکان هەموویان دەنگیان بەو بڕیارە داوە، سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتارانیش مافی ئەوەیان نییە بڕیاری لێبڕینی مووچە هەڵبوەشێننەوە تاوەکو بڕیارێکی تەشریعی نەبێت “.
لەمیانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا مونا قاوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانی عێراق لەبارەی کەمی ئاو و کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەڵێت” لەم خولەی ئێستای پەرلەمانی کوردستان زۆرترین لیژنەی تایبەتمەند سەرەدانی مەیدانی دەکەن هەریەکەو بەپێی پسپۆر و تایبەتمەندی خۆیەوە، چەندین ڕاپۆرتمان بۆ هاتووە و ئەم پڕۆژە یاسایانە بەشێکن لە چوارچێوەی کارو چاڵاکیەکانی لیژنەکان بۆیە دەتوانین بڵێین هەموو لیژنەکان کاروچاڵاکیەکانی خۆیان زۆر بە باشی وسەرکەوتووانە ئەنجامداوە و ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان خولێکی بەهێزە سەرەڕای ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانی سیاسی و دارایی زۆربەی قەیرانەکان ڕووبەڕووی پەرلەمانی کوردستانیش کراوە”.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.