لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 17 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن
نیشانە
وەزاتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگێکی مامۆستایانی وانەبێژ دا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی 2021ی مامۆستایانی وانەبێژ داوە. هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروردە بە (رووداو)ی گوت: “رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەکە تەواوبوون و تەنیا ئەوە ماوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکان بچن لە گەنجینەکان پارەکە وەربگرن”. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ماوەی 6 مانگە شایستەی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج نەکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن کە 15٪ی کۆی میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە پێکدەهێنن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، “سەبارەت بە سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان زیاتر لە 5 هەزار کەسە، بەپێی یاسا لە حاڵەتی دروستبوونی هەر بۆشاییەکی وەزیفی لە هەربەشێکی زانستی لە خوێندنی باڵا، سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پێشینە دەبن، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە لە زۆربەی بەشە زانستییەکان بۆشایی وەزیفی هەیە، کەچی تاوەکو ئێستا پلانێک بەدیناکرێت بۆ دامەزراندنی ئەوان. سەبارەت بە بەربژێرانی تواناسازی کە ژمارەیان زیاتر لە 800 کەسە، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی رایگەیاند، ئەو کەسانە “خوێندنیان لە دەرەوەی وڵات تەواوکردووە و ئێستا لە دامودەزگاکانی حکومەت خزمەت دەکەن، بڕیاری سەرۆکی حکومەت هەیە بۆ خەرجکردنی پارە بۆیان، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان خەرج نەکراوە.” لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 17 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، ئەوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە 300 هەزار دینار و ئەوانەشی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە 250 هەزار دینار وەردەگرن. ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی پەروەردە گوتی: “بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو مانگێک مووچەی مامۆستایانی وانەبێژیش دابەشدەکرێت”.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.