میسرییە کۆنەکان سپی پێست بوون ، یان ڕەش پێست؟

هەلکەفت محەمەد پشدەری


لەگەڵ دەرکەوتنی نهێنییەکانی شارستانییەتی میسری کۆن، زانایانی ئیجیپپتۆلۆجی (میسرۆلۆجی، یان میسرناسیی) لە ساڵانی ١٩٧٠وە لە ڕەچەڵەکی ئەو میسرییە کۆنانە دەپرسن. هێندێک دەڵێن لە بیابانەکانی ئافریقاوە هاتوون. ئەو بیروڕایە لە گۆرانییەکەی مایکل جاکسون بە ناوی (ئەوکاتەت بیر دێ) لە ساڵی ١٩٩١، بە ئاشکرا دیارە.
کۆنەپەرست و ڕەگەزپەرستەکان دەڵێن ڕەش پێست هیچ شارستانییەتێکیان نەبووە. بەڵام ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، چەند شارستانییەتێک لە مێژوودا هەیە ڕەش پێستەکان دایانمەزراندووە. لەوانە (شانشینانی وەکو کوش، پونت، کارتهەیج، ئاکسوم، مالی، سۆنگهای و زیمبابوێی مەزن). تەنانەت هەندێ بزوتنەوەی ڕاستڕەو، گروپی خوێنیان بەکارهێنا بۆئەوەی ڕەچەڵەکی توت عەنخئامون و برایەکانی بۆ باکوور بگەڕێننەوە. مەبەست لە ئەوروپاوە کۆچیان بۆ میسر کردبێ.
وڵاتان بەو دەسەڵات و هێزەی هەیانە، هەریەکەو لەلایەکەوە دەیەوێ شارستانییەتێک بخاتە ناو مێژووی خۆی. چەندان توێژینەوە و بڵاوکراوەیان دەبێ و لەسەر بنەمای لێکدانەوە و لێكچوون هەوڵ دەدەن خۆیان لەو شارستانییەتە کۆنانە نزیک بکەنەوە و خۆیان وەک نەوەیان نیشان بدەن. ئەوە بۆ عەرەبی عێراق لەگەڵ سۆمەرییەکان و بابلیەکان ڕاستە. بە هەمان شێوە بۆ فارس (لە هەندێ هەوڵ و بڵاوکراوەدا) ویستوویانە ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکان بۆ ڕۆژهەڵات بگێڕنەوە. هەرچی تورکیایە، ئەوەتا پاشماوەی گرێ مرازای تەمەن ١٢ هەزارساڵ بە خۆیەوە دەلکێنێ و ناوەکەی لە هەموو بڵاوکراوە جیهانییەکانیشدا هەر ناوە تورکییەکەیەتی (گۆبەکلی تەپە).
لەگەڵ پێشکەوتنی زانست، بە تایبەتیش بوارەکانی جینناسی و توێژینەوەکانی DNA زۆر لەو زانیارییە کۆنانەی پشت بە لێکدانەوەی هەڵەی زانیاری و خزمایەتیی دەبەستن، سەراوبن بوون. لەبەر گەرمیی کەشوهەوای میسر و هەبوونی ڕێژەی بەرزی شێ لەو شوێنانەی مۆمیای تێدا هەڵگیرابوو، DNAئەو کەسانە شی بووبوونەوە و قورس بوو بتوانرێ DNA دەربهێندرێ. بەڵام تیمێکی توێژەرانی بواری DNAتوانییان بەسەر کۆسپەکانی دەستکەوتنی DNA زاڵ بن و توانییان لە مۆمیاکانەوە، دەستیان بکەوێ. مۆمیایەکە هی تەرمی فیرعەونێکی سەردەمی ڕۆمانەکانە، واتا زۆر کۆن نییە. ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە دەریدەخات ڕەچەڵەکی میسرییە کۆنەکان بۆ ناوچەی لێڤانت (باشووری ئیسرائیل، فەلەستین، سوریا، لوبنان و ڕۆژئاوای عێراق) دەگەڕێتەوە.
هەر بەپێی ئەو توێژینەوەیە، میسرییەکانی ئێستە تەنیا ٨٪یان بۆ ئافریقا دەگەڕێتەوە. ٨٪ لە ناو جینی میسرییە کۆنەکاندا نییە، بەڵکو زۆر لەوە کەمترە. هاتنی جینی بیابانی ئافریقا بۆ میسر لە ماوەی ١٥٠٠ ساڵی دواییدا ڕوویداوە. ڕەنگە لەبەر بازرگانیکردن و بە کۆیلەکردنی خەڵکی ئافریقاوە بووبێ. لە ماوەی ١٢٥٠ ساڵدا ٦ تا ٧ ملیۆن کەسی ئافریقا بە کۆیلە براون. بەکارهێنانی ڕووباری نیل وەک ڕێڕەو بۆ کاروانەکانی بازرگانی، یاریدەدەری ئەو تێکەڵبوونە بووە.
لە ماوەی ١٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا، زۆرجار میسر کەوتووەتە بەر شاڵاوی سەربازیی و داگیرکراوە. لەوانە ئەسکەندەری مەکدۆنیا، یۆنانییەکان، ڕۆمانەکان، عەرەب و هیدیکە. لە توێژینەوەی تیمەکەدا سەرنجی ئەوە دراوە دانیشتووانی ناوچەی أبوصيرالملق، ٧٠ کیلۆمەتر لە باشووری قاهیرەیە، گۆڕانکاری گەورەیان لە جینەکانیاندا تۆمار نەکراوە. کەواتە تێکەڵبوونی جینەکانیان لەگەڵ ئەو داگیرکارانە، لاواز بووە. ئەو شوێنە لە ناوەڕاستی وڵاتدایە، دەکرێ دانیشتووانی باکوور هەمان ئەنجامیان نەبێ. أبوصيرالملق لە نێوان ٣٢٥٠ تا ٧٠ ساڵ بەر لە زایین ژیانی تێدا بووە، و شوێنێکی پیرۆزی خواوەندی مردووەکان بووە. هەر بۆیە بۆ چەند سەد ساڵێک شوێنی ناشتنی هەزاران بووە.
سەرەتا جینی مایتۆکۆندریای ٩٠ مۆمیا وەرگیرا، کۆنترینیان بۆ ساڵی ١٣٨٨ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەوکاتە میسری کۆن لە ترۆپکی هێز و درەوشانەوەیدا بووە. نوێترین نموونەیش بۆ ساڵی ٤٢٦ پێس زایین دەگەڕێتەوە، ئەوکاتە میسر لە ژێر ڕکێفی ڕۆمانەکاندا بووە. بەڵام تیمەکە لەو ٩٠ مۆمیایەدا، تەنیا ٣ زنجیرەی تەواویان پێ دەرهێندرا. زانایان نموونەی ددانەکان، ئێسقان و پێستیان وەرگرت، باشترین بەشی DNA لە ددان و ئێسقانەکانەوە دەرهێندرا. ئەو تەکنیکە نوێیە دەرگای زۆر بۆ توێژینەوەی نوێ و هاوشێوە واڵا دەکات.
ئینجا ئەو نموونانە لەگەڵ ١٠٠ کەس لە دانیشتووانی میسری ئێستە و ١٢٥ کەسی ئەسیوبیا بەراوردیان کردن. دەرکەوت میسرییە کۆنەکان لەگەڵ میسرییە نوێیەکان لەیەک دوورن، لەگەڵ ئەسیوبییەکانی ئێستەیش زۆر لەیەک دوورن، بەڵام لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەی لێڤانت، نزیکن. بڕوانە وێنە ٤ لە ڕاپۆرتی توێژینەوەکە. ئەنجامی کۆتایی توێژینەوەکە ئەوەیە ئەوانەی نموونەی DNAمایتۆکۆندریایان لێ وەرگیراوە خزمایەتیی و نزیکییان لەگەڵ دانیشتووانی بیابانەکانی ئافریقادا نییە.
سەرچاوە: https://www.nature.com/articles/ncomms15694
کەواتە میسرییە کۆنەکان لە ناوچەی لێڤانت ژیاون و بەرەو میسر کۆچیاب کردووە. نە سپی پێست بوون و نە ڕەش پێست.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.