مەسرور بارزانی پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە بەسەر ئاڵنگارییەکانداسەردەکەوێ و ئەستەم دەبوارێنێ
د.محمد خدر مولود
چوار ساڵ بەر لە ئەمرۆ، کاتێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی پێشکەش کرد، بە بڕواو متمانە بەخۆبوونەوە بڕگەکانی بەرنامەی کاری حکومەتی کوردستانی خوێندەوە ودڵنیایی ئەوەشی دەدا، کە بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکاندا زاڵ دەبێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتێکدا لەدایکبوو ، لێکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، شکستی هێرشبەرانیان لە پردێ و سحێلا، بەردەوامی و درێژە پێدان بە سیاسەتی بڕینی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە لایەن بەغداوە هەر جارێ بە ئاین و ئۆن و هەنجەتێکی بەغداییانەی دارێژراو پلان و ئەجندای هەمەجۆری دەرەکی و ناوخۆی دژە کورد ، و دژە هەولێری پایتەخت . ئەوە سەرباری سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا کۆڤید 19 و تەشەنەسەندی کەگرفت وئاستەنگێکی دیکەی ژیانی مرۆیی وئابوری هەرە ترسناک بوون .
ئەوانە و دواتر کۆسپ و لەمپەرو ئاستەنگی تری شاراوەی نادیاری هەڵتۆقیو بۆ ئان وساتی ئامادەکراو قورمیش کراو ، رێگر بوون لەبەردەم نەخشە و بەرنامەی چاکسازی و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریدا تا ئەو دروشمەی خودی سەرۆک وەزیران بەرنامەی کاری کابینەکەی لەو پێناوەدا دارشتبوو، ڕاشکاوانە نەخشەڕێگای گەیشتن بە (کوردستانێکی بەهێزتر) ی کردە میتۆد وبەرنامە و پاکیجی کار.
لەو ساوە تا ئەمڕۆ بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەر لە هەمووان دەیزانی و هەستی پێ دەکرد (نەخشەڕێگای گەیشتن بە کوردستانێکی بەهێزتر) گوڵڕێژ و راخراو نییە بە فەرشی سوور، بەڵکو دژواری و ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە، پلان و ئەجندا دژەکان، هاوتەریبی نەخشەڕێگایەکەی ئەون و تا بکرێ و بلوێ دەبن بە ئاستەنگ و لەمپەری هەمەجۆری بەردەمی .
وێرای ئەوە کەسان و لایەن هەبوون گرەویان لەسەر شکست و نشوشتی حکومەتەکەی و تەنانەت کەسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەکەش دەکرد.
ئەو هەموو گرفت و تەنگژەو قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ئیداریی و ئاسایشیی و میدیایی ئاراستەکراوەی لە و ماوەی تەمەنی ئەم کابینەی نۆیەمدا هاتووبوونەتە پێش و بەگڕکەوتبوون کەم نەین ، تا بۆیان لوا تۆوی رق و کینە و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و دووبەرەکی و نا ئارامی و تەنانەت ترس و تۆقاندنیش لە نێو ناخی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانی دا بڕوێنن.
بۆیە لە ماوەیەدا ئەجندای دژ و ئاراستەکراو چما نەیکەن ..؟ چ کرێتییەک هەبوو پەیڕەویان نەکردبێ ..؟ هەربۆهیچ نەبووبێ، تەنیا بۆ ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی کورد و حکومەتەکەی و ناشیرین و ناوزراندنی کابینەکە.
لە بەرامبەریشدا حیکمەت و وردبینی و ئایندەبینی و روانین و رامانی بەرپرسانەی سەرۆکی کابینەی نۆیەم، هەموو ئەگەر و پێشهات و خەیاڵ پڵاوی و گرەوەکانی خاوەن ئەجنداکانی گۆڕەوشار کردەوە.
مەسرو بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە، سەڵماندنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بوژاندنەوەی ئابووری، بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ئاینزا، بۆ دیموکراسیەت و رای بەرامبەر، بۆ تەبایی و مافەکانی ژیانی فرەیی و موزایکی کوردستانی ڕوون و ڕەوانە، پیاوە ئاوریشمییەكە خاوەن میتۆدۆ هەڵگری کەلتوری باوباپیران و رێبازی پارتی و بارزانییە، ڕاشکاو و راستگۆیە، بوێر و ئازا و زرنگە، پۆڵایینە بۆ گەندەڵی و قۆرغکاری و ناحەز و نەیاریش وەک ژمارەیەکی سەنگین سەیری دەکەن و هەژماری دەکەن . بەڕادەیێ، هەژاری شاعیر گوتەنی :
دوژمن لە زەبری دەتاسێ .. کێ هەیە بارزانی نەناسێ .
نهێنی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە هەر لەوەدا نییە وەک هەندێ لە چاودێران تەنیا وای دەبینن کە کوڕی گەورەی سەرۆک و رابەر و کاریزماو پێشمەرگەی کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی یە و هیچی ترنا ، بەڵکو گەر ئەو بۆچوونە هۆکارێکی بۆماوەیی و کەلتوری پێشینەی باوانیش بێ، بەڵام کەسایەتی و هەڵکەوتوویی ئەو و ئەزموونی کاری سیاسیی و دبلۆماسیی و چاوکراوەیی و ژیری و بوێری خودی مەسرور بارزانیش لە ئەرک و پۆستە ئیداری و سیاسیی و پاراستنی ئاسایشیی کوردستاندا لە سەردەمەسەختەکاندا، گەواهیدەری ئەو راستییەن.
هەروا ، گەواهی ئەو سەرکەوتن و ئەو سەرکردایەتییە حەکیم و ژیرانەشی بۆ دەدەن کە رابردوویەکی بەرپرسانەی مەزنی هەبووە لە ئاست بەرپرسیارەتیدا بۆ پاراستنی سەرفرازی و شکۆ و بەرز راگرتنی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلێکی ستەمدیدەی وەک گەلی کوردستاندا بۆ بەردەوامی و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی حوکمڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا .
هەولێر 16-1-2023
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.