مەسرور بارزانی چۆن توانی لە سلێمانی ئیرھابی فیکری تێک بشکێنێت.!؟

ھێمن شێخ زادە:

ئیرھابی فیکری کارکردنە لەسەر بیر و ھزری کۆمەڵگە لە دژی لایەنێک یان حکومەتەکەیان کە خۆیان تێیدا بەشدار و شەریکە بەشن لە شکست و دەسکەوتەکان، بەڵام بەبڵاوکردنەوەی ئەو چەواشەکاری و ھاندان و دەربڕینی بێ بنەما بە تێپەڕبوونی کات بەتایبەت نەوەی نوێ دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو کردارە نالۆژیکیانەی کە بەپێی پیلانی کە بۆیان دادەڕێژرێت، سلێمانی و زۆنی ھەمەڕەنگ بەگشتی ساڵانێکی زۆرە لەژێر ناوی جیا و کردەوەی جیا خەڵکەکەیان گیرۆدەی ئەو ئیرھابە فیکرییە کردوە و ڕاستییەکان وەک خۆیان نەدەبینی.

بەدیاریکراوی سەرانی یەکێتی لە کۆتایی سەدەی ڕابردوو پاڵپشت بەلایەنێکی دەرەکی، جۆرێک سیاسەتیان بەکارھێناوە تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت ھەر بەردەوامن لەسەر چەواشەکاری خۆڵ لەچاوکردنی گەلی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی کە چەندان قەڵەمفرۆش و حزبی نوێی عیلمانی و ئیسلامیان بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی ھەرێم و پارتی و بەدیاریکراوی خودی بنەماڵەی بارزانی دروستکردوە و فەشەلیان ھێنا و بەسەر بەرەی گەل سەرنەکەوتن، بەداخەوە بەشێکی سەرەکی لەخەڵکی ژێر دەسەڵاتیان کەوتنە بەر شاڵاوی ئەو ئیرھابییە فیکرییە، بەڵام کاک مەسرور بارزانی کش مەلیکی بەو ئیراھابە فیکرییەی کە سەرچاوەکەی لەتاران و بەغدایە کرد و ڕووی ڕەش و چەواشەکارییەکانیانی بۆ کۆمەڵگای کورد و کوردستان ئاشکرا کرد.

ئەو سیاسەتەی کە لەلایەن بەرپرسان و قەڵەمفرۆشانی سلێمانی پەیڕەو دەکرا و خۆیان لەپشتی خەڵکەوە حەشاردابوو بەتایبەت دژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەرەسی چەواشەکاری و دووڕووی پێھێنان، سەرەتای کابینەی نۆیەم گوێی بۆ ھەموو داواکارییەکانیان گرتوو بەپەرۆشەوە داواکارییەکانیانی جێبەجێ دەکرد کە گرنگترینیان شۆرکردنەوەی دەسەڵات بوو بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبژێویان لەو داھاتەی کە دەستیان دەکەوێت زۆر و کەم لەناوخۆیاندا بۆ پڕۆژە و مووچە و خەرجییەکان دابەشبکەن، سەرۆکی حکومەتیش ڕەزامەندی دا و کەوتە بواری جێبەجێکردن ھەر داھاتێکی تری وەک داھاتی نەوت و دەرەکی تریش لە ( ٤٣ ) لەسەدی داھاتەکە ڕاستەوخۆ بۆ سلێمانی دەچێت، لێرەدا ئەو ڕووەی ڕەشەی ساڵانێکە سەرانی یەکێتی بانگەشەی سپیبوونی بۆ دەکەن بەڕەشی دەرکەوت کە توانای بەڕێوەبردنی پارێزگایەکیان نییە نەک وڵات و ھەرێمێک ھەموو شتێکی ئەو زۆنەیان بەحزبی و سەربازی کرد، ھەر زوو ئیفلاس و دیارنەمان و نەمانی پارەیان لەبانکەکانیان ڕاگەیاند و بەساڵاچوو لەنۆرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینەکەی لەژێر پاڵەپەستۆوە گیانی لەدەستدەدا کێشە و گرفتی زۆر ڕووی لەو شارە کرد دەنگی شاعیر و ڕۆشنبیرانیان کپ کرد و داھاتی ناوخۆیی و فرۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان دیارنەما و کۆنەکرایەوە. سەردەمی ڕفاندن و ئازاردان و زیندانیکردن و کوشتن و کردەوەی تیرۆرستی و تیرۆرکردنیان ئەنجام دا و شاریان بەسەربازی کرد، ھەر ڕۆژە و بەھەرەشە و چاوسورکردنەوە لە سەرمایەدار و کەسانی خاوەنکار و پڕۆژە بەوەی بەشیانکەن لەگەڵیان، سەرمایەگوزاری و کارگە و کۆمپانیاکان وازھێنانی خۆیان وردە وردە ڕاگەیاند و بەشێکیان ئیفلاسیان کرد و بەشێکی تریشیان بۆ شارەکانی ھەرێم و عێراق گواستیانەوە، ئەوان بەوەشەوە نەوەستان دەستیان بۆ خاوەن چێشتخانە و نانەواخانە و دوکاندارەکانی جلو بەرگ و سەوزە و میوە فرۆشەکانی سەر عارەبانەش برد و داوای سەرانەیان لێدەکرد.
ئیتر سەردەمێکی نوێتر ھاتە ئاراوە کە سەردەمی (ھی خۆم بۆ خۆم و ھی تۆش دەخۆم ) داوای داھاتی شارەکانی تریشیان دەکرد و زیزبوونی جێگری سەرۆک وەزیران و ستافی وەزیرانی یەکێتی دەستی پێکرد و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ژێر دەسەڵاتیان کەوتنە ناو دەیان قەیران لەوانە قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزاری و ..ھتد، سەرەنجام بۆ خەلکی خێر لەخۆنەدیوی ئەو زۆنە ڕوونبوویەوە ئەو دارەی کە ساڵانێکە لەگەشە وەستاوە کرمی لەخۆی دایە.

سەرۆک وەزیران ھەموو شتێکی پێدان و دواکارییەکانیانی بۆ جێبەجێکردن کە خودی داواکاری خۆیان بوو بە حزبە ئیسلامی و عیلمانییەکان بەناو ڕۆشنبیر و قەڵەم فرۆشەکان و ئازادی خواز و شاچییەکان، بۆ کۆمەڵگای کوردی و کوردستانیان ڕوون و ئاشکرابوو ئیتر بەبێ پارتی و بنەماڵەی بارزان توانای بەڕێوەبردنی یەک شار و پارێزگایان پێناکرێت، چونکە ئەوان بەرژەوەندی حیزبی و دەرەکی لەسەرووی گەل و وڵاتەوەیە بەو شێوازە کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کش مەلیکی بەو ئیرھابە سیاسیەی سلێمانی کرد کە ساڵانێک بوو دژی حکومەت و پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانیان بەرپا کردبوو، ئیتر ئەمەش کۆتایی پێھات بەدەم قاوە خوادنەوە، حزب دروست بکەن و خەلکی پێ چەواشە بکەن و دەنگی پێ کۆبکەنەوە گیرفانیان پێ پڕ بکەن، ھا ئەمەیە سیاسەتی دروست کە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە بانێکی و دوو ھەوا دەچێت، پارتی پڕۆژە و کاری جوان بەکردارەکانی دەیسەلمێنێت و، یەکێتی بەدزی و تیرۆر و ڕفاندن و ھەرەشە دەیسەڵمێنێت ئەمەیە جیاوازی حزبێک لەناخی گەل پێکھاتبێت و حزبێک بۆ ئەجێندای تایبەتی دەرەکی دروستکرابێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.