نزیک پردی گۆپاڵ گەنجێک لەنێو باخێک دەکوژرێت

لە رێگەی نێوان هەولێر – دهۆک لە نزیک پردی گۆپاڵ گەنجێک لەنێو باخێک دەکوژرێت. کەسوکارەکەی بۆ رووداو دەڵێن، نازانن بۆچی و کێ کوشتوویەتی، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.  رووداوەکە کاژێر 08:00 بۆ 09:00ی شەوی رابردوو 20-09-2021 روویداوە. ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (فەرسەت غایب)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1987ـە، دانیشتووی گوندی باوەخەلانی شارۆچکەی دارەشەکرانی پارێزگای هەولێر بوو.  رەشید مامل سەلیم، ریشسپی گوندی باوەخەلان و کەسوکاری گەنجە کوژراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “فەرسەت کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبوو. دوێنێ هەواڵمان پێگەیشت کە لەنێو باخێک لەڕێگەی نێوان هەولێر – دهۆک و نزیک پردی گۆپاڵ بە گوللەیەک کوژراوە.” فەرسەت خێزاندارە و چوار منداڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە، جگەلەوەی لەنێو کەمپی دارە شەکران کارمەندی ئاسایش بووە، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیشی کردووە.  ریشسپی گوندی باوەخەلان و کەسوکاری فەرسەت سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە دەڵێت، نازانن لەسەرچی و بۆچی کوژراوە “بەڵام دەگوترێت کە نزیکەی 25 هەزار دۆلاری لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی دابووە و لەسەر ئەو پارەیە کوژراوە [تەنیا دەنگۆیە و تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە].” کوڕە پوورێکی فەرسەت: گومانی زۆرمان هەیە لەسەر پارە کوژرا بێت ئەحمەد باخر، کوڕی پووری کوژراوەکەیە و باسی دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیی و قسەکانی فەرسەت دەکات کە لەگەڵ کەسوکارەکەی کردوویەتی و دەڵێت “فەرسەت لەدوای نوێژی عەسر [رۆژی دووشەممە 20-09-2021] پەیوەندی بە هاوڕێیەکی کردووە کە بڕی دوو دەفتەر و 45 وەرەقە (24 هەزار و 500 دۆلار) ی فەرسەتی لابووە و لەنزیک کەمپی دارەشەکران لێوەرگرتووە. دواتر پەیوەندی لەگەڵ ماڵەوە کردووە و گوتوویەتی لەگەڵ سێ هاوڕێی دەچێت بۆ ئاکرێ و دەگەڕێتەوە.” ئەو کوڕە پوورەی دەڵێت، ئەوە دوایین قسەی فەرسەت بووە و دوای ئەوە دەنگی نەماوە. دەشڵێت “ئێمە گومانی تەواومان هەیە کە فرسەت لەسەر ئەو پارەیە کوژراوە. بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانین پارەکەی بردراوە یان نا. چونکە بەڵگە و زانیاریی زیاتر لای پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانە و ئەوان لە وردەکاریی رووداوەکە ئاگادارن.” رووداو پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. 

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.