نوێترین دەقی مادەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی عێراق

ئابوورى – زێ بادینان :

رووداو دوایین دەقی مادەی ١٣ و ١٤ـی رەشنووسی بودجەی عێراق بڵاودەکاتەوە لەگەڵ ئەو پێشنیازانەی لیژنەی دارایی کردوویەتی و بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت “تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بەڵام تاڕادەیەک رێککەوتن لەسەر رەشنووسەکە ھەیە، ئەمڕۆ مادەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان پەسند دەکرێن، بەڵام ھێشتا دەتواندرێت ھەمواربکرێنەوە.”

بەپێی دوایین رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق کە ئێستا لەبەردم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک گۆڕانکاریی بەسەر مادەکانی ١٣ و ١٤ـی رەشنووسەکە تایبەت بە ھەرێمی کوردستان و پشکەکەیدا ھاتووە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی ھەینی، ٩-٦-٢٠٢٣، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “ھێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی مادەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان نەکراوە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لە لیژنەکە تاوتوێ بکرێت و دواتر دەنگی بۆ بدرێت.”

ئەمەی خوارەوە دەقی مادەکانی ١٣ و ١٤ و دەقی پێشنیازەکانی لیژنەی داراییە:

مادەی ١٣:

یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠٢٢ دوای وردبینیی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە، بە پشت بەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە ھەر ساڵێکی داراییدا ھاتووە.

دووەم: ‌-ڕ- حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ھەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانییەوە و بە تێکڕای لانیکەم ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەپێی داتاکانی مانگانە کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشکێشدەکرێت و لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیەوە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان پەسندکرابێت و داھاتەکانی کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.

پێشنیازی لیژنەی دارایی:

یەکەم: دەستکاری نەکراوە

دووەم: ‌-ڕ-

حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی نەوتی خاوی بەرھەمھاتوو لە کێڵگەکانی بەتێکڕای رۆژانەی لانیکەمی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ ھەناردەکردنی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، یان بەکارھێنانی لەنێوخۆدا لەلایەن پاڵاوتگەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، یان ئەو پاڵاوتگانەی وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ کردوون، بەو پێیە داھاتەکانی کۆتایی بگەڕێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵی و مانگانە داتاکان و ئەو بڕە نەوتەی ھەناردەدەکرێت یان لەنێوخۆدا بەکاردەھێنرێت لە نەوتی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان و نرخی نەوتی خاو بۆ فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بنێردرێت بەمەبەستی تۆمارکردنی لە تۆمارەکان و پاش وردبینیی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان.

  • ب: حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داھاتە نانەوتییەکان بۆ گەنجینەی گشتی و بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، بەو پێیەی دیوانی چاودێری ناوەندی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان وردبینی داتاکانی پەیوەست بەو داھاتانە بکەن.
  • ج: وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەنددەبێت مانگانە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بدات، بەو پێیەی ھاوئاھەنگی لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت، لە رێگەی ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان مانگانە ژمێری کۆتایی بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بنێرێت بۆ ئەوەی بخرێتە نێو ژمێری مانگانەی کۆی گەنجینەی دەوڵەت، یەکلاییکردنەوەی ژمێریاریی تایبەت بە ماف و پابەندبوونەکانی ھەردوولا نەوتی و نانەوتی بکرێت لەدوای وردبینیی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری لە ھەرێمی کوردستان ھەموو سێ مانگ جارێک لەپێنا ئاسانکاریی پێدان و یەکلایی کردنەوەی شایستەکان.

پێشنیازی لیژنەی دارایی:

بڕگەی (ب) دەستکاری نەکراوە

-ج: وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند دەبێت مانگانە شایستە داراییەکان بە ھەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بدات و بەپێی خشتەکانی ھاوپێچ لە بودجە، لەدوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھەردوو بڕگەی (ڕ و ب) جێبەجێ دەکات. ھاوئاھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بۆ ئەوەی بخرێتە نێو کۆی ژمێرەی کۆتایی مانگانەی دەوڵەت، بەو پێیەی یەکلاییکردنەوەی ژمێریاریی تایبەت بە ماف و پابەندبوونەکانی ھەردوولا نەوتی و نا نەوتی بکرێت لە دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە لە دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان لەسەر بنچینەی وەرزی بۆ ئەوەی ئاسانکاری پارەدان و یەکلاییکردنەوەی ئەو شایستانە بکات.

-د: ئەوەی لەلای حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رەسیدی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لەلای بانکە حکومی و تایبەتەکان یەکلایی دەکرێتەوە و وەزارەتی دارایی ھەڵدەستێت بەخشتەدانان بەپێی قیستی مانگانە لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و لە ساڵی دارایی ٢٠٢٣ەوە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەستپێدەکات.

پێشنیازی لیژنەی دارایی:

  • د: ئەو پارانەی لەلای حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رەسیدی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی(TBI) لەلای بانکەکانی حکومەت و تایبەت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ھەڵدەستێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانە و لە پشکی ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ەوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبڕدرێت.

مادەی ١٤:

یەکەم: کۆی داھاتەکانی نەوتی بەرھەمھێنراو لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانەوە لە یەک ھەژماری بانکی دادەنرێت و سەرجەم ئەو داھاتانەی لە ھەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرھەمەکانییەوە دەستدەکەوێت بەبێ لێبڕین بۆ ھەر مەبەستێک بێت تێیدا دادەنرێت و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان یان ھەر کەسێک کە رێگەپێدراو بێت دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و ئەو ھەژمارە لەژێر چاودێری حکومەتی ناوەندی دەبێت و سەرجەم ھەژمارەکانی دیکەی ھاوتای ئەوە دادەخرێت.

پێشنیازی لیژنەی دارایی:

یەکەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی ھەڵدەستێت بە دانانی داھاتەکانی نەوتی بەرھەمھاتوو لە کێڵگەکانی نەوتیی ھەرێمی کوردستان لە ھەژمارێکی بانکی لەلای بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە و سەرجەم داھاتەکانی ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرھەمەکانی بەبێ لێبڕین بۆ ھەر مەبەستێک بێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵی دەسەڵاتی خەرجکردن بداتە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان یان ھەرکەسێک لەلای ئەوەوە رێگەپێدراوبێت. ئەو ھەژمارە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی و لیژنەی پسپۆڕانی دیوانی چاودێری دارایی و حکومەتی ناوەندی وردبینی دەکرێت و سەرجەم ھەژمارەکانی دیکە دادەخرێن.

دووەم: دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان و بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وردبینی لەو ھەژمارە دەکەن لە بڕگەی یەکەمی ئەم مادەیە باسکراوە. ھەروەھا چاودێری دەکەن لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕ بەدەر لە رێنمای و رێکارەکانی گرێبەستکردن، مافی ئەوەشی دەبێت وردەکاریی ئەو گرێبەستکردن و بارکردن و ناکۆکییانەش بزانێت و ببینیت کە پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە، لەگەل تەواوی شایستەی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ دەرھێنان و گواستنەوە و ھەناردەکردن، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان مانگانە تەرازووی ژمیرە بدات بە دیوانی چاودێریی فیدراڵی بۆ ئەوەی بەھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان وردبینی لێ بکات و بینرێت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی/فەرمانگەی ژمێریاریی بەمەبەستی پشتپێبەستنی لەچوارچێوەی ھەژمارەکانی دەوڵەت.

پێشنیازی لیژنەکە:

دووەم: دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وردبینی لەو ھەژمارە بانکییە دەکەن لە بڕگەی یەکەمی ئەم مادەیە باسکراوە و چاودێری دەکەن، لەکاتێکدا ئەگەر ئەوە نەکرا، لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی پسپۆڕ گرێبەست دەکرێت بەدەرلە رێنمایی و رێکارەکانی گرێبەستکردن. کۆمپانیاکە مافی ئەوەشی دەبێت وردەکاریی ئەو گرێبەست و بارکردن و ناکۆکییانەش بزانێت و ببینێت کە پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە، لەگەڵ تەواوی شایستەی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ دەرھێنان و گواستنەوە و ھەناردەکردنی نەوت، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان مانگانە تەرازووی ژمێرە بدات بە دیوانی چاودێریی فیدراڵی بۆ ئەوەی بەھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان وردبینی لێ بکات و بینێرێت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی/فەرمانگەی ژمێریاریی بەمەبەستی پشتپێبەستنی لەچوارچێوەی ھەژمارەکانی دەوڵەت.

سێیەم: وردبینی لە ھەژماری بانکیی ئاماژەپێکراو لە بڕگەی یەکەمی ئەم مادەیە دەکرێت بەسەرجەم ئەو پارانەی دەچنە نێوی و لێی دەردەچن لەلایەن کۆمپانیایەکی وردبینی وەکو لەوەی لە بڕگەی دووەمدا باسکراوە، راپۆرتی خولی دەدات بە دیوانی چاودێریی دارایی و دیوانی چاودێریی فیدراڵی و دیوانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان.

چوارەم: داتا داراییەکانی ساڵانە و نیو ساڵی بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان و چاودێری ھەژمارەکان”کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە” رادەست دەکرێت و کۆپییەکی پشتپێبەستراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

پێنجەم: لیژنەیەکی ھاوبەش لە ھەردوولا پێکدەھێنرێت و ئەرکی پێداچوونەوەی گشتگیر دەبێت بۆ ماوەی رابردوو لەھەر بابەتێک پەیوەندیدار بێت بە نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون بە تێڕوانینێک لەگەڵ دەستوور یەکانگیر و قبوڵکراوبێت لەھەردوولاوە و بتوانرێت جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی قۆناخی رابردوو یەکلایی بکرێتەوە.

پێشنیازی لیژنەی دارایی:

پێنجەم: لیژنەیەکی ھاوبەش لەھەردوولا پێکدەھێنرێت و ئەرکی پێداچوونەوەی گشتگیر دەبێت بۆ ماوەی رابردوو لەھەر بابەتێک پەیوەندیدار بێت بە نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون بە تێڕوانینێک لەگەڵ دەستوور یەکانگیر بۆ ئەوەی قۆناخی رابردوو یەکلایی بکرێتەوە.

شەشەم: ئەوەی لە حوکمەکانی بڕگەکانی”یەکەم، دووم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم”ـی ئەم مادەیەدا ھاتووە لە رۆژی دەرچوونی ئەم یاسایەوە و تاوەکو پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز جێبەجێ دەکرێت.

حەوتەم: لە کاتی بوونی ناکۆکی لە بۆچوونەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە ماف و پابەندبوونەکان و میکانیزمەکانی ئاماژەبۆکراو لە حوکمەکانی ئەم مادەیە، لێژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ تەماشاکردنی ئەو کێشە ھەڵپەسێردراونە و لەماوەی ٣٠ رۆژدا لە رۆژی پێکھێنانییەوە راسپاردەکانی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات.

پێشنیازی لیژنەی دارایی:

حەوتەم: پابەندکردنی ھەرێمی کوردستان بە پێدانی لیستی میلاکاتی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان “مەدەنی و سەربازی” دابەشکراو بەپێی پلە و ناونیشانی کار بەپێی ژمارە دیارکراوەکان لە خشتەی ھێزی کار کە لەم یاسایەدا ھەیە لەماوەیەک لە ٣٠-٩-٢٠٢٣ تێنەپەڕێنێت، ئەو لیستە دەدرێت بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەھاوئاھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان.

پێشنیازی لیژنەی دارایی (زیادکردنی بڕگەی دیکە):

ھەشتەم: لەکاتی بوونی ناکۆکی لە بۆچوونەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ماف و پابەندبوونەکانەوە، یان لەکاتی پابەندنەبوون بەوەی لە مادەی ١٣دا (بڕگەی یەکەم و دووەم)ـی مادەی ١٤ (بڕگەکانی یەکەم، دووم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەم)، بەو پێیەی مۆڵەتی ١٥ رۆژ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە، دوای ئەوەی رەوانەکردنی شایستە داراییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان رابگیرێت و کار بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دەکرێت.

نۆیەم: حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەنددەبێت بە پێدانی لە پێشترێتی بە خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و خانەنشینان لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرەکانی پشتپێبەستراو لەم یاسایە بە دادپەروەری و بێ جیاکاری و بەپێچەوانەی ئەوەوە حکومەتی فیدراڵی ھەڵدەستێت بە لێبڕینی پشکی پارێزگا ناڕازییەکە بەپێی ئەم یاسایە و راستەوخۆ رادەستی پارێزگا ناڕازییەکە دەکرێت.

دەیەم: حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەنددەبن بە دەرھێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئێستای کەرکووک و نەینەوا لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە.

یازدەیەم: حکومەتی ناوەندی بەھاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان لە ھەرێمی کوردستان.

دوازدەیەم: لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بڕێکی دیکە لە شایستەکانی بە رێژەیەک لە ١٠٪ کەمتر نەبێت لە مووچەی ھەر فەرمانبەرێک جگە لە مووچەی تەواوی خۆی، بداتەوە، لە قەربووی ئەو پاشەوکەتی ناچارییەی کە ساڵانی رابردوو بڕاوە و بەردەوام دەبێت لە دانی ئەو رێژەیە تاوەکو سەرجەم لێبڕینەکانی پێویست دەداتەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.