نێچــــــــیرڤان بــــــــــارزانی ، نێوەنگیری لە نێوان ئیمارات و تورکیادا دەکات

نێچــــــــیرڤان بــــــــــارزانی
نێوەنگیری لە نێوان ئیمارات و تورکیادا دەکات

میدیایەکی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو نێوەندگیر لە نێوان ئیمارات و تورکیادا رۆڵی گێڕاوە بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە لە یەکدی نزیکبکاتەوە.

پێگەی ئەلمۆنیتەر کە بنکەی سەرەکیی لە واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکایە و کار لەسەر هەواڵە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەدات، نێچیرڤان بارزانی بەم دواییانە کارئاسانیی بۆ پەیوەندیێکی تەلەفۆنی لە نێوان محەممەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شەخسی خۆی کاری بۆ هێنانەدیی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کردووە کە دوای ماوەیەکی زۆر، بە یەکەمین هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیمارات و تورکیا دادەنرێت.

نووسینگەی سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، پەیوەندییەکانی “نێوان هەر دوو وڵات و پرسە هەرێمییەکان” لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێ کراون.

هاوکات، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکایەتیی ئیمارات، لە تویتێکدا نووسیویەتی، “پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید زۆر ئەرێنی و هاوڕێیانە بووە.”

هەروەها ئاژانسی فەرمیی ئیمارات رایگەیاند کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات قسەیان لەبارەی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە، “بە رێگەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان و خەڵکەکەیاندا بێت.”

سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ئەلمۆنیتەری گوتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات کەمبکاتەوە.
مۆنیتەر لەبارەی هەوڵەکەی نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی، “هەوڵەکە بە روونی رۆڵی [نێچیرڤان] بارزانی لەسەر سەکۆی دیپلۆماسیی ناوچەکە بەهێزدەکات و هاوکاریی کوردانی عێراقیش دەکات کە لەو دوو لایەنە هەرێمە گرنگییە زیاتر نزیکبنەوە.”
مۆنیتەر ئاماژە بەوەش دەکات، “[نێچیرڤان] بارزانی پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ هەردوو سەرکردەدا هەیە، بەڵام بەوە دەناسرێت کە پەیوەندیێکی هاوڕێیانەی تایبەتی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەیە. ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ تورکیادا لە رێگەی رێککەوتنێکی نەوتیی گەورە لە ساڵی 2010 بە‌هێزکران کە رێگەی بە كوردستانی عێراق دا نەوتی خۆی لە رێگەی تورکیا و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هەناردەی بازاڕە رۆژئاواییەکان بکات.”

12ی حوزەیرانی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن محەممەد بن زاید، سەردانی ئەبوزەبی کرد و بە ئاڵای کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەی بەتین پێشوازی لێکرا. لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ جێنشینی ئەبو زەبی پته‌وترکردنی په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئيمارات و چۆنێتيى فراوانكردنى بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاريكاريى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئيمارات تاوتوێ کرا.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.